ناو: فریا
نازناو: یونسی
ساڵی لەدایکبوون: #1978#
شوێنی لەدایکبوون: #بانە#
$ژیاننامە$
فریا یوونسی ساڵی 1978 لە شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەبێتە هۆگری ئەدەبیات و لەو ساڵانەدا یەکەمین شیعرەکانی بە زمانی فارسی و کوردی دەنووسێت. لە تەمەنی 18 ساڵیدا واز لە نووسین بە زمانی فارسی دێنێت و تەنیا بە زمانی کوردی دەست بە نووسینی شیعر و چیرۆک دەکات. دوای ماوەیەک لەسەر چیرۆکنووسی دەوەستێتەوە. ساڵی 2001 یەکەمین پەڕتووکی چیرۆک کە لە کۆمەڵێک مینیماڵ پێکدێت بە ناوی فریامکەوە بڵاو دەکاتەوە و دواتر ئەو پەڕتووکە لە چاپی دووەمدا دەکاتە درەنگان. لە ساڵی 2010ەوە دەست بە کاری ڕۆژنامەڤانی دەکات و لە چەند هەفتەنامەیەکی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بابەت بڵاو دەکاتەوە؛ لەوانە هەفتەنامەکانی دیارکۆهەن و دەنگی کوردستانو...
ساڵی 2016 بە هاوکاری شارەوانی بانە، یەکەمین ڕۆژنامە بۆ شاری بانە بە ناوی بانەشار دادەنێت و هاوکات سەرنووسەریی بەشی کوردستانی ڕۆژنامەی شەرقی تارانیشی پێ دەسپێردرێت. هەر ئەو ساڵە گۆڤاری ئەدەبی هونەری شی دادەنێت بە خاوەندارێتی هاوسەرەکەی شەوبۆ محەمەدیانی و سەرنووسەری خۆی. گۆڤاری شی دوای دوو ساڵ کارکردن لەلایەن وەزارەتی ئیڕشادی ئیسلامی ئێرانەوە، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی بابەت بە زمانی کرمانجی بە ڕێنووسی لاتینەوە، سکاڵای دەچێتە سەر. ساڵی 2017 هەفتەنامەی چاکار دادەنێت کە تەنیا 5 ژمارەی ڕێگەی پێدەدرێت و بەهۆی ڕاپۆرتەکانی لەسەر لەسێدارەدان، هەژاری، بەتاڵانبردنی ئاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخی کۆڵبەران، دۆخی تڕەنسێکشواڵەکانی کوردستان و چەندین مژاری دیکە، لەلایەن وەزارەتی ئیڕشادی ئیسلامییەوە دادەخرێت. ساڵی 2018 دوای داخرانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکەی، دەست بە درووستکردنی بەڵگەفیلم دەکات، بەڵام لەو ساڵەدا لە سنە و دواتریش لە سەرەتای ساڵی 2019 تاوەکوو کۆتایی ئەو ساڵە، چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سنە و بانەوە دەستگیردەکرێت و هەڕەشەی لێدەکرێت. کۆتایی ساڵی 2019 ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات و لە هەولێر لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دەست بەکاری پرۆدیوسەری لە بەشی ڕۆژهەڵات دەکات. ساڵی 2022 دەتوانێ بەڵگەفیلمەکەی تەواو بکات بە ناوی گۆڕستانی زیندووان کە لەسەر ئالوودەکردنی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مادەی هۆشبەرە لەلایەن دەستی پشت پەردەی دەسەڵاتی ئێرانەوە. تاوەکوو ئێستا فیلمەکەی لە چەندین فێستیڤاڵ وەرگێڕاوە و نمایشی تایبەتی بۆ کراوە.
ساڵی 2022 سێ پەڕتووکی دیکەی ئامادەی چاپ و بڵاوبوونەوە دەکات کە لەوانە پەڕتووکی کۆمینیماڵی گوزارشێک لە ژیانی گاگا و ئا ئیتر، کۆمەڵەچیرۆکێک و نۆڤلێتێکە و بە تەمایە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2023 بڵاویان بکاتەوە. هاوکات لە ماڵپەڕی ژنەفتنیش دەست بە بڵاوکردنەوەی وتار لەسەر سینەما، چاوپێکەوتن و هەندێک لە چیرۆکەکانی دەکاتەوە. لە مانگی 4ی 2023 دەست بە درووستکردنی کوورتەفیلمێک دەکات لە هەوڵیر و بڕیارە بەزوویی کوورتەفیلمەکەی ڕادەستی فێستیڤاڵە جیهانییەکان بکرێت. [1]