ناوی #سۆران# لە دەوڵەتی میرنشینی سۆرانەوە هاتووە، کە لە ساڵەکانی 1830 میر محەمەد وەک دەوڵەتی کوردی حوکمی کردووە و پایتەختەکەشی لە #ڕواندز# بووە، ناوچەکە لە ڕووی مێژوویەوە ئەهمیەتی تایبەتیی خۆی هەیە و ئەو نەتەوە پەرستییە ئێستاش بە دانیشتووانی ناوچەکەوە دیارە.
درووستبوونی شارۆچکەی سۆران وەک یەکەی کارگێڕی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1980 و دوای ڕاگواستنی گوندەکانی دەوروبەر لەلایەن ڕژێمی بەعس ناوچەکە ئاوەدان کرایەوە، ڕژێم بە مەبەستی مۆڵگەی سەربازی دژی کوردی بەکارهێنابوو، کە ئێستاش پاشماوەی سەربازی لێ دەدۆزرێتەوە، ماوەی 10 ساڵی ئەو شارۆچکەیە تا دوای ڕاپەڕین تێپەری نەدەکرد لە (5000) کەس، بەڵام لەو 19 ساڵەی ئاوەدانی هەرێم و ئازادی ڕاپەڕینی 1991 ئێستا گەیشتۆتە 125هەزار کەسە، کە دەوڵەتی کوردی لەسەر ئەو مۆڵگە سەربازیەو پاشماوە تەقەمەنییە ژیانی لێ درووستکرد و بایەخی بە ڕووەک دا لە شوێنی تەقینەوەکان.
پێکهاتەی شارۆچکەی سۆران فرە کلتوورەو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی و ئاوهەواو شوێنی ستراتیژی بازرگانی خەڵک ڕووی تێ دەکەن و بە مەبەستی حەوانەوە لێی نیشتەجێ دەبن، هەر بەم هۆیەشەوە بەردەوام لە فراوان بوون دایە. لەو شارۆچکەیەدا هەردوو ئایینی ئیسلام و کریستیانەتی لێیە، وەک برا بەشدارن لە پێشوەچوونی شارۆچکەی سۆران و وڵاتدا، لە بەشی ئیسلامەکاندا مزگەوتی زۆر هەن و لەناو مەسیحەکانیش کڵێسایەکی گەورەی لێیە.
شوێنی جوگرافی سۆران مەڵبەندی شارۆچکە لە پانتاییەکی ڕووتەختی و بانەکاندا پێهاتووە، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی #هەولێر#ی پایتەخت و تەنیا 120 کلیۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە، هەروەها دەکەوێتە نێوان کێوە بەرزەکانی کۆڕەک لەرۆژهەڵات و گۆرەزو حەسەن بەگ لە باکوور و برادۆست لە ڕۆژاواو لە باشووریش کێوی هەندرێنە، ڕێگای گشتی هاملتۆن لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران کە لە ساڵانی 1928تا 1930 لەلایەن ئەندازیار هاملتۆن درێژکراوەیە و شارۆچکەی سۆران لەت دەکات، شارۆچکەی سۆران ئاووهەوایەکی شێدار و زستانان دابارانی باران و هاوینان گەرمی شێداری هەیە، واتە هەرچوار وەرزی ساڵ دەبینێت، ئاستی بارینی بەفر لەو ناوچەیە لە زستانان مامناوەندیەو وەرزی بەهاریش باراناویەو سرووشتیش سەوزە. ڕووبەری شارۆچکەی سۆران دوو ڕوباری گەورەی پێدا ڕەت دەبێت و دەڕژێنە زێی بچوک، ڕووباری شێخی کە لە وڵاتی ئێران و کوێستانەکانی بالەکایەتی لە شارۆچکەی #چۆمان# هەڵدەقولێن و بە سنووری شارۆچکەی سۆراندا تێدەپەرێ و دەرژێتە زێی بچوک، هەروەها ڕووباری برادۆست کە لە کوێستانەکانی برادۆست و خاکی تورکیا هەڵدەقولێ، ئەویش