ديارترين فەرماندەی ميليشياکانی حەشدی شيعەيە لە عێراق و پێشتر بە هۆی ئەنجامدانی چەندين تاوانەوە سزای بۆ بڕاوەتەوە و لە دوايين دەرکەوتنيشيدا شانبەشانی قاسم سولەيمانی بەشداری کردووە لە داگيرکردنی کەرکووک و پەلاماری ميليشياکانی حەشد بۆ سەر ناوچە کوردستانييەکان.
ئەبو مەهدی موهەنديس ڕۆژی 26-10-2017 لە لايەن ئەمريکاوە ناوی خرايە ليستی تيرۆريستانی جيهانەوە.
ناوی تەواوی جەمال جەعفەر محەممەد عەلی ئال ئيبراهيمە. نازناوی ئەبو مەهدی موهەنديسە. لە ئێران ناوی جەمال ئيبراهيمی بووە و هاوسەرەکەی ئێرانييە.
لە 1954 لەدايکبووە و لە 1973 چووەتە زانکۆی تەکنۆلۆژی و بەشی ئەندازەی مەدەنی تەواوکردووە و لە 1977 بەکالۆريۆسی بەدەستهێناوە.
لە 1954 لە بەسرە لەدايکبووە و ماوەيەک لە ناوچەی جابرييەی کوەيت ژياوە.
دوای تەواوکردنی زانکۆ ماوەيەک کاری ئەندازياری کردووە و دواتر لە کۆليژی زانستە سياسييەکان خوێندوويەتی و دکتۆرای لە پسپۆری زانستە سياسييەکان بەدەستهێناوە.
لە حەوزەی مەزهەبی لە بەسرە لە لای موحسن حەکيم ئاشنای مەزهەبی شيعە بووە و لێی قووڵبووەتەوە.
لە قۆناغی ناوەندييەوە پەيوەندی بە حزبی دەعوە کردووە. دوای ڕووداوەکانی ڕەجەبی 1979 کە زۆر ئەندازيار و قوتابی کۆليژەکان دەستگيرکران، فەرمانی گرتنيش بۆ موهەنديس دەرچووە.
دوای هاتنە سەر کاری سەدام حوسێن لە 1979 و کوژرانی محەممەد باقر سەدر، لە سەرەتای 1980 موهەنديس عێراقی بەجێهێشتووە.
لە 1985 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شورای ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئيسلامی و وەک سياسييەک لە ئەنجوومەنەکە و وەک سەربازييەک لە فەيلەقی بەدر کاريکردووە.
دواتر بووەتە فەرماندە لە فەيلەقی بەدر تا کۆتايی نەوەدەکان.
لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە 2003 بە مانگێک وازی لە فەيلەقی بەدر و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئيسلامی هێناوە. خۆی وەک کەسێکی بێلايەن ناساندووە.
لە 2003 ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە و ڕۆڵی هەبووە لە سەرکردايەتيکردنی پێکهێنانیهاوپەيمانی نيشتيمانی يەکگرتووی شيعەکان و هاوپەيمانی نيشتيمانی عێراق و دواتريش هاوپەيمانی نيشتيمانی شيعەکان کە ئێستا هەيە.
هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە درووستکردن و پێکهێنانی ميليشياکانی حەشدی شيعی.
بە گوێرەی زانياری سی ئێن ئێنی ئەمريکايی موهەنديس لە لايەن هەواڵگری سەربازی ئەمريکاوە داواکراوە.
هەروەها لە لايەن پۆليسی نێودەوڵەتی ئينتەرپوڵەوە داواکراوە. لە هەندێک دادگاش سزای لە سێدارەدانيشی بۆ بڕاوەتەوە بە هۆی ئەوەی تۆمەتبار کراوە بە پەلاماردانی باڵيۆزخانەکانی ئەمريکا و فەرەنسا بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە ساڵی 1983 لە کوەيت.
دادگای کوەيت لە 1984 سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.
ئه و تەقينەوانەی ئه و لە کوەيت ئەنجاميداوون بوونەتە هۆی کوژرانی 5 کەس و بريندار بوونی 86 کەسی ديکە.
هەروەها هەواڵگری وڵاتانی خۆرئاوا بەوە تۆمەبتاری دەکەن، کە پيلانی داناوە بۆ ڕفاندنی فڕۆکەيەکی هێڵی ئاسمانی کوەيت لە ساڵی 1984 و هەوڵی کوشتنی ميری کوەيت جابر سوباحی داوە.
له و ساڵانەدا حزبی دەعوە دژی کوەيت تەقينەوەی ئەنجامدەدا، به و پێيەی کوەيت پشتيوانی عێراقی دەکرد لە شەڕی دژ بە ئێراندا.
ئەبو مەهدی موهەنديس لە 18ی ئەيلوولی ڕابردووەوە ڕوويکردووەتە سنووری کەرکووک و سەرپەرشتی پەلامار و هێرشەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی کرد بۆ داگيرکردنی خورماتوو و کەرکووک و سووتاندنی ماڵی هاووڵاتيانی خورماتوو و ئاوارەکردنی دانيشتوانە ڕەسەنەکەی.
ئەبو مەهدی موهەنديس کە بە يەکێک لە دێرينترين ياوەرانی قاسم سولەيمانی هەژمار دەکرێت و بەيەکەوە نەخشەی لەشکرکێشيان بۆ سەر کەرکووک داڕشتبوو و هاوکات بەشداری کردووە له و ڕێککەوتنەی لە نێوان بافڵ و لاهور جەنگی و ئاراسی برای لەگەڵ ميليشياکانی حەشد کردبوويان بۆ ڕادەستکردنی کەرکووک بە چەکدارە شيعەکان.
دوای داگيرکردنی شارەکەش، موهەنديس لە ڕێی شاشەی کەناڵە شيعييەکانەوە دەرکەوت و هەواڵی داگيرکردنی شارەکەی ڕاگەياند.[1]