بڕیار
ئەنجوومەنی وەزیران
ژمارە (13) بۆ ساڵی 2019
ئەنجوومەنی وەزیران لە دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کە لە بەرواری 15-1-2019 بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە پەسندکردنی ڕێنماییەکانی لیژنەی کاروباری ئابووری بەپێی نووسراوەکەی بەژمارە: س.ل/26 لە بەرواری 15-1-2019 لەبارەی لێکۆڵینەوەی یەکخستنی پێناسی گومرگیی لە تەواوی دەروازە سنوورییەکان و ئاسانکاریکردن لە هامووشۆکردنی کاڵاکان بۆ تەواوی پارێزگاکان بەمشێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: دەستبەکاربوون لە تەواوی دەروازە گومرگییەکان (سەرجەم پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان) بەپێی ئه و لایەنانەی لەنێوان حکومەتی ئیتیحادی و هەرێم یەکخراون.
1. ڕێژەی پێناسی گومرگی یەکخراو بەپێی ئەو لیستانە دەبێت کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە 29931 لە بەرواری 21/11/2018. بەو شێوەیە تاقیدەکرێتەوە و لە ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت پێداچوونەوەی پێدادەکرێت، لە بەرواری دەرکردنی ئەم بڕیارەوە.
2. فەرمانگەکانی هاتووچۆ (بەپێی کۆنووسی واژۆکراوی نێوان نوێنەری حکومەتی ناوەند و هەرێم).
3. پۆلێنکردن و کۆنترۆڵی جۆری و تەندروستی هاتووچۆ (بەپێی کۆنووسی واژۆکراوی نێوان نوێنەری حکومەتی ناوەند و هەرێم).
4. دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی (بەهەمان ئەو میکانیزمە کارپێکراوەی ئێستا لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هەیە).
دووەم: لەبارەی ئه و لایەنانەی واژۆیان لەسەر ڕەشنووسی نێوان نوێنەری حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان نەکردووە. بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
1. ئامادەبوونی دەستەی دەروازە سنوورییەکان: بەڕێوەبردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لای دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەبێت، بەپێی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (30) بۆ ساڵی 2016، بەشێوەیەک کە پشت بەو فەرمانبەرانە ببەسترێت کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و خاوەن شارەزایی و پسپۆڕین له بوارەکانیان و لەسەر میلاکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان کاردەکەن.
2. ڕۆژژمێری کشتوکاڵی: لیژنەی کاروباری ئابووری هەڵدەستێت بە دیاریکردنی کات و دیاریکردنی وادەی کاتەکانی قەدەخەکردن بۆ ڕۆژمێری کشتوکاڵی، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتمانیی و بەرژەوەندی سەرجەم پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانیش.
3. بڕیارەکانی تایبەت بە جیاکردنەوەی شوێنەکان لەکاتی بوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ڤێترێنەری و بڕیارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی ئاژەڵیی نێودەوڵەتیی، سەرجەم ئەو بڕیارانە دەکەونە ژێر بڕگەی 12ی یاسای تەندروستی ئاژەڵیی ژمارە 32ی ساڵی 2013.
4. پاراستنی بەرهەمەکان: سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەموو پارێزگاکان و هەروەها هەرێمی کوردستانیش پابەنددەبن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پاراستنی بەرهەمی نیشتمانیی حکومەتی فیدراڵیی و هەرێمی کوردستان، لەکاتی دژبەیەکی و پابەندنەبووندا، بەرزترین باج دەسەپێندرێت.
5. پێدانی باج بەپێی ماددەی 3 لە بڕگەی 4 لە یاسای باج بەگوێرەی ڕێنماییەکانی هاوردەکردن کە لە ڕێنمایی ساڵانەی دەستەی گشتی باجەکاندا هاتوون، بەڵام دەبێت سەرجەم ڕێنماییەکان یەکبخرێن ئەوەش لەسەر بنەمای کۆنووسە واژۆکراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەماوەیەک کە لە 60 ڕۆژ تێپەڕ نەکات، 60 ڕۆژ لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی و هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی دەرکردنی ئەم بڕیارە، چ بە یەکخستنی سەپاندنی یان هەڵوەشاندنەوەی.
