ساڵی 1885 لە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە و هەر لەو شارە قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەری خوێندووە، ئامادەیی سەربازیی لە بەغدا و کۆلێجی سەربازی سوڵتانی لە ئەستەنبوڵ تەواوکردووە.
لە سوپایی عوسمانی دا بووە بەئەفسەر لە سەردەمی پێکهاتنی حکومەتی شێخ مەحمود دا مامۆستای جوگرافیا و مێژوو بووە لە قوتابخانەی مەحمودییە، دواتر بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی فەیسەڵییە و پاشتریش بەڕێوەبەری ناوەندی سلێمانی.. هەتا ساڵی (1935) لەسەر هەڵوێستی کوردانەی خانەنشین کراوە.
ساڵح قەفتان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕۆژنامەی #بانگی کوردستان# و ساڵی (1937) یش ڕۆژنامەی زبان-ی لە سلێمانی دەرکردووە.
لە ساڵی (1938) یش دا گۆڤاری زانستی لە سلێمانی بڵاوکردەوەو لە گۆڤاری گەلاوێژ و ڕۆژنامەی ژیان و ڕووناکی و بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەدا گەلێک نووسین و وتاری نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە.
ساڵح قەفتان بایەخێکی تایبەتیی داوە بە نووسین و لێکۆڵینەوەی مێژووییو یەکێکە لە مێژوونووسە گەورەکانی کورد.
لەپاش خۆی چوار پەرتووکی بەنرخی بۆ بەجێ هێشتووین کە بریتین لە:
1- پەندی تەئریخی.
2- بەراوردێکی تەئریخی و ئەهەمیەتی زمان
3- نەتەوەی کورد تورکمان نییە
4- مێژووی گەلی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ.
ڕۆژی (30) ی ئاب-ی ساڵی 1968 مێژوونووس و ڕووناکبیری ناسراوی کورد مامۆستا ساڵح قەفتان، لە تەمەنی (83) ساڵی دا کۆچیدوایی کرد.