بۆ نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی کۆمەڵەیان حەلکرد؟.
کێشەی بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی چی بوو؟..
عارف کەریم وەڵام دەداتەوە
بەروار: 27-12-2017
عارف کەریم لە کادری سەرەتاکانی کۆمەڵە:
تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لەوە ترساون کە ڕۆژێک لەرۆژان نەتوانن کۆمەڵە کۆنترۆڵ بکەن بۆیە حەلیانکرد
لوتبەرزییەی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی نەک هەر هۆکاری جیابوونەوەکە بوو، خەڵکی تووشی ناکۆکی و کێشە و دووبەرەکی کرد
مەکتەبی سیاسی لەحاڵەتێکی نیمچە غرودابوو لەبەرانبەر مەلا مستەفا، وا تێگەشتبوون ئەتوانن مەلا مستەفا بارزانی گۆشەگیر بکەن بەڵام بۆیان نەچووە سەرو ئەو بیرکردنەوەیان لەمەساڵحی کورد نەبوو
کۆمەڵە هیچ کاتێک دوژمنایەتی پارتی و بارزانی نەکردووە، بروای بەوەش هەبوو هاوپەیمانی لەگەڵ پارتیدا بکات
لە ئەنجامدا دەرکەوت برادەرانی کۆمەڵە هەمان حزبی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بوون
هەموو سەرکردەکانی کۆمەڵە، بە دامەزرێنەرەکانیشیانەوە، هەموو موعجیب بوون بەشەخسی تاڵەبانی
سەرکردەکانی یەکێتی دەستیان بەسەر کۆمەڵەدا گرت و لەدواجاردا کۆمەڵەیان بەچەقەنەیەک حەلکرد
ئەگەر برادەرانی کۆمەڵە شەخسی بەهێز بوونایە ڕادەست بە پیلانی یەکێتی نەئەبوون
نەوشیروان مستەفا نە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەبوو نە لە کادرە سەرەتاییەکانی
کاک نەوشیروان لەژێرکاریگەریی شەخسی مام جەلالدا بووە معادەلەی حەلکردنی کۆمەڵە لێرەوە دەستی پێ کرد
باڵی مەکتەبی سیاسی لەلایەن کادیرەکانیەوە ڕاپۆرتی بۆ ئەهات کە میللەت و جەماوەر هەموو لەگەڵ حزبەو دژی مەلامستەفان بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەوان ناواقیعی بوون
ڕزگار ڕەزا چوچانی. سوید
نوچەنێت گۆڤاری سڤیل
عارف کەریم، یەکێک لەکادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەبووە، پێشتر لەیەکێتی قوتابییانی پارتی کاریکرد، لەم دیمانەیەی لەگەڵ گۆڤاری سڤیل باسی کێشەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی و باڵی مەلا مەستەفا بارزانی دەکات، هۆکارەکان بۆ ناواقیعی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەگێڕێتەوە، لە حەلکردنی کۆمەڵەو مێژووی کۆمەڵە ئەدوێت، پێی وایە نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی ترسی ئەوەیان هەبووە کۆمەڵە لەکۆنترۆڵیان دەربچێت بۆیە حەلیانکرد.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: با سەرەتا لەخۆتەوە دەستپێبکەین چۆن لەگەڵ کۆمەڵە دەستت بەکار کرد؟ چۆن کارتان دەکرد؟
عارف کەریم: مێژووی کارکردنم لەگەڵ کۆمەڵەی مارکسی لینینی، ئەگەرێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 970 من پەیوەندیم نەکردووە بە کۆمەڵەوە، بەڵکوو پەیوەندیان پێوەکردووم، بۆ ئەوەی بچمە ڕیزی کۆمەڵەوە، کاک فەرەیدوون عەبدولقادر پەیوەندی پێوەکردم، هەنگاوی دوای ئەو پەیوەندییەش کارکردنم بوو لەگەڵ کۆمەڵە، دوو کەسی یەکەم کە ناسیمن شەهید شەهاب و کاک ئاوات عەبدولغەفوور بوو، سەرەتای درووستکردنی کۆمەڵە بە پەیوەندی بە کەسانی ناسراوەوە دەستی پێ کرد، تا لەدەوری کۆمەڵە کۆببنەوە، دواتر دەستکرا بە درووستکردنی ئەڵقەکانی ڕۆشنبیری، کۆمەڵەش بۆخۆی ڕێکخستنێکی نهێنی بوو، ڕێکخراوێکی ئاشکراو ڕاگەیەنراو نەبوو.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کۆمەڵە سەرەتا ڕێکخستنێکی نهێنی بوو، کام قۆناغ و کام ساڵ سەردەمی گەشەسەندنی کۆمەڵە بوو؟
عارف کەریم: ئەتوانین بڵێین ساڵەکانی 970عارف کەریم: 975سەرەتای کارکردن و ڕێکخستن بوو، کۆمەڵە نەبووبووە هێزێکی دیاری جەماوەری، کۆمەڵە خۆی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە گەورەترین ژمارەی خەڵکی کوردستانەوە، تا ببێتە هێزێکی گەورە لە کوردستاندا، یانی ئەیویست بەرگەی شەقی زەمانە بگرێت، ئەوکات خۆی ڕابگەیەنێت، بۆیە کارەکان هەموو بەنهێنی دەکران و بریتی بوو لەچالاکی لە ناو ئەڵقەکانی ڕۆشنبیریدا، کە کاریان تیشکخستنە سەر دۆخی ئەوکاتی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک بوو بۆ خەبات و بۆ ئامانجێکی ڕوون.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: سەرەتای درووست بوونی کۆمەڵە هاو کاتە، لەگەڵ حەلکردنی باڵی مەکتەبی سیاسی لەناو پارتیدا، پارتیش هێزێکی دیار بوو، سەرکەوتنێکی باشی بۆ کورد بەدەستهێنابوو، جیاوازی ئێوە لەگەڵ پارتی لەچیدابوو کە نەتانتوانی کار بکەن، لەناو پارتیدا؟.
