سێرڤانتێس
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: حەکیم کاکەوەیس
1999 سلێمانی
لە ڕۆمانی دۆن کیشۆت، کێشەیەکی فکری نێوان دۆن کیشۆت و سانچۆ (دوو کاراکتری سەرەکیی ڕۆمانەکە) ئەوەیە کە دۆن کیشۆت زۆر ئیدەئالیستە و سانچۆ (هەر چەند زۆر جاران لە بەر سادەیی خۆی ئەویش وە هەوا دەکەوێ، بەڵام) زۆرتر ڕێئالیستە.
هەر چەند ڕەنگە ئەو بەراوردە ناڕێک بێت، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە، نیگارێکی بەناوبانگی “رافائێل”م هاتە بەرچاو، کە لە سەر میچی کلێسای شاری ڤاتیکان کێشراوەتەوە و تێیدا ئەفلاتوون و ئەرەستوو بە یەکەوە پیاسە دەکەن. ئەو تابڵۆیە، دوو شێوازی جیاوازی بیرکردنەوە نیشان دەدات: ئەفلاتوون قامکی ڕوو بە ئاسمان ڕاگرتووە و ئاماژە بە ئیدەی بەرزی خوداوەندی دەکات. بەڵام پەنجەی ئەرەستوو زۆرتر ڕووی لە زەوییە. لێرەدا ئەم دوو خوێندنگایە فەلسەفییە لە یەک جودا دەبنەوە کە ئەفلاتوون زۆر ئیدەئالیست بوو، لەکاتێکدا کە ئەرەستوو هەوڵی دەدا مرۆڤێکی زەمینی بێ.
بەو پێیە هەڵسوکەوتەکانی دۆن کیشۆت و تەنانەت خۆشەویستییەکەی بۆ “دۆلسینێ”، زۆرتر ئەفلاتوونییە، بەڵام زۆر جاران هەڵسوکەوتەکانی سانچۆ، بە پێچەوانەی جیهانی ئیدەیالە ئاسمانییەکانن. بۆ وێنە کە باسی خۆراک دێتە پێش، دۆن کیشۆت ئامادەیە لە پێناو ئیدەی پاڵەوانییەتی خۆیدا، برسییەتی و تینوویەتی بکێشێ، چوونکە پێی وایە کە جەستە لە بەرابەر گیان شتێک نییە. هەروەها دۆن کیشۆت بڕوای بە ژیانی تاهەتایی دوای مردن هەیە و پێی وایە کە بە خۆی وەکوو پاڵەوان، ئەگەر لەم جیهانە فانییەش دا نەبێ، لە دوای مردن و لە لای خوداوەند شوێن و پێگەی تایبەتی هەیە.
بەڵام سانچۆ بە پێچەوانەوە، کەسێکی ئێگۆئیستە و ژیان و جیهان لە بوونی خۆیدا دەبینێ. سانچۆ پێی وایە کە جەستە بنەمای گیانە و ئەگەر نان و ئاوی پێ نەگات، ئیتر شتێک بە نێوی گیان و ژیان لە ئارادا نییە، چوونکە جەستە بە چوارچێوەی سەرەکی بینای بوونی خۆی دەبینێ. بۆیە سانچۆ نەک ئاسمان، بەڵکوو ڕووی لە زەوییە و تەنانەت ئیدەئالەکانیشی خاکین، واتا گەورەترین ئیدە و خەیاڵی سانچۆ تەنیا ئەوەیە کە ببێتە حاکمی جەزیرەیەک و دەوڵەمەند بێ.
لە کۆتایی ڕۆمانی دۆن کیشۆت، لە دواترین جەنگدا (کە لە ڕاستیدا جەنگێکی نمایشییە) پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە شکەست دەخوات و بڕیاڕ دەدات بۆ ماوەی ساڵێک ببێتە شوان. ئەمجارەیان جیهانی شوانییەتی بە ئیدەئال دەنەخشێنێ. لێرەشدا، دیسان ئیدەکانی ئەفلاتوونی لە کەسایەتی ئەودا ڕەنگ دەدەنەوە. بەڵام بەر لەوەی کە بمرێ، لە ناکاو دێتەوە سەر خۆی و دەچێتەوە قالبی کەسایەتیی پێشووی خۆی، واتا فێئۆدالەکەی جارانی بەر لە بوون بە “دۆن” پەیدا دەکاتەوە. دەگەڕێتەوە سەر ئایینی مەسیح و دژایەتی ئوستوورەی پاڵەوان و کتێبەکانی پاڵەوانییەتی دەکات. هەمان ئەو کتێبانەی کە مێشک و ڕەوتی ژیانی ئەویان گۆڕی بوو.
دۆن کیشۆت وەکوو مەسیحییەک و وەکوو هەمان “کیشۆت”ی بەر لە بوون بە پاڵەوان دەمرێ. تەنانەت پەشیمانە لەوەی کە بووەتە سووژەی ڕۆمانی نووسەران و مایەی پێکەنینی خەڵک. ئەوسا ئاوات دەخوازێ کە خەڵک بە کەسایەتی جاران بیناسنەوە؛ نەک بە کەسایەتی دۆن کیشۆت.
بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی کە دۆن کیشۆتی تا ئەوکات زیندوو ڕاگرتبوو، هەمان ئەو ئیدەئالانە بوون کە وەدوای کەوتبوو. چوونکە ئەگەر هەر فێئۆدالێکی مەسیحی سادە و ساکار بوایە و وەدوای ئیدە شێتانەکانی خۆی نەکەوتبا، ئیتر نەدەبوو بەو دۆن کیشۆتەی کە جیهان ناسی.
بە گشتی لەو ڕۆمانەدا ئێمە لەگەڵ سێ جۆرە کەسایەتی دۆن کیشۆت ڕووبەڕووین:
1. دۆن کیشۆتی ئاقڵ و نۆڕماڵ کە فێئۆدالێکی ئیمانداری مەسیحییە.
2. دۆن کیشۆتێک کە لە ژێر کاریگەریی کتێبەکانی پاڵەوانییەتیدا دەیهەوێ ببێتە پاڵەوان و جیهان ڕزگار بکات.
3. دۆن کیشۆتێک کە دەیهەوێ ببێتە شوان، هەر چەند دواتر دەبێتەوە هەمان کیشۆتی یەکەم.
سەرەڕای ئەمانە، دۆنکیشۆت لە هەموو دەورەیەکی ژیانیدا بەردەوام یەک ئیدەی نەگۆڕی هەبووە: خزمەتکردنی خەڵک و ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لە چنگی ئێش و ئازاری بەدکاران.
بەڵام سانچۆ هەر یەک کەسایەتی هەیە: نۆکەرێکی ڕێئالیست و خوێن شیرین کە زۆر جاران کاری گەوجانەش دەکات و، بە هۆی پەخمەیی و سادەیی خۆی و بە تەماحی دەوڵەمەندبوون؛ تووشی ئیدەی سەیروسەمەرە دێ. بەو حاڵەش ئەوەی کە دونیایەکی ئەفلاتوونی هەیە، دۆن کیشۆتە نەک سانچۆ. چوونکە دۆنکیشۆت پیاوی ئاسمانە و سانچۆ مرۆڤی زەوی.
شێرکۆ جیهانی