بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەنقەرە لە نووسراوێکدا بۆ داواکاری گشتیی ئەنقەرە ئاشکرایکردووە، بکوژ عومەر گیونەی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، کاتێک چووە بۆ ئەنقەرە لەگەڵ میت چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە.
ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی #پەکەکە#، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە پاریس و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزووتنەوەی گەنجان لە 9ی کانوونی دووەمی 2013 / 20ی بەفرانبار لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆرکران. لە ئەنجامی هەوڵی کورداندا بکوژ عومەر گیونەی دەستگیرکرا و 17ی کانوونی یەکەمی 2016 لە زیندانی فەرەنسا بەشێوەیەکی گوماناویی مرد.
پەیوەندیی نێوان گیونەی و دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی تورک (میت) چەندین جار بووەتە ڕۆژەڤ و باسی لەسەر کراوە. لە تۆمارێکی دەنگیدا، کە 12ی کانوونی دووەمی 2014 / 22ی بەفرانبار لە ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، دەرکەوت عومەر گیونەی لەگەڵ ئەندامانی میت دا کۆبووەتەوە و پلانی کۆمەڵکوژییەکەیان داڕشتووە. هەروەها بەڵگەی ئەرکدارکردنی بکوژ گیونەی، لەلایەن میتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە، بەهۆی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی ئەو کاتی میتەوە بڵاوکرایەوە.
کاتێک گیونەی لە فەرەنسا دەستگیرکرا سیمکارتێکی تەلەفونی تورکیای پێ بوو. لەو سیمکارتەدا یەکێک لەو ژمارانە کە بکوژ گیونەی بە بەردەوامی پەیوەندیی پێوکردووە ژمارەی میت بووە. سەرباری ئەوەی 6 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەو بەڵگەیە لەگەڵ بەڵگەکانی تردا ئاشکرا نەکرابوو.
ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) نووسراوی ئەو کاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرە بۆ داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە لەبارەی پەیوەندیی بکوژ گیونەی و میتەوە دەستخستبوو. بەپێی بەڵگەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرە گیونەی پێش ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە و لە دوایین سەردانیدا بۆ تورکیا پەیوەندیی بە ژمارە تەلەفونی 0444 – 2301209 کردووە، کە ئەوەش ژمارە تەلەفونی لقی میتە لە ئەرزرۆم. ئەوەش لە نووسراوی ڕۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2014 / 23ی بەفرانباری تورک تیلیکۆم دا ئاشکرا بوو بوو.
داواکاری گشتی داوای ناوی ئەو کەسانەی کردووە کە پەیوەندیی پێوەکردوون
لە ئەنجامی گوشاری فەرەنسا و بنەماڵەی تیرۆکراوەکانی پاریس دا، لە تورکیا لەبارەی عومەرگیونەوە دەستکرا بە لێکۆڵینەوە. بەرێوەبەری ئاشایشی ئەنقەرە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەدا لە 4ی شوباتی 2014 / 15ی ڕێبەندان دا نووسراوێکی بۆ داواکاری گشتیی ئەنقەرە ناردووە و لەبارەی ژمارەکانی ناو تەلەفونەکەی گیونەی – یەوە ئەو زانیارییانەی خوارەوەی خستووەتەڕوو:
- 0 312 281 32 58
- 0 312 282 98 02
- 0 212 709 03 43
- 0 212 213 55 88
- 0 346 221 68 38
- 0 352 591 34 96
- 0 352 320 51 22
- 0 442 230 12 09
داوای ئەو ژمارانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تورک تیلیکۆم کراوە. ئەو بەڵگانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تورک تیلیکۆمەوە بۆمان نیرداوە، ڕەوانەی دەکەین بۆتان.
ئەو کەسانەی، کە گیونەی پەیوەندیی پێوەکردوون
لە نووسراوەکەی ڕۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2014 / 23ی بەفرانباری تورک تیلیکۆم بۆ ئاسایشی ئەنقەرە، کە ئاسایشی ئەنقەرە ئەو نووسراوەی ڕادەستی داواکاری گشتی کردووە، لە بارەی ئەو ژمارانەی کە عومەر گیونەی پەیوەندیی پێوەکردوون ئەم زانیاریانە خراونەتەڕوو:
- 312 - 2813258 ئەحمەد گیونەی
- 312 - 2829802 ئازمی ئاکباش
- 212 - 2135588 بانو سەڤیل ئۆنەر
- 346 - 2216838 ساڵح جۆشار
- 352 - 5913496 ڕەمەزان یاوز یاشار
- 352 - 3205122 مستەفا شاهباز
- 442 - 2301209 سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی لە سەرۆکایەتیی وەزیران
عومەر گیونەی لە دوایین سەردانیدا بۆ تورکیا لە ڕۆژانی نێوان 18 بۆ 21ی کانوونی یەکەمی 2012 / 28ی سەرماوەز بۆ 1ی بەفرانبار (نزیکەی 20 ڕۆژ پێش تیرۆرەکە) لە ڕێگەی تەلەفونەوە لەگەڵ ئەو کەسانە قسەی کردووە، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکراوە، کە ئەو کەسانە کێن؟. مەزەندە دەکرێت ئەحمەد گیونەی مامی عومەر گیونەی بێت، کە دانیشتوی ئەنقەرەیە. جگە لە ئەندامەکانی میت، نازانرێت هەر یەک لە ئازمی ئاکباش، بانو سەڤیل ئۆنەر، ساڵح جۆشار، ڕەمەزان یاوز یاشار و مستەفا شاهباز کێن؟[1]
#09-01-2019#