عارف کەریم: کۆمەڵەی مارکسی لینینی، لە کەسانێک پێکهاتبوو بوو کە لە هەناوی حزبەکان یان ڕێکخراوەکانی ترەوە هاتبوون، نوخبەیەکی ڕۆشنبیری دیار بوون، ئەتوانم بڵێم جیاوازییەکە ئەوەبوو، کە پارتی حزبێکی بۆرجوازی بوو تاکە زلهێزی ساحەی ئەو سەردەمە بوو، بەتایبەت لەدوای بەیانی 11ی ئادار، پارتی بووە تاک هێز لە کوردستاندا، ئەشیویست خۆی ئیحیکاری ساحەکە بکات، هەموو شتەکان بۆخۆی بێت، واتە پارتی حزبێکی دەسەڵاتدار بوو لەگەڵ حکومەتدا بوو، بەڵام کۆمەڵە ڕێکخراوێکی مارکسی لینینی بوو، ڕێکخراوێکی چەپ بوو، بەنهێنی کار دەکرد و لەگەڵ پارتیدا ئاسمان و ڕێسمان بوو.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: ئەوکات کە کۆمەڵە درووست بوو، زۆربەی جموجوڵ و چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی لەخزمەتی بیری چەپدا بوون، کەسانێکیش هەبوون لەناو پارتی ئەوەیان دەویست پارتی حزبێکی چەپ بێت، کۆمەڵەش لەو بەرەیەدا خۆی ڕاگەیاند، ئایا ئەوە تەنیا چاولێکەری نەبوو، ئەوەنەی ڕەچاوکردنی واقیعی مەنتیقەکەبێت؟.
عارف کەریم: بەو شێوەیەش نییە، کۆمەڵە کاتێک درووست بوو، پەیرەوی مارکسیزم لێنینیزم بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی دەکرد، لەخۆشییەوە درووست نەبوو، بەڵکوو بنەمایەکی پێشینەیی هەبوو، وەک ئەوەی بەرلە درووست بوونی، خەڵکانێک هەبوون مارکسیزم لێنینیزم ئەفکاری ماویان ئەخوێندەوە، خەڵکانێک هەبوون دیدی چەپیان بەلاوە پەسەند بوو و کاریان بۆ ئەو بروایە ئەکرد، بەتایبەت لە ڕێکخراوەکانی سەربە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی، تەنانەت لەناو پارتیش خەڵکانێک هەبوون کە چەپ بوون و حەزیان ئەکرد لەڕێکخراوێکی چەپدا خۆیان ببیننەوە، ئەوە بروا بوو، بەو شێوەیە نەبوو لاسایی بکەنەوە، کۆمەڵە ڕێکخراوێکی نهێنی بوو، ئەوە نەبوو بڵێی لاسایی خەڵک یان لایەکی سیاسی ئەکاتەوە، بەپێچەوانەوە کاری ئەکرد بۆ ئەوەی خەڵک لەدەوری ئەو بیوباوەڕەکۆبکاتەوە و ببێتە ڕێکخراوێکی بەهێز و جەماوەری و ڕۆژێک لەرۆژان خۆی ئاشکرابکات لەساحەی کوردستاندا.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: وەک دەڵێن کۆمەڵە زۆر خیلافی لەگەڵ بیروباوەڕی پارتی هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی نێوانی کورد و ئێراق تێک دەچێتەوە، کۆمەڵە لەسەنگەری پارتی دا خۆی بینیەوە بەرانبەر بەعس واتە ساڵی 1974؟.
عارف کەریم: کۆمەڵە بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لەشۆڕشی کورد دەکرد، نەک حزبێک، کۆمەڵە هیچ کاتێک دوژمنایەتی نە پارتی و نە بارزانی نەکردووە، لەدانیشتنەکانیا لە بیروبۆچونەکانیا، لە ئەدەبیاتی خۆیا، بەهیچ شێوەیەک پارتی بە دژ ناو نەبردووەو وەک لایەنی ناکۆکی سەرەکی لەپارتی نەروانیووە، بروای بەوەش هەبوو هاوپەیمانی لەگەڵ پارتیدا بکات و شان بەشانی ئەو لە دژی بەعس خەبات بکات، بەڵام کۆمەڵە هەمیشە بڕوای بە خەباتێکی چەپڕەوانە هەبوو، بروای بەوەش هەبوو خەبات بۆ کۆکردنەوەی خەڵک بکات لەدەروی ڕێکخراوەکەی، یانی کاتێک بڕوای بەهاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ پارتی، ململانێشی لەگەڵدا ئەکرد (لەسیاسەتدا پێی دەڵێن “وەحدەو سیراع) .
ڕزگار ڕەزا چوچانی: ئەگەر کۆمەڵە ڕێکخراوێکی نهێنی بووە، چۆن بڕوای بەهاوپەیمانی هەبووە لەگەڵ پارتی، بەچی هاوپەیمانی ئەکرد؟، یان کاتێک خەڵکی کۆدەکردەوە لەدەوری خۆی، کاتێک خۆی نهێنی بووە، لەکام چوارچێوەدا ئاڕاستەی ڕووبەڕوو بوونەوەی بەعسی کردوون؟.
عارف کەریم: کۆمەڵە ڕاستە ڕێکخراوێکی نهێنی بوو لە سەرەتا، بەڵام بەو ئاڕاستە کاری دەکرد، کە لەئاییندەیدا ببێتە حزب، حزبیش یانی دەسەڵاتی سیاسی، هەرێکخراو و هەر حزبێک کەکار دەکات، مەبەستی گرتنە دەستی دەسەڵاتە، بۆ کات بەسەر بردن و تەپوتۆزکردن نییە لەدەوری خەڵک و نەزانێ بەرەو کوێ دەڕوات، بێگومان کۆمەڵەش ڕێباز و دروشمی خۆی هەبوو، بۆ ئەو شتانەش خەباتی دەکرد کە بڕوای پێی هەبوو.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کۆمەڵە تاچەند لەژێرکاریگەریی و هاندانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتیدا بوو؟.
عارف کەریم: نە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی و نەپارتیش شتێکی ئەوتۆیان لەسەر کۆمەڵە نە دەزانی، تا کاریگەریان بەسەریەوە هەبێ، وەکوو عەناسر خەڵک هەبووە ئاگایی هەبێت، بەڵام وەکوو حزب هیچ لایەکیان ئاگادار نەبوون و کۆمەڵە کاری نهێنی ئەکرد، ڕاستە وەکوو هەست، پارتی هەستی ئەکرد شتێک هەیە، بەڵام ئاگاداری قەوارەی نەبووە کە چەندە، کێن ئەو کەسانە، چۆن کار دەکەن و چی دەکەن، بەنسبەت باڵی مەکتەبی سیاسی وەکوو شەخس هەبوون هاتونەتە ناو کۆمەڵە، بەڵام وەک شەخسی خۆیان، نەک حزب.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: لەسەرەتاوە کۆمەڵە ڕووبەڕووی حەملەی دەستگیرکردن بووەوە، تۆش یەکێک بووی لەوانەی هەڵهاتی، ئەگەر ئەوەندە نهێنی بوون، هۆکاری ئاشکرا بوونەکە چی بوو؟.
