سوپای پاسداران نزیکەی 10ساڵە بە ئۆپەراسیۆنە جیاجیاکانی لە چیای شاهۆ و ناوچەی کۆساڵانی سەربە دەڤەری هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێک لە ژینگەی ئەو ناوچانەی لەناوبردووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی لە چیای شاهۆ و کۆساڵان، ڕاپۆرتێکی لەبارەی تاوانەکانی سوپای پاسداران لەدژی ژینگەی چیای شاهۆ بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەیە:
ڕووبەری چیای شاهۆ و کۆساڵان 57 هەزار و 236 هێکتارە، کە کەوتووەتە نێوان شارەکانی ڕوانسەر و #پاوە#ی سەربە #کرماشان# و هەروەها کامیاران و #مەریوان#ی سەربە #سنە# و لەلایەکیشەوە دەگاتەوە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
سوپای پاسداران نزیک بە 10 ساڵە کە دەستیکردووە بە بەسەربازییکردنی چیای شاهۆ و کۆساڵان و ڕووبەرێکی زۆر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو چیایەی لەناوبردووە.
سوپای پاسداران چیای شاهۆ و کۆساڵان بە ناوچەیەیکی ستراتیژیی بۆ هاتووچۆ و مانەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت و بەو بەهانەیەش هەموو هەوڵی ئەوەیە ناوچەکە لە دانیشتووان چۆڵ بکات و خۆی دەستی بەسەردا بگرێت.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسداران بە 20 هەزار پاسدار، سەرباز و بەکرێگیراو لە ناوچەکانی چیای شاهۆ و کۆساڵان ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە بەناوی موحەرەمی دوو دەناسرێت، ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی چیای شاهۆ لە ئاگردا سووتاند.
بەرپرسە حکومییەکانی پارێزگای سنە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیان تێدا ئەنجام دەدرێت، دارستان و لەوەڕگەی لێ نییە و لە تاشەبەرد پێکهاتوون.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە ئەو ناوچانەی تۆپباران و بۆردومان کراون، ژینگەی بزنە کوێیەکانن.
هەرچەند سوپای پاسداران کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیاندووە، بەڵام هێزە سەربازییەکان لەو ناوچانە ماون و بەتەواوی بەسەربازییان کردووە.[1]
#12-10-2018#