ناو: سەردار
ناوی باوک: ئەحمەد عەبدوڵڵا
نازناو: سەردار باب سەرداری
سەردار باب سەرداری
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (سەردار ئەحمەد عەبدوڵڵا) یە، ساڵی 1945 لە بەفری قەندی شاری #کۆیە# لەدایک بووە، ساڵی 1957 لەلایەن مامۆستا باکووری هەڵدەبژێردرێت و دەبێت بە یەکێک لە ژەنیارەکانی خوێندنگەی کۆیەی کوڕان، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی باواجی کۆیە، ساڵی 1958 وەک ژەنیاری موزیکی تیپی باواجی هاتۆتە سەر تەختەی شانۆ، ساڵی 1962چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بۆ تەواوکردنی خوێندن، لە 1968/1/21 لە چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر دامەزراوە، لە ژیانیدا دوو ئاوازی داناوە یەکەم بەناوی چنارۆک لە ساڵی 1971 لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر بۆ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن تۆمار کرا، دووەم پارچە مۆسیقایەک بەناوی سۆزان لەگەڵ #تیپی مۆسیقای باواجی# کۆیە لە ساڵی 1972 بۆ تەلەڤزیۆنی کەرکووک لەگەڵ چەندین بەرهەمی تر تۆمارکرا، ساڵی 1974 لە شۆڕشی ئەیلول پێشەکی سروودی (شاخی ڕەنگا و ڕەنگی گۆیژە) ی ئامادە کردووە، ساڵی 1975 لەگەڵ تیپی مۆسیقای شۆڕش بەشداری لە گەشتێک کرد کە ئاهەنگی گۆرانی مۆسیقا بوو بۆ ئاوارەکانی کەمپی کوردەکانی ئێران، ساڵی 1978- 1979 لە خولی فێر کردنی مۆسیقا لە کۆیە وەک وانەبێژ وانەی گوتۆتەوە، لەگەڵ کردنەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کۆیە وەک مامۆستا وانەی گوتۆتەوە، بەداخەوە لە ڕۆژی یەکشەممە 2019-3-17 بەهۆی نەخۆشی لە کۆیە کۆچی دوایی کردووە، بۆ ڕۆژی دواتر لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شاری کۆیە لە گۆڕستانی کەکۆن نێژراوە.[1]