عارف کەریم: ئەوە کاتی نسکۆی شۆڕش بوو، ئەوکات بەعس هەندێ زانیاری دەستکەوتبوو، هەندێ نامەش لەدەرەوەی وڵاتەوە هاتبوو دەستی حکومەت کەوتبوو، لەنامەکانیشدا ناوی تیا بووە، دیارە حکومەتیش ورد ورد چاودێری ئەو ناوانەی کردووەو دوای ئەوە حەملەیەکی گەورەی دەستگیرکردن دەستی پێ کرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵە بەر ئەو حەملەیە کەوتن، دواتریش ئەو کادرو سەرکردانەی دەستگیرکرد و لەسێدارەی دان کە ئێران ڕادەستی ئێراقی کردنەوە، ئەوە زیانێکی گەورە بوو، بەڵام بۆ نەهێشتنی کاری کۆمەڵە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست نەهێنا، لە سێدارەدانی ئەو هەڤاڵانەش زیاتر بۆ چاوترساندنی خەڵک بوو لە کوردستان، چونکە لەوکاتەدا شۆڕشی کورد تووشی هەرەس ببوو، پێشمەرگە لەسەر قاچی خۆی نە ئەوەستا، خەڵک بەلێشاو ئەهاتەوە خۆی ئەدا بەدەستەوە، کۆمەڵەش ڕووبەڕووی خەباتێکی سەخت بوەوە، ناوی من و حەمەسەعی براشم دیارە دەستی حکومەت کەوتبوو، لەیەک ڕۆژدا فەرمانی گرتنمان بۆ دەرچوو، من بەختم هەبوو کە پاسپۆرتێکم هەبوو، توانیم خۆم بگەیەنمە سووریا، لەوێش پەیوەندیم کرد بە یەکێتی یەوە، براکەشم دوای زیاتر لەساڵێک لەخۆشاردنەوە، توانی بچێتە شاخ و پەیوەندی بەبرادەرانەوە بکات، بێگومان منیش ناوم هەبوو، ئەوە نەبوو حکومەت لەخۆوە بێت من بگرێت، من بەڕەسمی لای برادەرانمەوە لەکۆمەڵە ئاگادار کرام، وتیان ناوت هەیە و نۆبە هاتۆتە سەر تۆ بتگرن، ئەم ئاشکرابوونانەش پەیوەندی بە تۆکمەی و نا تۆکمەیی کاری نهێنی کۆمەڵەوە نەبوو، لە هەموو ڕێکخراوێکی نهێنی چالاکدا، ئەو جۆرە ئاشکرا بوونانە ڕوو ئەدا.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: تۆ یەکێک لە کادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە بوویت، لە ساڵی 1975 یشەوە لەسووریا پەیوەندیت بەیەکێتییەوە کردووە، تا ئێستا ئەو دەنگۆیە یەکلا نەبۆتەوە، کە گوایە یەکێک لە ئامانجەکانی درووستکردنی یەکێتی حەلکردنی کۆمەڵە بووە، تۆ زانیاریت چییە لەوە بارەوە تاچەند بەراستی دەزانیت؟.
عارف کەریم: من زانیاریم نییە کە نەخشەو پلانێکی ئامادەکراوی لەو شێوەیە هەبووبێ لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی یەوە، بەڵام هەستم ئەکرد کە ئەوان ڕێکخراوێکی چەپی مارکسییان ناوێت، ڕەنگە ویستبێتیان بەو شێوەیەی کە خۆیان ئەیانویست کۆمەڵە هەبێ، وەک ئەوەی کە لەشاخ کردیان.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: ئەی کە یەکێتی کۆمەڵەی وەکوو خۆی نە ئەویست، چۆن بوو کادرانی کۆمەڵە ڕازیبوون چوونە ناو یەکێتی؟.
عارف کەریم: دیارە خەلەل لە بیروباوەڕیان هەبوو، چونکە ئەگەر شەخسی بەهێز بوونایە بڕوایان بە بیروباوەڕی خۆیان هەبوایە، ڕادەست بەو پیلانانە نەئەبوون، کە یەکێتی چۆنی بوێت بە چەقەنەیەک وایان لێبکات، دیارە برادەرانی کۆمەڵە موعجیب بوون بە یەکێتی و سەرکردەکانی، بۆیە ئەوان چۆنیان ویستبێت ئەمانیش وایان بۆکردوون، باشترین بەڵگەش ئەوەیە، کە سەرکردەکانی یەکێتی دەستیان بەسەر کۆمەڵەدا گرت و ئەو عەناسیرانەیان تیا چاند کە خۆیان ئەیانویست، لەو ڕێگایەوەش لەدواجاردا کۆمەڵەیان بەچەقەنەیەک حەلکرد و کەسیش نەیتوانی هیچ بڵێت.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کۆمەڵە ئەوەندە ئاسان بوو کە بەیەک چەقەنە حەل بکرێت لەناو یەکێتی دا، ئەوە تاچەند پێچەوانەی ئەو قسانە بووە کە ئێوە وەکوو کادر و سەرکردەی کۆمەڵە، خەڵکتان پێتەیار ئەکرد و باسی خۆڕاگریتان بۆ ئەکردن؟.
عارف کەریم: ئەمە پەیوەندی بە پێچەوانەوە نییە، شۆڕشی نوێ لە ساڵی 76 هەموو قوورساییەکەی کەوتە سەر ئەو ئەو کۆمەڵە بەدبەختەی کە تۆ باسی ئەکەی، لە سلێمانی گردێک هەیە بەناوی گردی شەهیدان، هەمووی شەهیدانی کۆمەڵەن، ئەمەش ئەوە پیشان ئەدات کە خەباتێکی بێوچان و مەبدەئی و جدیانکردووە، کەشۆڕش دەستی پێ کردۆتەوە لە کوردستاندا، ئەوان بڕبڕەی پشتی شۆڕشەکە بوون، بۆیە هەڵەیە بڵێی ئەوان بەپێچەوانەی بیروباوەڕی خۆیانەوە کاریانکردووە، ئەوان خەڵکی عەقائیدی بوون، بەڵام کاتێک سەرکردایەتی ئەم کۆمەڵەیە ئەکەوێتە ژێر کاریگەریی سەرکردەیەک و دوانی تر، ئەوانیش وەکوو سەرکردە قسە بۆ خەڵک و شوێنکەوتوانی کۆمەڵە ئەکەن، لەبارەی دۆخ و زەرورەتی خەبات و کاری هاوبەش و ئەو لایەنانە قسە ئەکەن، توانیویانە قەناعەت بەزۆریان بکەن، ئەوەش وایکرد کۆمەڵە بەو شێوەیە کۆتای بێنێ کە کۆتایی هات.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: بەڵام تۆش یەکێکی لە کادرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و پێش هاوڕێکانت پەیوەندیت کرد بە یەکێتی یەوە، خۆ ئێوەش لە موعجیبەکان نەبوون، بۆچی؟.
