ناو: عومەر
ناوی باوک: حەمە ڕەزا
ساڵی لەدایکبوون: 1942
ڕۆژی کۆچی دوایی: 07-08-2021
لە شاری #سلێمانی# لە گەڕەکی #چوارباخ# لە ساڵی (1942) لە خێزانێکی کرێکار و زەحمەتکێش و نەدار لەدایکبووە، بەڵام عومەر نەیتوانیوە تەمەنی خۆشی منداڵی و بەها جوانەکانی منداڵی لە سلێمانی بەسەر بەرێت، بەهۆی ئەو بارودخە ناهەمووارەی دوای جەنگی جیهانی دووەم کە نەهامەتی و قات و قڕی کە بەسەر جیهاندا باڵی کێشا و خانەوادەی ئەو هونەرمەندەش کەوتنەبەر شەپۆلی ئەو بەدبەختی و نەبوونییە، باوکی لە پێناو دابینکردنی نان و ژیان بۆ خۆی و خێزان و منداڵەکانی، ڕوو دەکاتە شاری #هەڵەبجە#، ئەو شارەی بەشاری شاعیران و هونەرمەندان و ڕووناکبیران ناسراوە، لەوێ درێژە بەژیان دەدەن، عومەر ڕەزا لە هەڵەبجە دەچێتە قوتابخانە، لە قوتابخانەی هەڵەبجەی سەرەتایی دەخرێتە بەر خوێندن و فێربوونی ئەلفبێی کوردی، بەڵام لەو قوتابخانەیە عومەر ڕەزا بەهرەی دەنگخۆشی تێدا بەدی دەکرێت ئەویش بەهۆی مامۆستای ئەدیب و هونەرمەند (عەلی شەونم) ، (ع، ع، شەونم) .
مامۆستا عەلی شەونم کەسەرپەرشتیاری تیپی سروودی قوتابخانەی هەڵەبجە بووە، بەهەست و سۆزی هونەرییانەی خۆی درکی بە بەهرەی دەنگ خۆشی عومەر ڕەزا کردووە، هەوڵی لەگەڵدا داوە و لە تیپی سروودی قوتابخانەی هەڵەبجە دایناوە و بەیانیان عومەر ڕەزا لەگەڵ هاوڕێ قوتابییەکانی بەدەنگێکی خۆش سروودە ڕەسەنە نەتەوەییەکانی گەلەکەمانیان خوێندووە، وەک (خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم، ئەی ڕەقیب، ئەی دلێران، خوایە وەتەن ئاواکەی، .....تاد)
ئەو بەردەوامییەی عومەر ڕەزا لەناو تیپی سروودی قوتابخانەی هەڵەبجە زیاتر مامۆستا عەلی شەونمی هانداوە کە گرینگی زیاتری پێبدات، تا ئەو جێگەی ئەو مامۆستا هونەرمەندە دوو گۆرانی بۆ عومەر ڕەزا ئامادەبکات لە هەڵبەست و ئاوازی مامۆستا عەلی شەونم خۆی بووە، داویەتی بە عومەر تا بیخوێنێ، گۆرانییەکانیش بریتی بوون لە (هاتم هاتم، پەڵپو بیانووم پێ مەگرە) ئەو گۆرانییانە دەکەونە سەر زاری هاوڕێکانی و خەڵکی و جێگەی خۆشی و داخوازی خەڵکی دەبن.
بەمشێوەیە عومەر ڕەزا بەردەوام دەبێت لەخوێندن و ژیان لە شاری هەڵەبجە، تا ساڵی (1957) بە ماڵەوە دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی و هەڵەبجە بەجێدەهێڵن، بەڵام ئەم جارە لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن.
