ساڵی1960 لە گوندی چۆڵمەکی ناوچەی هەمەوەند ل دایکبووە. خوێندی سەرەتایی لە شاری #چەمچەماڵ# تەواوکردووە. ساڵی 1979 پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە کردووە. هەر لەم ساڵەدا ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو (حەفسە محەمەد) پێکدەهێنێت و ژیانێکی پڕ لە دووری و دابڕانیان پێکەوە دەست پێدەکات.
ساڵی 1981 دەبێتە پێشمەرگە لە هەرێمی 5ی قەرەداغ، دوای ئەوە هەرێمی 5ی قەرداغ دەبێتە تیپی 57 سەرگرمە، دەبێتە یەکێک لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانی کەرتی 3ی هەمەوەند. ساڵی 1984 دەکرێت بە فەرماندەی مەفرەزە لە هەمان کەرت. بەشداری شەرەکانی (دەربەندی ژاڵە، داستانی ڕزگاری، داستانی قەیوان ماوەت، داستانی دابان هەلاج، سەرجادەی سەنگاو- چەمچەماڵ، گرتنی سەربازگەی سەنگاو، شەرەکانی قەرەتاموور، زەنانی، زینانە، گرتنی بێتواتە، چەمی بێ مەحکەمە و گوندی پیریادی توڵەی مامە ڕیشە)ی کردووە. لە سەڕی گرتنی بێتواتەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا (4) لە شەرەکانی (گوندی پیریادی، زەنان، چۆڵمەک، قوتەی حەسەن بەگ) بریندار بووە.
ساڵی 1986 لە شەڕی قوتەی حەسەن بەگ بە سەختی بریندار دەبێت، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێت بۆ چارەسەر، بەڵام لە ڕێکەوتی 19-12-1986 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران گیان لەدەست دەدات و بە سپاردە لە گوندی (شاناخسێ) تەرمەکەی دەنێژرێت، ساڵی 1992 تەرمەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ چەمچەماڵ و لە گۆڕستانی سەید زنوور بە خاک دەسپێردرێت، دوای خۆی 4 مناڵی بە ناوەکانی (بێستوون، پشتیوان، ڕێبوار و کاژاو) بە جێهێشتووە.