عارف کەریم: من ساڵی 2011 پەڕتووکێکم بڵاوکردەوە، بەناوی “کۆمەڵەو یەکێتی، کوورتە باسێکی مێژوویی”، ڕاستییەکانم لەوپەڕتووکەدا باسکردووە، باسی هەڵوێستی خۆمم بەڕوونی کردووە کە چۆن بووە و چۆن نەبووە، لە وتارەکانیشم کە نووسیومن باسم کردووە، من هەر لەسەرەتاوە بڕوام بە جەلالی و مەلایی نەبووە، شتی شەخسیم بەرانبەر هیچکام لە مام جەلال، یان کاک مەسعود نییە وەکوو شەخس، بەڵکوو مەسەلەکە بڕوای سیاسییە، قەناعەتی سیاسییە، مەسەلەکە عەقڵییەتی سیاسییە، ڕەنگە من نەگونجابم لەگەڵ بیروڕاو فەلسەفەی ئەوان، بەڵام لە ساڵی 975 کە فەرمانی گرتنم بۆ دەرچوو، هیچ جێگاو ڕێگایەکم نەبوو، کۆمەڵەکەی ئێمەش کۆمەڵەیەکی هەژار بوو، نەژێر زەمین و نە چەک و نەپارەی نەبوو، نەکەسیش ئەیتوانی بەخێومان بکات، کۆمەڵە هەر ئەوەنە توانای هەبوو خەڵکی خۆی ئاگادار ئەکرد، ئاگاداربە فەرمانی گرتنت هەیە و خۆت نەدەی بەدەستەوە، بۆیە ناچاربووم و لە سووریا چوومە ناو یەکێتی، نەک وەک هەڵبژاردنی بیروبڕوا.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: وتت بڕوام بە جەلالی و مەلایی نەبووە؟.
عارف کەریم: هەتا سەر ئێسقان، بەڵێ بڕوام پێی نەبووە.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: بەڵام تۆ لەناو یەکێتی قوتابییانی پارتیدا کارت کردووە، کاتێک باڵی مەکتەبی سیاسی جیا دەبێتەوە کە بەجەلالی ناسێنران، لەگەڵ ئەوان جیابویتەوە، ئەمە بڕوابوون نییە؟ ئەگەر نییە بۆچی لەگەڵ ئەوان جیابویتەوە؟.
عارف کەریم: جارێ با من شتێکت بۆ ڕاستبکەمەوە، یەکێتییەک نەبوو بەناوی یەکێتی قوتابییانی پارتی، من بەشبەحاڵی خۆم ئەندامی یەکێتی قوتابییان بووم، تا کاتی ئینشیقاقی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە زانکۆش لە ساڵی 1964دا دیسان خۆم بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکێتی قوتابییان بووم، ئەو کات یەک یەکێتی قوتابییان هەبوو هی پارتی نەبوو، بەڵام ئەم یەکێتی قوتابییانە هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرد، کە یەک پارتی هەبوو، یەک قیادەی هەبوو، باڵی جەلالی و مەلایی نەبوو، بەڵام لە ساڵی 64 پاش ئەوەی بارزانی لەگەڵ حکومەتی ئێراق ڕێکئەکەوێت، ئەوکات باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە مەلا مەستەفا جیا ئەبێتەوە، ئەویش بۆخۆی سەرکردایەتییەکی تازەی درووستکرد، ئیتر ململانێ دەستی پێ کردوو، بووە جەلالی و مەلایی، وەکوو ئێستای حکومەتی هەرێم هەمووشتێک بووە دووکەرتەوە، وەک ئەم دواییەی لای خۆمان چۆن هەموو ئیدارەکان، هەولێرو سلێمانی، ڕێکخراوی قوتابییان، مامۆستایان، نووسەران، ژنان، ……تاد، حکومەت، هەموو شت بووە دوو لەت، ئەوکاتیش هەمانشتی لێهات، بۆیە دوای ئەو کێشەیە ئەتوانی بڵێی (یەکێتی قوتابییانی سەربە پارتی) ، کە بووە دووبەش، منیش لەگەڵ بەشی باڵی مەکتەبی سیاسی بووم، بەڵێ ئەوکات من تاسەر ئێسقان جەلالی بووم، یەکێک بووم لەجەلالییە سەرسەختەکان ورگی خۆمم لەسەر هەڵئەدڕی، بۆیە کە ئەڵێم بروام بەجەلالی و مەلایی نییە، مەبەستم ئەم دواییەیە نەک ئەو مێژووەی تۆ بۆی ئەگەڕێتەوە، ئەو مێژووەی تۆ باسی ئەکەی بەڵێ جەلالی بووم.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: وتت کۆمەڵە تەنزیمێکی نهێنی و بێ دەسەڵات بوو، ئەی ئەو زانیاریانەی لەکوێ دەست ئەکەوت کە بەرلەوەی کادرەکانی دەستگیربکرێن، ئەو ئاگاداری دەکردن فەرمانی گرتنیان هەیە، وەک ئەوەی تۆیان ئاگادار کرد، ئەمە بۆنی ئەوەی لێنایە، کە کۆمەڵە پەیوەندی بە دەزگاکانی حکومەتەوە هەبووە؟.
عارف کەریم: پرسیارێکی چاکە، منیش وەڵامت ئەدەمەوە، کۆمەڵە هەندێ دۆستی هەبوو لەناو دادگا، دادوەرەکان هەندێکیان دۆستی کۆمەڵە بوون، بڕیارەکانی ئەمن و پۆلیس بەرلەوەی تەنفیز بکرێت، ئەچووە بەردەمی دادوەر، بەهۆی ئەو کەناڵی پەیوەندییەوە زانیارییەکان دەستی کۆمەڵە ئەکەوت نەک ئەو گومانەی باسی ئەکەیت.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کامانەن ئەو سەرکردانەی کۆمەڵە، موعجیبی سەرکردایەتی یەکێتی بوون؟.