بەهەمان شێوە لە سنووری شارەدێی #سیدەکان# و دیانان دەچێتەوە زێی بچوک، هەردوو ڕووبار لە دواڕۆژ کەڵک بەخش دەبن بۆ بەنداوی بێخمە. ڕووبەری گشتی شارۆچکەی سۆران 809616 دۆنمە، کە 737544 دۆنم بە کەلکی داچاندن و کشتوکاڵی دێت، ئەوەی تریش نیشتەجێی و شاخاویە. ئەو بەروبوومە خۆرسکیانەی لە ناوچەکە دەروێن و سوودبەخشن (قەزوان، بەڕو، بڵالوک، کرۆسک، گێوژ، ڕێواس، کوارگ) هەروەها دار مازی بەرەکەی وەک بەروبوومەو چڵوەکەشی کە بە گەلایەکی دەگوترێت بۆ ئاژەڵ سوودی لێ دەبینن، بەڵام ئەو ڕووەکەی کە زۆر بە شێوەی کشتوکاڵی بەرهەم دێت، بریتییە لە (دانەوێڵە بەتێکڕایی و دارگوێزو سپیندار و سێو هەرمێ و هەلوچەو هەنارو هەنجیرو ترێ و چەندین سەوزەی تریش) . ئەو ئاژەڵانەی کە کێوین و لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەن (گورگ و ورچ و کەمتیارو کوڕەبەشەو سیخورو سمۆرەو مارو پشیلەی کێوی و سەگاوی ئاوی و ماسی و بزنی کێوی و بەراز) ی لێیە، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی بەخێو دەکرێن بریتین لە (مانگاو بزن و مەڕو سەگ و کەرو ئەسپ و ئێسترو پەلەور) بەگشتی لێیە.
گەشت گوزاری شارۆچکەی سۆران بەناوبانگە بە هەوارگەکانی (جوندیان و بێخاڵ) و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ کەلەسەر دراوی ئێراقی فیدراڵیشدا کێشراوە بەناوبانگن، هەروەها هەوارگەکانی بناری (حەسەن بەگ و بێرمە ساردو بێرۆیان) و چەندین شوێنی تر ساڵانە بەهەزاران گەشتیار ڕووی تێ دەکات، لە ناوەڕاستی ئێراق و زۆر لە وڵاتانی دراوسێش، ئەمەش زیاتر بەهۆی دڵرفێنی ئەو هاوینە هەوارانە.
سنوورەکانی شارۆچکەی سۆران لە باکوورەوە بەندە بە وڵاتی تورکیا و شارۆچکەی مێرگەسۆر، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ شارۆچکەی چۆمان، لە باشووریشەوە لەگەڵ شارۆچکەی ڕواندز پشدەر بەندە، بەڵام لە خۆراواوە لەگەڵ شارۆچکەی #شەقڵاوە# پێکەوە بەندن.
لە ڕووی کارگێڕیەوە شارۆچکەی سۆران هەرسێ شارەدێی سیدەکان و دیانان و خەلیفانی هەیە، تێکڕای زیاتر لە 400 گوند لە خۆدەگرێت و 175000 کەسیش دابەش بوونە بەسەر ئەو گوندانەدا، مەڵبەندی شارۆچکەی سۆران 36 گەرەکەو بەشێوەیەکی مۆدێرن ئاوەدانن، لە ڕووی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و ئاوو کارەبا و گەیاندن و هاتوچۆ بێ گرفتن، لە مەڵبەندی شارۆچکەی سۆران 65 دائیرەی حکومی هەیە و کە 45 دائیرە ئیشو کارەکانی هەرچوار شارۆچکەی (سۆران و مێرگەسۆرو چۆمان و ڕواندز) بەڕێ دەبەن، هەروەها 14 بارەگای حزبە سیاسییەکانی لێیەو لەگەڵ 10 بارەگا پێگەیاندنە کۆمەڵگە مەدەنییەکان وەک مەڵبەندو فەرهەنگ خانەو بنکە چالاکییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان چالاکییەکانی خۆیان لێ ئەنجام دەدەن.
