ئەنوەر عەباسی ناسراو بە هەرەس، نووسەر و شاعیر، لە دایکبووی ساڵی 1986 ی زاینی شاری #سەقز# ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێی وڵاتی سوید. جگە لە بواری ئەدەبیات، لە بواری سیاسەت و ڕۆژنامەوانیشدا خاوەن ئەزموونی خۆیەتی کە هەر چالاکییە سیاسییەکانیشی دەبنە هۆی ئەوەی کە لە شار و زێدی خۆی داببڕێ و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی لەسەر بێت. پاش دەرباز بوونی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2010 ی زاینیدا ڕوودەکاتە باشووری کوردستان و هەتا کۆتاییەکانی ساڵی 2015 نیشتەجێی #هەولێر#ی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبێ و پاشان بەهۆی زەخت و زۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەوێش بەجێدێڵێ و ڕوو لە هەندەران دەکات و لە وڵاتی سوید دەگیرسێتەوە.
دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی هاوچەرخە (hawcharkh.net) کە تایبەتە بە ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردستان. ئەنوەر عەباسی ئەندامی ناوەندی یەکێتی نووسەرانی کوردستان، ئەندامی ناوەندی پێنی سوید و هەروەها ئەندامی یەکێتی نووسەرانی ئەو وڵاتەیە.
بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی شیعر و چیرۆک دەنووسێت و یەکەم بەرهەمی چاپکراوی پەڕتووکێکی شیعرییە بە ناوی خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان کە ساڵی 2015 لە هەولێر و لەلایەن چاپەمەنی ڕۆژهەڵاتەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. شیعر و چیرۆکەکانی ئەنوەر عەباسی بۆ سەر چەندین زمانی بیانی وەکوو ئینگلیزی، فارسی، سویدی، سپانی و عەرەبی وەرگیڕدراون، هەروەها چەند پەڕتووکی شیعری دیکە و ڕۆمانێکی بە ناوی سژین چاپکردووە.
لیستی پەڕتووکە چاپکراوەکانی ئەنوەر عەباسی (تا ساڵی 2022) :
#خۆمێک لە خۆمە ونبووەکان# | شیعر
#پەنجا و سێ گوڵ و ئاڵایەک کە پارە ناکات# | شیعر
#ئاوڕدانەوەی چیا و ئەزموونی زایەڵە# | شیعر
#سژین# | ڕۆمان
ئەم ڕۆمانە بۆ سەر دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە.
شیعری هاوچەرخ و چەن پەراوێزێک | دیداری ئەدەبی
خطاب به دیکتاتور | ئانتۆلۆژیای شیعر / فارسی
شریان تابوت | شیعری فارسی
‘SUITABLE FREQUENCY from a 53Hz Whale’ | وەرگێڕانی هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی بۆ سەر زمان ئینگلیزی. [1]