عارف کەریم: هەموو سەرکردەکانی کۆمەڵە، بە دامەزرێنەرەکانیشیانەوە، هەموو موعجیب بوون بەشەخسی تاڵەبانی.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: لەجێیەک وتت کۆمەڵە بەهەموو شێوەیەک پشتیووانی لە شۆڕشی کورد دەکرد، بەڵام لەناو کۆمەڵەدا بروایەک هەبوو کەکاریان بۆ بەئێراقی بوون ئەکرد، ئەوە کێشەی گرووپبەندی بوو یان خیلافی فکری؟.
عارف کەریم: زیاتر مەسەلە فکر بوو، ئەو حەکایەتە لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا دەستی پێ کرد، کە دەکاتە ساڵانی 70 و 71 و 72، ئەو دوو سێ ساڵەی یەکەم بوو، هەندێ برادەر هەبوون ئەفکاری مارکسی لینینیان هەبوو، ئەیانویست کۆمەڵە بەرەو قیادە مەرکەزی حزبی شیوعی ئێراقی بەرن، کۆمەڵەش ڕازی نەبوو کەلەگەڵ ئەوان بێت، کۆمەڵە خۆی کۆمەڵەیەکی کوردستانی بوو بڕوای بە خەباتی کوردستانی هەبوو، بۆیە ئەو بڕوایەی پێقبووڵ نەبوو، من بەشبەحاڵی خۆم ئەگەر بمزانیایە کۆمەڵە کۆمەڵەیەکە ئێراقچێتی دەکات، لەوانەبوو من کاری تیانەکەم، هەتا لەسەرەتاش کەدەستم بە کار کرد لەگەڵ کۆمەڵە، بەبرادەرانم وت، ئایا ئەم کۆمەڵەیە درێژەدان نابێ بە پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان، باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەوان ڕەتیانکردەوە و وتیان نەخێر خەڵکی دەرەوەی ئەوانیشمان لەگەڵە خەڵکی سەربەپارتی. سەربە شیوعی، سەربە کاژیک، خەڵکی سەر بەو لایانەنای تیایە، ڕێکخراوێکی تازەیە و هی هەمووانەو هەموو بۆی هەیە کاری تیا بکات، بگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە، ئێمە کۆمەڵەیەکی کوردستانی بووین و خەباتی کوردستانیمان دەکرد، هەندێ برادەر بوون، وەک بەڕەحمەت بێت فازیلی مەلا مەحمود، کاک فوئاد قەرەداغی، کاک ئەشرەف تاڵەبانی و کۆمەڵێک برادەران لەوانە بوون کە ئەیانویست، مشتومڕی ئەوە بکەن و کۆمەڵە بەرەو حزبی شیوعی ئێراقی بەرن، بەڵام ئێمە ڕادەستیان نەبووین و هەمیشە لەمشتومڕو ململانێدا بووین لەگاڵیاندا، بۆیە ئەنجام ئەوان چونە دەرەوە لەکۆمەڵەو وازیانهێنا.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: تۆ لەسەرکردەکانی کۆمەڵەت پرسیوە ئەمە هەمان حزبی باڵی مەکتەبی سیاسی نییە؟، ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە، بەڵام ئەنجام هەموویان چونەوە ناو یەکێتی، ئەمە سەلمێنەری گومانی سەرەتای تۆ نەبوو، کە بە کۆمەڵەت بە درێژەپێدەری حزبەکەی باڵی مەکتەبی سیاسی زانیووە؟.
عارف کەریم: من ئەو مناقەشەیەم لەگەڵ شەهید شەهاب کرد، بەڕەحمەت بێ، ئەو وەڵامی منی دایەوە، کە نەخێر شتی وەها نییە، ئەمە کۆمەڵەیەکە خەڵکانی سەر بە حزبەکانی تریشی تێدایە، ئەوانەی کە بڕوایان بەڕێباز و ئەفکار و شیعارەکانی هەیە کاری تیا ئەکەن، من ساڵی 75 چوومە شام، لە کوردستان نەبووم، و تەقریبەن هەندێ لەکاری سیاسی دوورکەوتمەوە، بەداخەوە ئەنجام هەمان ئەو گومانەی من بوو، کە ئەوبرادەرانە هەمان حزبی باڵی مەکتەبی سیاسی بوون، هەرواش دەرچوو، خۆ ئەگەر واش نەبوایە، بێگومان ڕۆژی ئێمە بە ئەمڕۆژە نەئەگەشت.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کاری نەوشیروان مستەفا لەسەرەتادا چی بوو لەکۆمەڵە؟
عارف کەریم: کاک نەوشیروان پەیوەندی بە درووستکردنی کۆمەڵەوە نەبووە، بەڵام پێش ئەوەی کاک نەوشیروان بچێتە دەرەوەی وڵات، بە فەرمی پەیوەندی پێوەکرا لە سلێمانی، کەسێک هەبوو ئەچووە ماڵەوە بۆ لای و ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئەکرد لەگەڵیداو شتەکانی کۆمەڵەی پێشان دەدا، لەشتە تازەکان ئاگاداری ئەکرد، ڕاستە ئاگاداربوو لە درووستکردنی کۆمەڵە، بەڵام نە لە دامەزرێنەران بوو نە لە کادرە سەرەتاییەکان.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: ئەگەر یەکێک نەبوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، چۆن دواتر توانی باڵبەسەر کۆمەڵەدا بکێشێت؟.
عارف کەریم: کاتێک کە یەکێتی دامەزرا مام جەلال پەیوەندی بەکاک نەوشیروانەوە کردووەو کردی بە یەکێک لەدەستەی دامەزرێنەر، کاتێکیش گەڕایەوە کوردستان، بەو سیفەتەی کەسێکی ڕۆشنبیرو گەنج و قەڵەم بەدەست و خاوەن ڕابردوویەک بوو لەناو شۆڕشی کورد، مام جەلال داوای کرد کاروبارەکانی کۆمەڵە بگرێتە ئەستۆ و بووە سکرتێری کۆمەڵە.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: ئەی ئەگەر کۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە لەژێر کۆنتڕۆڵی تاڵەبانیدا نەبووە، چۆن دەکرێت ئەو بڕیار بدات کێ کاروبارەکانی هەڵدەسوڕێنێت؟.
