ناو: خەلیل
نازناو: خەلیل وەندی
ناوی باوک: موڕاد
ساڵی لەدایکبوون: 1947
شوێنی لەدایکبوون: #خانەقین#
$ژیاننامە$
خەلیل موڕاد وەندی لە ساڵی 1947 لە گوندی سەی برزوی سەربە شاری خانەقین لە خێزانێکی هەژار چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، قۆناغەکانی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیانەوە دەستپێدەکات و دواتر دێنە شاری خانەقین و لەوێ تا پۆلی پێنجی ئامادەیی خوێندووە لە دوای ئەم قۆناغە بڕیار دەدات بچێتە شاری #بەغدا# و لەوێ جارێکی دی دەست بە خوێندن دەکات و لە ساڵی 1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەدەست دەهێنێت. دواتر بەردەوام دەبێت لە خوێندن و دەچێتە خوێندنی باڵا و لە ساڵی 1974 بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە ڕێگەکانی وانەوتنەوەدا بەدەست دەهێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا دامەزراوە و لە زۆر شار و شوێنی ئێراق و کوردستان خزمەتی کردووە، لە ڕێکەوتی #08-05-1975# ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە 5 کوڕ و 2 کچ. دوایین جار بووەتە مامۆستا لە #زانکۆی سۆران# و لە ساڵی 2017 خانەنشین بووە. لە سەرەتای ساڵی حەفتاکانەوە دەستی کردووە بە کاری هونەریی و خاوەنی دەیان گۆرانی جوان و دانسقەیە و لە بواری هونەردا خزمەتێکی گەورەی بە هونەری ڕەسەنی کوردی کردووە. خەلیل وەندی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لەسەر دەستی هونەرمەندی مەزن #عەلی مەردان# پێی ناوەتە نێو کاروباری هونەرییەوە و بە قوتابی ئەو دادەنرێت، ئێستاش هەر کەسێک گوێی لە گۆرانی (خۆشەویستەکەم) بێت کە لە ساڵی 1971 وتراوە، وا هەست دەکات کە هیی ئەم سەردەمەیە و هەمان تاموچێژی هەیە، خەلیل وەندی کوڕی لادێ و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆیە، نزیکەی 85 گۆرانی دیکەی بۆ ڕادیۆی کوردی بەغدا و 20 گۆرانی بۆ تەلەڤزیۆنەکان تۆمار کردووە، بە گۆرانی و ئاوازە ڕەسەنەکانی لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا جێگەی خۆی کردەوە و هەوادارێکی زۆری بۆ خۆی پەیدا کرد و تا ئێستا (2024) بە تاسەوە گوێی لێ دەگرن. [1] [2]