سەیران لەو کوردانەی باکورە کە بنەماڵەکەیان بەمەبەستی کارو باشترکردنی ژیانیان لەشەستەکانی سەدەی ڕابردودا ڕوویان لە ئەوروپا کردووەو لە شاری بەرلین گیرساونەتەوە.
سەیران ئاتێش یان سەیران ئاگر، (ئاتێش بەمانای ئاگر دێت)، لەتەمەنی شەش ساڵیدا دەچێتە ئەڵمانیا. منداڵییەکی بەدبەختانە دەگوزەرێنێ، چونکە هەر کە فام دەکاتەوە، ناچار دەکرێت ڕۆڵی مێینەیەکی تەقلیدی بگێڕێ و خزمەتی براکانی و دایکی و باوکی بکات و هەرگیز ڕێی پێنەدراوە، بەتەنها لەماڵ بچێتەدەر.
گەر لەوەشدا سەرپێچی بکردایە، ئەوا ڕووبەڕوی سزاو لێدان و قسە پێوتن دەبووەوە. هەر ئەمە وای لێدەکات لەو قۆناغی منداڵییەوە، لەو هۆکارانە بگەڕێت کە وادەکەن (ژنان و کچان) لەنێو خێزانە موحافیزکارەکانی وەک ئەواندا، وەک مرۆڤێکی کەمترو خوارتر لەکوڕان و پیاوان سەیر بکرێن.
ساڵی 2003 لە کتێبی یەکەمیدا “رحلة کبیرة الی النار“، بەدوورو درێژی باس لەو قۆناغە تاڵ و تاقەت پڕوکێنەی ناو خانەوادەکەی دەکات.
ئەڵبەت ئەو خانمە مل نادات و لەو فەزایە یاخی دەبێت. لە زانکۆ یاسا دەخوێنێت، بۆئەوەی بەرگری لە ژنانی چەوساوەو بەش مەینەت بکات. نوسینی کتێبی ”جیهانی ئیسلام پێویستی بەشۆڕشی سێکسیە”، هەر دەچێتە ئەو چوارچێوەیەو لەوێدا ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بڕیاری ئۆتۆنۆم و خۆبەخۆی کچان و ژنان لە ژیانی سێکسیاندا چ گرنگییەکی هەیەو پێیوایە، ئەوە یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی دەبنە مایەی ئەوەی، پەرە بە کەسایەتی ژن بدات و لە هەموو کایە جیاجیاکانی ژیاندا، دەسکراوەی بکات و هەست بەبوونی خۆی بکات.
یەکێک لەو شتانەی جەختی لێدەکاتەوە ئەوەیە کە دەبێت بە دەنگی بەرزو بەچڕو پڕی، باس لە چەمکی سێکس بکرێت لای ژنان لە وڵاتانی ئیسلامیدا. ئەو دەڵێت “کە منداڵ بووم بەدڵێکی کەیل و لەفەزایەکی پڕ لەبێدەنگی کوشندەدا، بەدوای وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانەدا دەگەڕام کە ڕۆحیان ماندوو کردبووم… دواتر زانیم ئەوە هەر دەردی من نییە، بەڵکو ملیۆنەها کچی موسڵمانی تر، لەسایەی مۆراڵێکی سەختگیرانەی جنسیدا پێوەی گرفتارن.”.
ئەو کچ و ژنە موسڵمانانەی لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا دەژین، پەروەردەیەکی سەرکوتکەرانە دەکرێن و زۆرێکیشیان لەسەرەتای تەمەنیاندا هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەن، چونکە تێناگەن بۆچی باوانیان بەو جۆرە لەگەڵیان دەجوڵێنەوە.
هەرپرسیارێکیش بکەن، وەڵامەکانی هەریەک شتەو لەچەند وشەیەکی وەک (ناکرێ و نابێ و حەرامەو شورەییەو ئێمە تورک و موسڵمانین و داب و نەریتمان ئاوایە، کوتایی دێت).
هەر لەو کتێبەیدا باس لەو فشارە گەورەیە دەکات کە کچان لەمنداڵییەوە، ڕووبەڕووی دەبنەوەو، وەک بونەوەرێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە پێویستە هەمیشە داپۆشراوبن و سەر بەدەر نەبن. لەو بارەیەوە دەڵێت “هەر لەمنداڵیمەوە سەرنجی ئەوەم دابوو، لەبەینی ڕانەکانماندا زۆنێک هەیە، بەبۆچونی هەندێ ک کەس پێویستە هەر نەبوایە… کەچی بۆ کوڕان وانەبوو؛ بۆ ئەوان عەیب نەبوو ئەندامی جنسیان هەبێت.”. لێرەوە داوا دەکات لە کۆمەڵگەدا، دیموکراسی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا هەبێ و بەیەک چاو سەیر بکرێن[1].