عارف کەریم: لەشوێنێکی تردا من وەڵامم دایتەوە، وتم ئەو برادەرانە لە دەستەی دامەزرێنەرەوە بیگرە تا ئاخیریان لەکۆمەڵە، هەموو موعجیب بوون بەشەخی مام جەلال، هەڵبەت ئەوەش هەلێکی باشبووە بۆ مام جەلال کە چۆنی بوێ وابکات.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کەوایە تۆ ئەڵێی نەوشیروان مستەفا بە ڕاسپارەی تاڵەبانی بەرپرسیارەتی کۆمەڵەی وەرگرت؟.
عارف کەریم: من ئاگاداری وردەکارییەکان نیم لەوێ نەبووم، کە لەکۆنفرانس بوو یان چی، یان ئایا کۆنفراسەکە چۆن بووە، بەڵام بێگومان ویستی تاڵەبانی بووە، چونکە کاک نەوشیروان دەستێکی باڵای هەبوو لەناوی یەکێتی.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: دوای ئەوە نەوشیروان مستەفا بووە سکرتێری کۆمەڵەو وەک دەڵێن قۆناغی خەبات گۆڕا، کۆمەڵە حەلکرا. بەڕای تۆ زەرورەتی حەکردنی کۆمەڵە چی بوو؟
عارف کەریم: ئەگەر کۆمەڵە حەلبکرایەو حەلنەکرایە، هەر ببووە موڵکی یەکێتی خۆی، بەڵام لە هەشتاکاندا کۆمەڵە هێزێکی دیارو بەرچاوو بووە، ڕەنگە یەکێتی لەو هێزە ترسابێت، کە ڕۆژێک لەرۆژان لەدەستی دەربچێت و نەتوانی کۆنترۆڵی بکات، کە دەڵێم یەکێتی بەمام جەلال و کاک نەشیروانیشەوە، ئەگەر کاک نەوشیروانیش یەکێک لەوان نەبووە، بۆچی ئەو ڕادەستی ئەو خەتە بوو کە لەگەڵ حەلکردنی کۆمەڵەبووە، بێگومان خۆشی یەکێک لەوان بووە، بەڵام ڕەنگە ئێستا پەشیمان بێت و بڵێ کارێکی خراپمان کرد.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: تۆش ئەمە بەتەسلیم بوونی کاک نەوشیروان دەزانی بە ویستی مام جەلال؟.
عارف کەریم: هەندێ وشە هەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بۆ زۆر مەبەست بەکار دێت، بۆیە باشتروایە بڵێن کاک نەوشیروان لەژێرکاریگەریی شەخسی مام جەلالدا بووە، مام جەلال کاریگەریی هەبووە لەسەر کاک نەوشیروان، معادەلەی سیاسی حەلکردنی کۆمەڵە لێرەوە دەستی پێ کردووە.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: تۆ یەکێک لەوانەی کە کۆمەڵە بە تەنزیمێکی مۆدێرنتر لەحزبەکانی ئەو سەردەمە دەزانی، ئەگەر حزبێکی جیاواز بووە، هۆی چییە کاتێک بەشێک لە سەرکردەکانی ئەیانەوێ تەنزیمێکی تر درووست بکەن، بڕیاری کوشندەیان لەدژ دەدات و دەستگیریان دەکات؟.
عارف کەریم: کۆمەڵە ڕێکخراوێکی چەپ بوو، بڕوای بەخەباتێکی کوردستانی هەبوو، بۆ ئەوە درووست بوو کە خەباتی چەپڕەوانە بکات لە کوردستاندا، ئامانجی باشی هەبوو، کە ئەگەر بەدیهاتانایە، بێگومان جیاوازتر دەبوو لە حزبەکانی تر، لەسەرەتاش باسم کرد ئەو بڕوای بە هاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ پارتیش، نەک تەنیا خۆی هەبێت، دیارە هەموو گرووپێکیش بێ کێشە نابن، بەڵام چارەنووسی کۆمەڵە وای لێهات کە لێی هات.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: کەوایە پێت وایە، کە کۆمەڵە ویستی خەباتێکی چەپڕەوانەو تاکڕەوانەی نەبووە، ئەی ئەگەر نا، بۆ ئەو کێشەیە ڕوویدا کەلەپرسیاری پێشوو باسمکرد؟.
عارف کەریم: ئەتوانم بڵێم لە دوایدا ئەو برادەرانە نەیانتوانی درێژە بەو خەباتە بدەن کە دەبوو بیدەن، یان کار بۆ ئامانجەکانی کۆمەڵە بکەن، نەیانتوانی و کەتونە ژێر کاریگەریی ئەم سەرکردەو ئەو سەرکردە، کۆتاییەکەشی بەوە هات، کەسەری خۆی خواردو میراتەکەی بۆ یەکێتی مایەوە، ئەو ململانێیانەش کە لەنێوان ئەو برادەرانەو برادەرانی ئاڵای شۆڕشدا ڕوویدا، پەیوەندی بە بیرباوەڕ و فکری کۆمەڵەوە نەبووە، ئەوە سیراعی شەخسی بوون، ململانێی تاک بووە لەگەڵ تاکدا، ئەو برادەرانەی کە ئاڵای شۆڕشیان درستکرد، مەبەستیان ئەوەبوو دەسەڵاتیان لەناو یەکێتی دا هەبێت، چونکە دەسەڵاتیان نەمابوو، ئەکرێ ئەوەش وەک بەڵگە باس بکەین کە مەسەلە شەڕی شەخسی بووە بۆ گەشیتنە دەسەڵات، دوای ئەو هەموو ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر و بڕیار لە دژی یەک و زیندانکردنی یەکترە، هەموویان هەر وەک یەکێتی مانەوەو بوونەوە بەیەکێتی.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: تۆ لە کۆتایی ساڵی 76 وازت لەحزبایەتی هێنا، وات باسکردووە بەهۆی ئەوە کە پەلامار دراوی لەسەر بیروباوەڕی ئازاد، ئەم پەلاماردانە لەلایەن کێ وە؟ بۆچی؟، لەکاتێکدا ئەوکات تۆ لەناو یەکێتی بووی؟.
