بەهۆی ئاونەدانی درەخت و باخچەکانی شاری #کەرکووک# و گرنگیی نەدان بە ژینگەی شارەکە، ئەو ڕێژە کەمە سەوزاییەی، کە تێیدایە وردە وردە وشک دەکات و خەریکە سەوزایی ماڵئاوایی یەکجاریی لە کەرکووک دەکات.
لە شاری کەرکووک چەندین بیری نەوت و کارگە و پاڵاوگەی وەبەرهێنانی نەوت بوونی هەیە، بۆیە ژینگەی شارەکە بەتەواویی پیس بووە و باخچە و درەختەکانی شارەکەش بەشیکی زۆریان وشک بوون.
ئاکۆ فەریق، هاوڵاتییەکی شاری کەرکووک، لە بارەی ژینگەی شارەکەوە، بە ڕۆژنیوزی وت:ژینگەی کەرکووک ژینگەیەکی پیسە و گونجاو نییە بۆ ژیان، هۆکارەکەشی بۆ دەرهێنانی نەوت و بوونی چەندین پاڵاوگەی ئەهلی لە شارەکە دەگەڕێتەوە.
ئاکۆ فەریق، وتیشی:دار و درخت لە شاری کەرکووک کەم هەیە و بۆ ئەوەی ئۆکسجین و هەوای پاک ببەخشێت بە هاوڵاتیان، نه هاوڵاتی و نە حکومەت هەوڵیان نەداوە ڕێژەی سەوزایی لەشارەکە زیاد بکەن، وەیان پشتێنەیەکی سەوزی ژینگەی لە دەرەوەی شار دروست بکرێت.
شادومان محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەی کەرکووکە و لەسەر هەمان پرس بە ڕۆژنیوزی وت:باخچە و ژینگەی بازڕامان بە تەواویی پیس بووە، حکومەت بەرپرسیاری یەکەمە لە خراپی ژینگەی ئەم شارە، بەڵام هاوڵاتی-ش بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە هاوڵاتی خۆڵ و خاشاک فڕێ دەدات.
ئاماژەی بۆ کەمیی سەوزایی کرد لە شارەکە و وتی:حکومەت تا ئێستا دارێکی لەم شارە نەڕواندووە، وڵاتی تورکیا لەسایەی نەوتی شاری کەرکووکەوە بووە بە وڵاتێکی گەشتیاریی، بەڵام حکومەت دووکەڵەی نەوتەکە دەرخواردی ئێمەی هاوڵاتی دەدات و پارەکەش دەکاتە قوڕگی تورکیاوە.
شکۆفە مەحمود، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، ڕێژەیەکی مەترسیداریی سەوزایی کەرکووکی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکرد و وتی:بە پێی ستانداردی جیهانیی، دەبێت ڕێژەی سەوزایی لە هەر شارێک، لە هەر 100 مەتر دووجایەک-دا 15 مەتر دووجای سەوزایی بێت، بەڵام شاری کەرکووک زۆر لەم ڕێژەیەوە دوورە، بە پێی نوێترین ئامار ڕێژەی سەوزایی لەشارەکە تەنیا 2% ە.
شکۆفە، وتیشی:فەرمانگەکانی شاری کەرکووک و کۆمەڵەکەی ئێمە هەوڵیان داوە بۆ زیادکردنی سەوزایی، بەڵام هەوڵەکان کەمن و ناگاتە ئەوەی، کە مەترسییەکانی ژینگە لە شارەکە بڕەوێنینەوە، چونکە شارەکە لە ناو چەندین کێڵگەی نەوتیدایە، لە ئەنجامی دەرهێنانی نەوت دووکەڵی ڕەش دایپۆشیەوە، جگە لەمەش لە ئێستادا کار کردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە شارەکە زیادیکردووە، ئەمەش هۆکارە بۆ خراپ بوونی ژینگەی شارەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد:لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، چەندین باخچە لە شارەکە دروستکران، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی کارمەند و قەیرانی دارییەوە، باخچەکان بەشێکیان وشک بوون.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، ئاماژەی بە مەترسیی ژینگەی کەرکووک کرد لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و وتی:بە پێی نوێترین توێژینەوە، بەشێک لە نەخۆشی ژێرپەنجەی مەمکی ژنان، نەخۆشی تالاسیما و ڕەبۆ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئه و هەموو دووکەڵەی، کە ئاسمانی شارەکەی تەنیوە.
بە پێی ئه و بەدواداچوونەی، کە ڕۆژنیوز ماوەی سێ ڕۆژە لەشاری کەرکووک ئەنجامیداوە 14 باخچەی شارەکە بە تەواویی وشک بوون، هەروەها بە پێی ئه و ئامارەی کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، بەهۆی پێنەدانی بوجەی پترۆل دۆلار، زیاتر لە 700 باخەوان و چاودێری باخچەکان لە کارەکانیان دەرکراون و تەنها 74 باخەوان و چاودێر لەسەر کارەکانیان ماون.
ڕۆژ نیوز: 08-08-2017