ئاستی ڕۆشنبیری لەو شارەدا بەرزەو ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەندی لێیە، ڕۆژانە چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری لێ ئەنجام دەدرێ. هەربەم هویەشەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کەمن و بەشێوەی ڕۆشنبیری و مۆدێرنانە بیر لە کێشەکان دەکرێتەوە. بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیری ناوچەکەو جێبەجێ بوونی ڕیزبەندی ئەرکەکانی دەوڵەت ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 100ملیۆن دۆلار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لێ ئەنجام دەدرێ، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر ئاوەدانی بەردەوام لەو شارۆچکەیەدا.
لە مەڵبەندی شارۆچکە قۆتابخانەی مۆدیرن و گەورە هەن کە نزیکەی (50000) قوتابی لە پۆلی 1ی سەرەتایی 12 بنەڕەتی لە خۆدەگرێت، باخچەی ساوایانیش هەیە و منداڵە چاو گەشەکانی لێ پەروەردە دەکرێت، هەروەها نەخۆشخانەیەکی گەورەی لێیەو بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو دوو نەخۆشانەی تریش بەکۆتا دێن، بە ڕادەیەکی زۆر چاودێری تەندرووستی لە ئارادایەو تاکوو ئێستا هیچ لەو نەخۆشییە کوشندانەی لێ بەدی نەکراوە، بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوەی سرووشتی و زۆر پاکە، هەروەها زیاتر لە 5 بنکەی تەندرووستیش لەگەرەکەکاندا هەیە. هەر لە سنتەری شارۆچکە دوو پەیمانگای لێیەو لەگەڵ چوار کۆلیژو سەرۆکایەتی زانکۆ.
شارۆچکەی سۆران ناوچەیەکی دڵڕفێن و دڵگرە لە هەموو ڕوێکەوە، بازاڕ و کوچەو کۆڵانەکانیش پاکن و هاووڵاتییان هەماهەنگن، واتە هاووڵاتییان بەشێکی گرنگن لە بەرەوپێش چوونی وڵات و ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری ئاوەدانی و چارەسەری کێشە و گرفتەکان، بۆ کات بەسەر بردن چەندین پارکی بچوک هەن لە گەرەکەکاندا، هەروەها لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارۆچکەیەشدا پارکێکی گەورەی لێیەو شەو و ڕۆژ هاووڵاتی کاتی خۆشی لێ بەسەر دەبات.
لە ڕووی بژێویەوە وێرای ژمارەیەکی زۆری ناوچەکە فەرمانبەری حکومەتن، بەشێکی زۆریش بە بازرگانی سەرقاڵن، چونکە ناوچەکە دەکەوێَتە سێگۆشەیەکی گرنگی هەرسێ وڵاتی تورکیا و ئێران و کوردستان و ئێراقی فیداڵ، لەو ناوچەیەدا بازاڕی گشتی لێیەو ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆری لێ ڕوودەدات و بەهۆی جەنجالی و سەردانی خەڵکێکی زۆر بۆ بازاڕەکانی مەڵبەندی شارۆچکەی سۆران کڕین و فرۆشتن زۆر لێی بەدی دەکرێت. ئەو کەلوپەلانەی لەوبازاڕەدا مامەڵەی پێ دەکرێت بریتین لە جلوبەرگ و پێداویستی ماڵ و کەلوپەلی ڕۆژانە و خواردن و ئۆتۆمبیل و زۆر شتی تر. بەهۆی بچوکی ناوچەکەو کەمی مێژووی ئاوەدانی ئەو ناوچەیە کارگەی گەورەی نییە و ئەو کارگانەی لە ناوچەکەدا هەن بچوکن و بەرهەمی کەمن.[1]