عارف کەریم: مەبەست لە پەلاماردان ئەوە نییە کە خەڵک یەخەی منیان گرتبێت و لێیاندابم، من هەندێ بیروڕای ئاشکرام هەبوو، بەرلەوەی بچمە شام و بچمە ناو یەکێتی، ئەوکاتیش کە کۆمەڵە بووم من بروایەکی جیاوازم هەبوو، کە بروام بەوە هەبوو، ئێمە تەنزیمێکی نوێمان ئەوێ کە لەدەرەوەی مەلایی و جەلالی بێت، سەرکردایەتییەکەی سەرکردایاتییەکی بە کۆمەڵ بێت دوور لەو سەریەشەو سیراع و خوێن ڕشتن و کێشەی کە هەبوو، بەم گیانەوە بوو چوومە ناو یەکێتی لەشام، کە پێشتر لەوەڵامی پرسیارێک باسم کرد. کەچوومە سووریا وەک بەشێک لەناچاری چوومە ناو یەکێتی، بەڵام کە چوومە ناو یەکێتیش وازم لەبڕوای خۆم نەهێنابوو، زۆر بەتوندی دژی شەڕی خۆکوژی و کورد کوژی بووم، یەکێک بووم لەوانەی محازەرەم ئەدا بە پێشمەرگەکانی قامشلۆ، ئەوانەی کە خۆیان ئامادەکردبوو بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، یەکێک لەوشتانەی لەوێش باسم ئەکرد ئەوەبوو، کە ئەموت ئەبێ بەتوندی لە دژی جەلالی و مەلایی بین، دژایەتی بەمانای دژایەتی شەخسی نا، یان دژایەتی حزبی نا، من لە دژی شەڕی حزبایەتی بووم و هیچ شتێکی شەخسیم بەرانبەر شەخی مام جەلال و کاک مەسعود نەبووە، هەڵبەت سەرکردایەتی یەکێتیش هەندێ شتیان بەلاوە قبووڵ نەبوو، بۆیە پەلامارەکان لەوێوە دەستی پێ کرد، سەرکردایەتی یەکێتی کە تازە درووستببوو ئەیویست خۆی هەموو شتێک بێت، هەرکەس و ڕێکخراوێکیش لەسێبەری ئەودا ئیش دەکات ڕازی بێت بە بەمەرجەکانی ئەو، منیش ڕازی نەبووم و پەلاماردانم دەستی پێ کرد، بەڵام پەلامار بەمانای پەلاماری شەڕو لێدان نا، نامەوێ بچمە ناو ئەو وردەکارییەوە.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: لە ساڵی 973 لە هەڵسەنگاندنێکی خۆت لەسەر حزبەکان بۆ کۆمەڵە ئەنووسیت، پارتی لەبەرەی میللەتن و نابێ لەخانەی دوژمندا حسابیان بۆ بکرێت، ئەڵێی ئەندامانی کۆمەڵەش هەموو ئەو ڕاو بۆچوونەیان هەبووە بەرانبەر پارتی، بەڵام هەر ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە ئەنجام بوونە بەشێک لەبەرەی شەڕ لەگەڵ پارتی. بۆچی وایان لێهات؟.
عارف کەریم: کۆمەڵە لەسەرەتای درووستبوونیەوە تا ئەو کاتەش کەچۆتە شاخ، بڕوای وابووە کە پارتی و بارزانی، ناکۆکی سەرەکی نین بۆ ئەو، بەمانای ئەوەی نابێ دوژمنایەتی لەگەڵ بکەیت، ئەبێ لێی نزیک بیتەوە و دۆستایەتی بکەیت، ئەمە ڕەئی کۆمەڵە بووە، ڕای من و هەموو ئەو برادەرانە بووە کە وەختی خۆی کاریان ئەکرد لە ڕیزەکانی کۆمەڵە، بەڵام دواتر کە یەکێتی و کۆمەڵە دەچنە شاخ و خەڵک کۆ ئەکەنەوەو لاولاوە قیادە موەقەتە درووست ئەبێت و ناکۆکییەکان توند ئەبێت و دەتەقێتەوە، کۆمەڵەش وەک بەشێک لەیەکێتی تێکەڵی ئەو ململانێیە دەبێت، ئەمە بەمانی ئەوە نییە مادام دوێنێ بڕوایان وابوو، ئەوەی کردیان سەلمێنەری ناراستگۆیی ئەو بڕوایە بووە، وەرە یەک حزبی کوردستانیم بۆ بدۆزەرەوە، خوێنی نە ڕشتبێت، خەڵکی نەدابێت بەکوشت، هەموو حزبە کوردستانییەکان نەک هەرپارتی و یەکێتی، هەموو ئەوانی تریش بەدرێژایی چەندین ساڵ لەشەڕدا بوون، لەپێناو بەرژوەندی شەخسی و خیلافاتی شەخسی و شتی هیچ و لابەلا، من بڕوام بەو شتانە نەبوو، بەداخەوە ئەوانی کۆمەڵەش تێوەگلان لەو شەڕانە، کەئەبوو تێوەنەگلانایەو نەیانکردایە.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: لە یەکێک لە پەڕتووکەکانت دەڵێی، یەکەم پەیوەندی کورد و ئێران باڵی مەکتەبی سیاسی درووستیان کرد بەبێ ئاگاداری بارزانی، دواتریش ئەوان لە ئێرانەوە چەک و تەقەمەنیان پێدەگات، ئایا پێت وانییە ئەوکاتیش ئێران یەکێک لەهۆکارو هاندەرەکانی شەڕی ناوخۆبووە؟.
عارف کەریم: مەکتەبی سیاسی کە لەشاخ بوو دەورێکی باڵای هەبوو لەناو شۆڕشدا تا ساڵی 64، لەوکاتەدا کە دەوریان هەبوو ئەوە ڕاستییە کە مەکتەبی سیاسی زۆر شتیان کردووە مەلا مستەفا بارزانی زۆر درەنگ پێی زانیووە یان پێی نەزانیوە، ئەم کارانەی مەکتەبی سیاسیش بوو وایکرد ناکۆکی و ململانێکانی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و مەکتەبی سیاسی بتەقێتەوەو پارتی ببێت بەدووبەشەوە، ئەوان ئەیانویست مەلا مستەفا گۆشەگیر بکەن و لە هەموو بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی بارزانیان ئاگادار نەدەکرد و هەر خۆیان خاوەنی بڕیار بوون، بۆیە کێشەکە تەقیەوەو هەردولا سەرکردایەتی بۆخۆی درووستکرد، بارزانیش ئەوانی کرد بە دیوی ئێراندا، ئەکید ئێرانیش لەونێوانە دەرفەتی بۆ درووستبووە کاری خۆی بکات، بێگومان ئێران بووە یەکێک لەهۆکارەکانی گەورەتربوونی شەڕوکێشەکە، من بڕوام بەوە نییە ڕۆژێک لەڕۆژان ئێران و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان بیریان لەسەرخستنی شۆڕشی کورد کردبێتەوە لە باشوور، یان لەسەر ئەو ئەساسە هاوکاری بەرەیەکی کوردی بکەن.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: وتت ئەوان بارزانیان لەبڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی گۆشەگیر کردبوو، ئەگەر ئەوان ئەوەندە بەهێزتر بوون لەبارزانی، بۆچی دواتر گەڕانەوە ژێر سێبەری بارزانی و لە پڕۆژەکەیان شکستیان هێنا؟.