ئەو گەڕانەوەیە بۆ عومەر دەبێتە هۆی دەستبەرداربوونی لە خوێندن بەهۆی سەختی ژیان و ناچار لەگەڵ باوکیدا شان دەداتە بەر کرێکاری و دەبێتە کرێکار لە درووستکردنی کارگەی جگەرەی سلێمانی، بەڵام لەگەڵ ناڕەحەتی ژیان و ئەو ئەرکە گرانەی سەرشانی، بەڵام دەستبەرداری هونەری گۆرانی وتن نابێت و هەمیشە لە خەمی ئەوەدا دەبێت کە گەشە بە هونەری گۆرانی وتن بدات، ئیستگەی کوردی بەغدا کاریگەریی زۆری لەسەر بیسەران و هەوادارنی میوزیک و گۆرانی دانابوو عومەر ڕەزا لە پێناو ئەوەی کە هونەرەکەی لە ڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە بگەیەنێتە گوێگر لە ساڵی (1958) عومەر ڕەزا ڕوو دەکاتە شاری بەغدا لەوێ بەڕێکەوت (خەلیل عەبدوڵڵا و ئەحمەدی شێخاڵی و هونەرمەند شەماڵ سائیب) دەبینێ و زۆر خۆش حاڵ دەبێت بە دیتنی ئەو کەسایەتییانە، دوای باس و خواسی هونەری داوای گۆرانی لێدەکەن و عومەریش گۆرانیان بۆ دەچڕێ، ئەوانیش سەرسام دەبن بەدەنگی و بڕیاردەدەن لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ ئیستگەی کوردی.
کاتێک دەیبەنە ئیستگە لەوێ وەریدەگرن و ناوی دەنووسن بە (عومەر ڕەزا) ناوی (حەمە) کەی لێدەکەنەوە، لەو کاتەوە بە (عومەر ڕەزا) نێوبانگی دەرکردووە، لە ئیستگەی کوردی بەغدا ئەو دوو گۆرانییەی کە مامۆستا (ع، ع، شەونم) لە شاری هەڵەبجە بۆی ئامادەکردبوو، لەوێ لەگەڵ تیپی موزیکای ڕادیۆ، بەمیوزیکەوە دەیانخوێنێ.
هونەرمەند عومەر ڕەزا دەڵێت (من خۆم هەستم بەو بەهرەی دەنگخۆشیە نەدەکرد کە لەمندا هەیە بەڵام مامۆستای گەورە و پیرۆزم (ع، ع، شەونم) ئەو بەهرە هونەرییەی لە مندا بەدی کرد ئەو گۆرانییانەی بۆدانام، بەڵام کاتێک چوومە بەغدا و لەئیستگە ئەو گۆرانییانەم بەمیوزیکەوە خوێند، تام و چێژێکی زۆری هەبوو، هەستم بەخۆشی و دونیایەکی گەورە دەکرد و لەخۆشیدا گەشکە ئەیگرتم) .
دوای تۆمارکردنی ئەو گۆرانییانەو بڵاوبوونەوەیان لە ڕێگەی ئیستگەی کوردی بەغداوە، دەبێتە جێگەی خۆشحاڵی خەڵک و زیاتر بووە هۆی ناساندنی عومەر ڕەزا لەنێو خەڵکیدا و بەهۆی ئەو ڕادیۆیەوە دەنگی عومەر ڕەزا سنووری بەزاندوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نێوبانگی دەرکرد.
ئەو سەردەمە لە شاری سلێمانی گۆرانییەکانی عومەر ڕەزا ڕۆژبەڕۆژ لەنێو جەماوەردا دەنگی دەدایەو و خەڵکی پێی ئاشنا دەبوون، لە هەمانکاتدا تیپی موزیکای مەولەوی بەسەرپەرشتی هونەرمەندی گەورە (قادر دیلان) کارە هونەرییەکانیان ئەنجام دەدا، هەروەها هەردوو هونەرمەند لەیەک گەڕەکدا دەبن و هاوسێی یەکتریش دەبن، هونەرمەند قادر دیلان عەمەر ڕەزا دەبات بۆ تیپی موزیکای مەولەوی، لەوێ بەم هونەرمەندانەی دەناسێنێ وەک (#ولیەم یوحەننا#، نەجاتی عەبدە (نای ژەن) ، حازم حەداد (عود ژەن) ، هادی عەنبەر (کەمانچە ژەن) ، حاتەم سەعید (ئیقاع) ، بەهجەتی سەعاتچی و خاڵە حەمەفەرج و چەند کەسایەتییەکی تر وەک لەتیف حەمدی) (یادیان بەخێر) .