عارف کەریم: بارزانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندەکانی شۆڕش و ئەفسەرانی پۆلیسدا هەبوو، ئەوانیش لە زۆربەی ناوچەکاندا خاوەن دەسەڵات بوون، بەپێچەوانەی واقیعەکەش باڵی مەکتەبی سیاسی لەلایەن کادیرەکانیەوە ڕاپۆرتی بۆ ئەهات، کە میللەت و جەماوەر هەموو لەگەڵ حزبەو دژی مەلامستەفان، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەوان ناواقیعی بوون بارزانی لەوە تێگەشتبوو کە خەڵک ماندووە خەڵک برسییە، بێتاقەت بووە لەکێشە و ململانێکان، بۆیە بارزانی لەگەڵ حکومەتدا ڕێککەوت، بەیانێکیان دەرکرد و شەڕیان ڕاوەستان، مەکتەبی سیاسیش بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کادیرەکانیان بەیانێکیان لە دژی مەلا مستەفا دەرکرد بەرانبەر بەو شەڕ ڕاگرتنە، لەوێوە خیلافەکان گەورەتر بوون، بەڵام خەڵک ماندوو بوو دیارە کۆتا هاتنی شەڕیان پێباشتربوو بۆیە لەگەڵ بارزانی بوون و دیسان فەرماندەکانیش لەگەڵ ئەوبوون، ئەوە یەکێک لەهۆکارەکانی سەرکەوتنییەتی بەرانبەر مەکتەبی سیاسی.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: خوێندنەوەت چییە بۆ هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی لەو باردۆخەدا؟.
عارف کەریم: مەکتەبی سیاسی نە ئەبوو ئەو کارەی بکردایە لەگەڵ بارزانیدا، ئەبوو خۆیان نزیک بخستایەتەوە لەبارزانی بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بڕوات و کورد لەو کێشە و شەڕە ڕزگاری ببوایە و ڕزگاری بەدەستهێنایە، مەکتەبی سیاسی لەحاڵەتێکی نیمچە غرودابوو لەبەرانبەر مەلا مستەفا، وا تێگەشتبوون ئەتوانن هەموو شت بکەن بەرانبەری، وا تێگەشتبوون ئەتوانن مەلا مستەفا بارزانی گۆشەگیر بکەن، یانی ئەیانویست بارزانی وەکوو شتێکی ڕەمزی بێت، کەی ویستیان مەرحەبایەکی بکەن و بچن بەلایا، کەی نەیانویست بۆخۆی دابنیشێت و هەقی ئەمانی نەبێت، بەڵام بۆیان نەچووە سەرو ئەو بیرکردنەوەیان ئەو کێشەیەی بەدوای خۆیدا هێنا کە لەمەساڵحی کورد نەبوو.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: لەباسکردنی باڵی مەکتەبی سیاسیدا ئێستا باسی غروروی ئەوانت کرد، لە پەڕتووکەشدا دەڵێی، ئەوانەی سلێمانی وەک ئەندام لق و ناوچەکان واتە سەربەباڵی مەکتەبی سیاسی، کاتێک لە پارتی جیابوونەوە، لوتبەرز و لەخۆبایی و شەڕانی بوون، ئەبێ هەر ئەو لوتبەرزی و لەخۆبایبوونە نەبوبێت بەشێک لەرۆحیەتی جیابوونەوەکەی درووستکردبێت؟.
عارف کەریم: ئەو لوتبەرزییەی مەکتەبی سیاسی نەک هەر هۆکاری جیابوونەوەکە بوو، ئەسڵەن کێشەی گەورەی لەگەڵ خۆی هێنا، وایکرد خەڵک بەشێوەیەکی نا درووست بیربکەنەوە، خەڵک تووشی ناکۆکی و کێشە و دووبەرەکی و کاری خراپ بکەن.
ڕزگار ڕەزا چوچانی: لە پەڕتووکەکەتدا ئەڵێی، دیراسەیەکم نووسی بەناوی شۆڕشی نوێی گەل، شەهید ئارام بەناوی هۆشیارەوە لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوی کردەوە، ئەڵێی لەوکات دوو لەبرادەرانی مام جەلال سەرجادەیان پێگرتم وتیان ئێستا کاتی ئەو جۆرە نووسینانە نییە، منیش پێم وتوون ئاخر من لە بەکرەجۆ بەدەم هەڵوەشاندنی گیپەوە فێری نەبووم. مەبەستت چی بوو لەهەڵوەشاندنی گیپە؟ بۆ ئەوان لە بەکرەجۆ فێری بوون؟.
عارف کەریم: ئەوکات مام جەلال بارەگاکەی لە بەکرەجۆ بوو، لق و ناوچەی سلێمانیش لە سلێمانی بوون، هاتۆچۆی زۆر بۆلای مام جەلال هەبوو، مام جەلال خەڵکی کۆ ئەکردەوەو هەندێ جار لەشێوەی محازەرە، لەو کۆ بوونەوانەش خواردنی تیا بوو، لەو خواردنانەشدا گیپەی تیا هەڵوەشاوەتەوەو تیای بووە، ئەوە کەوامگوتووە وەکوو تەعلیقی من بوو بۆ ئەو برادەرانە، کە کاتی بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی منیان بە شیاو نە دەزانی و لە سەرجادە ئەوەیان بە من وت، منیش بۆیە وتم ئێوە لە گیپە هەڵوەشاندنەوە لە بەکرەجۆ فێری ئەمە بوون، یانی ڕەنگە ویستبێتم پێیان بڵێم من جیاواز لە ئێوە بیر ئەکەمەوە.