هەرچەندە هونەر بەگشتی لەو سەردەمەدا جێگەی بایەخ نەبووە لەنێو کۆمەڵگەدا ئەویش هۆکاری داب و نەریتی کۆمەڵگە بووە، تەنانەت لەلای هەندێک خێزان و بنەماڵەی ئەو شارە پەسەند نەبووە بەڵکوو بەکەمیش سەیرکراوە، بەڵام ئەو هونەرمەندە بەڕێزانە توانییان بە هەموو شێوەیەک خزمەتی ڕاستەقینەی هونەری کوردی بکەن و بناغەیەک بۆ میوزیک و گۆرانی کوردی دابڕێژن، (هەزار ڕەحەمت لەگڵکۆکانیان) .
دوای ئەوەی هونەرمەند عومەر ڕەزا بەتیپی موزیکای مەولەوی ئاشنا دەبێت، و دەکەوێتە کارکردن لەگەڵیاندا، ئەو تێکەڵاوبوونە دەبێتە هۆی تۆمارکردنی چەند گۆرانییەک وەک گۆرانی (لەیارەوە) لە هۆنراوەی شاعیری گەورە (#ئەحمەد هەردی#) یە هونەرمەند قادر دیلان ئاوازی بۆ دادەنێت پاشان گۆرانی (دیاری) کە هونەرمەند (نەجاتی عەبدە) بۆی ئامادەکردووە، هەروەها مامۆستای گەورە (ولیەم یوحەننا) گۆرانی (گوڵاڵەی ژیان) ی بۆ ئامادە دەکات، بەو گۆرانییانە عومەر ڕەزا زیاتر ناوبانگی دەرکرد و ناسرا، یەکێک لە کارە گرینگەکانی تیپی موزیکای مەولەوی کە بەرانبەر هونەرمەند عومەر ڕەزا ئەنجامیان داوە و خودی هونەرمەندیش هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو کارە باشەیە، کە تیپی ناوبراو توانیویانە عومەر ڕەزا وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی دارستانی سلێمانی (دائرة الغابات) وەک چاودێر دایبمەزرێنن.
لە ساڵی (1959) لەلایەن ئیستگەی کوردی بەغداوە بانگهێشت دەکرێت، بۆ مەبەستی بەشداریکرنی لە ئاهەنگی یادی شۆڕشی 14ی تەمموز، لە هۆڵی ئوتێل بەغدا، کە چەندین کەسایەتی نیشتمانپەروەری کورد و عەرەب و بەڕێز عەبدولکەریم قاسم ئامادەی ئەو ئاهەنگە بوون.
هونەرمەند عومەر ڕەزا لە هەمان ساڵدا لە ئیستگەی کوردی بەغدا بە هاوکاری هونەرمەند (شەماڵ سائیب) چەند گۆرانییەکی تر ئەخوێنێ، گۆرانی (بۆ تۆیە دڵ بۆ تۆیە و تاکەی تاکەی) کە لە ئاواز و هەڵبەستی شەماڵ سائیب بوون.
سەبارەت بەو گۆرانییانە و هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ #شەماڵ سائیب#، عومەر ڕەزا بەم شێوەیە دەدوێت:
(هەر لە ساڵی 1959 دا بوو ڕۆژێک شەماڵ سائیب بانگی کردم و وتی وەرە دوو دیاری چاکم بۆ ئامادەکردوویت، بەخوێندنی ئەو گۆرانییانە دەبیت بە (فەرید ئەترەش) (ئەو کاتە فەرید ئەترەش یەکێک بوو لە هونەرمەندە گەورەکانی عەرەب و کاریگەریی لەسەر هونەرمەندانی کورد بەتایبەت شەماڵ سائیب دانابوو) منیش وتم دەستەکانت ماچ دەکەم کاکە شەماڵ، هەر بۆیە کاکە شەماڵ بەعودەکەی خۆی لە ئیستگە سووکە پرۆڤەیەکی پێکردم، شەماڵ وتی بڕۆ بەخوا خۆیەتی! سبەینێ عەسر وەرە با بە کوێرەکانی لەبەر بکەم و تەسجیلی کەین، مەبەستی کوێرەکان، (گرووپە میوزیگژەنەکانی ڕادیۆی کوردی بەغدابوو) ئەوەبوو لە کاتی دیاریکراودا کە هونەرمەند شەماڵ سائیب داینابوو ئەو دوو گۆرانییە تۆمارکراو و بڵاوکرایەوە، دەنگی دایەو و سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆ من) .
دوای ماوەیەک هەردوو گۆرانی (ئەرێ لەیلێ و بۆ تۆیە دڵ) هونەرمەند شەماڵ سائیب بەدەنگی خۆی تۆماری کردونەتەوە.
لە ساڵی (1961) مامۆستای هونەرمەند (لەتیف حەمدی) چەند ئاوازێکی بەتێکستی باش و سەرکەوتوو بۆ عومەر ڕەزا ئامادەکات وەک گۆرانی (یاری چاوکاڵ و گۆرانی دەڵێم وەک ساماڵ) ئەو گۆرانییانەش دەچنە سەر خەرمانی هونەری عومەر ڕەزا و زیاتر ناوبانگ لەنێوەندی هونەریدا پەیدا دەکات.
بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمانە و زیاتر ئاشنابوونی دەنگی عومەر ڕەزا لەنێو خەڵکیدا بووە هۆی ئەوەی لەلایەن کۆمپانیای (چەقماقچی) داوا لە عومەر ڕەزا بکرێت کە گۆرانی (هاتم هاتم) لەسەر قەوان تۆماربکات بەڵام بەشێوازێکی نوێ و کۆرسی کچانی لەگەڵدا دەبێت، ئەوکارە بۆ ئەو سەردەمە زۆر دەگمەن بووە، لە بەرابەر تۆمارکردنی ئەو گۆرانییە لەسەر قەوان کۆمپانیای چەقماقچی بڕی (200) دیناری ئەو سەردەمەی وەک دیاری دەدەنێ، لەناوەڕاستی سەدەی پێشوو هاوشانی کاری هونەری میوزیک و گۆرانی، کاری هونەری نواندن و شانۆ لەبرەودادەبێت و کۆمەڵێک هونەرمەندی بەتوانا کۆمەڵێک کاری باشیان ئەنجام داوە، لەنێوان ساڵەکانی (1960 بۆ 1961) شانۆگەری و ئاهەنگی گۆرانی و میوزیک بە یەکەوە پێشکەشکراون، عومەر ڕەزا وەک هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ لەگەڵ تیپی موزیکای مەولەوی لە چەندین ئاهەنگدا لەگەڵ شانۆگەری (بەرەو دوا) ، (مەم و زین) و (پیسکەی تەڕپیر) بەشداری کردووە، لەو شانۆگەریانەدا هونەرمەندی شانۆکار و دەنگخۆش مامۆستا (ڕەفیق چالاک) ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی هەبووە هەروەها یادیان بەخێر (هونەرمەندان ڕەئوف یەحیا و ئەحمەد دەنگ گەورە) و لەگەڵ چەندین هونەرمەندی تری شاری سلێمانی لە بواری شانۆدا، هونەرمەند عومەر ڕەزا بە یەکێک لە گۆرانیبێژانی ئیستگەی کوردی بەغدا دێتە ئەژمارکردن، عومەر ڕەزا کەسایەتییەکی بێدەنگ و هونەرمەندێکی هەستناسک و خۆشەویستی نێو هاوەڵەکانی دەبێت، پەیوەندییەکی پتەو و خۆشی لەگەڵ هونەرمەندانی ئیستگەی کوردی بەغدا دا دەبێت، وەک (مامۆستا عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، باکووری، ڕەسوڵ گەردی، شەماڵ سائیب، محەمەد عارف جزیری و حەسەن جزیری و جەلال کۆچەر....تاد)
دوای تۆمارکردنی ئەو بەرهەمانە، بەهۆی درووستکردنی خێزان و بوونی منداڵ و قوورس بوونی ئەرکەکانی سەرشانی و بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ئەو هونەرمەندە لە هونەری گۆرانیبێژی دوور دەکەوێتەوە، نەبوونی و سەختی ژیان تەنگی پێهەڵدەچنێ.
لە ساڵی (1984) لەسەر داخوازی تەلەڤزیۆنی کەرکووک هەموو گۆرانییەکانی هونەرمەند بەشێوەی (پلەی باگ) بۆی تۆماردەکەنەوە، ئیتر عومەر ڕەزا ڕۆژبەڕۆژ لە هونەری گۆرانیبێژی دووردەکەوێتەوە، درێژە بەژیان دەدات تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 وەکوو هەرتاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە خراپی و دژاواریەکانی ژیان زیاتر بەرۆکی پێدەگرن و خەم و کەسەری لەدەستدانی هاوسەری ئەوەش بۆ عومەر ڕەزا خەم و داڕووخانێکی تر دەبێت، عومەر ڕەزا دەبێت بە کارمەندی خزمەتگوزتر لەدیوانی پارێزگای سلێمانی، هونەرمەند بەم شێوەیە باس لە پارێزگاری ئەو کاتەی شاری سلێمانی بەڕێز (سالار عەزیز) دەکات کە شێوازی مامەڵکردنی لەگەڵ عومەر ڕەزادا بە چ شێوەیەک بووە:
(هیچ کات دڵسۆزی و هەستی پاک و بێگەردی و مرۆڤدۆستی کاکە سالار عەزیز لەیاد ناکەم، چونکە ئەو کاتە من کارگوزار بووم زۆر بێ دەرەتان بووم، ئەو بەڕێزە وەک هاوەڵێکی ساکار و سادەی دێرینی خۆی دەست لەملانم دەبوو، هەمیشە هەڵگری خەمەکانم بوو، دڵنەوایی دەکردم و قسەی خۆشی بۆ دەکردم بۆ ئەوەی خەمەکانم بڕەوێتەوە، بەردەوام هاوکاری ماڵی دەکردم و هیچ کات فەرامۆشی نەدەکردم، هەموو کات چاکە و پیاوەتی ئەو مرۆڤ دۆستەم لەیادە، بە هاوکاری کاکە سالار عەزیز یارمەتیی بەڕێز مام جەلال بۆ هونەرمەندان بۆم بڕایەوە و هەموو مانگ وەرم دەگرت) .
هونەرمەند عومەر ڕەزا خانەشین دەبێت، و باری تەندرووستی ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە خراپیی دەڕوات و مووچەی ڕێزلێنانیشی دەبڕن لەبەر ئەوەی کە مووچەی خانەنشینی وەردەگرێت، ئایا ئەو مووچەی خانەشینەی کە وەریدەگرێت تۆ بڵێی بەشی ژیانی بکات، داواکارین لەسەندیکای هونەرمەندان و یەکێتی هونەرمەندان ئاوڕێک لەو هونەرمەندانە بدەنەوە کەڕۆژانێک بوو خزمەتێکیان بە هونەری میوزیک و گۆرانی نەتەوەکەمان کردووە، یادی هەموو ئەو هونەرمەندە کۆچکردووانەی گەلەکەمان بەگشتی بەخێر و ڕوحیان شاد بێت.
گۆرانییەکانی هونەرمەند عومەر ڕەزا:
1: هاتم هاتم / لە ئاواز و هەڵبەستی / (ع، ع، شەونم)
2: پەڵپ و بیانووم پێ مەگرە / لە ئاواز و هەڵبەستی / (ع، ع، شەونم)
3: لەیارەوە / ئاوازی / نەجاتی عەبدە.... هۆنراوەی / ئەحمەد هەردی
4: گوڵاڵەی ژیان / ئاوازی / ولیەم یوحەننا
5: یاری چاوکاڵ / ئاوازی / لەتیف حەمدی
6: گۆرانی دەڵێم وەک ساماڵ / ئاوازی / لەتیف حەمدی
7: بۆ تۆیە دڵ بۆ تۆیە / لە ئاواز و هەڵبەستی / شەماڵ سائیب
8: تاکەی تاکەی / لە ئاواز و هەڵبەستی / شەماڵ سائیب