سێیەم:
1- جێبەجێکردنی یاسای وەبەرهێنانی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2006ی هەموارکراو و یاسای پەرەپێدانی پیشەسازیی فیدراڵیی ژمارە 20ی ساڵی 1998، هەروەها یاسای وەبەرهێنانی کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە پارێزگاکان لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک کە تێیدا ڕەوشی یاسایی کۆمپانیا و کارگە دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەژێر یاسای ژمارە 25ی هەڵوەشێندراو، لە بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پیشەسازیی لە هەرێمی کوردستان بگونجێندرێت بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 1998، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی پیشەسازی فیدراڵی.
2- سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان پابەنددەبن بە جێبەجێکردنی ئەو بەشەی تایبەتە بە ئەوان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی لەنێوان کۆماری عێراق و وڵاتانی دیکە واژۆکراون، بەتایبەتی ئەوانەی کە تایبەتن بە بڕگەکانی بەخشینی باج و پابەندبوونی عێراق بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان.
چوارەم: پێویستە لەسەر هەردوو وەزارەتی بازرگانی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ تەواوکردنی یەکخستنی ڕێکارەکانی مۆڵەتی هاوردەکردن و بەڵگەنامەکان و پەسندکردنە پێویستەکان لەماوەیەک کە لە 30 ڕۆژ زیاتر نەبێت، وادەکەش لە بەرواری دەرکردنی ئەم بڕیارەوە دەستپێدەکات.
پێنجەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (186)ی ساڵی 2018ی ئەنجوومەنی وەزیران و پێدانی وادەی 30 ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەم بڕیارە بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارکردن به و پێناسەی لە بڕگەی ئەلف-1ی سەرەوە هاتووە.
شەشەم: هەڵوەشاندنەوەی خاڵە چاودێریی و وردبینییە گومرگییەکانی ئێستا لە ناوچەکانی (فایدە) و (شێراوە - باکووری کەرکووک) و (لەیلان، ڕۆژهەڵاتی کەرکووک)، بەشێوەیەک کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی/ دەستەی گشتیی گومرگەکان کاری چاودێری خۆی بکات بەپێی یاساکەی و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان ماوە ماوە دەورییەی کاتیی لە ڕێگە سەرەکییەکاندا دابنێت بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی مامەڵە گومرگییەکانی کاڵا هاوردەکراوەکان، هەروەها دانانی خاڵ بۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ناوەندە گومرکییەکان لەبەرچاودەگیرێت، تاوەکو ئه و کاتەی پرۆژەی نوێکردنەوەی پێناسە گومرگییەکانی عێراقی کۆتاییان پێدێت.
حەوتەم: لیژنەی کاروباری ئابووری، هەڵدەستێت بە دەرکردنی ڕێکاری پێویست بۆ یەکخستنی ڕێکارەکانی بازرگانیکردن بە زێڕ و کانزا گرانبەهاکان لە عێراق، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵیی عێراق و دەستەی گشتیی گومرگەکان و دەستەی گشتیی باجەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و دەزگای ناوەندیی کۆنترۆڵی جۆریی سەر بە وەزارەتی پلاندانان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان.
هەشتەم: وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵیی کاردەکات لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای کارپێکراوی وەزارەتی گواستنەوە لە ڕێگەی ئاسانکاریکردن بۆ کاری ئەو بەشانەی پەیوەندیدارن (کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی وشکانیی، کۆمپانیای گشتی گواستنەوە و گەیاندنی گەشتیاران و شاندەکان و کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی تایبەت) ئەمەش دوای هاوئاهەنگیکردن و لێکۆڵینەوە لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی ناوەندیی و هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەماوەی تەنیا مانگێکدا، لەدوای دەرکردنی بڕیارەکە.
نۆیەم: هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکە بەبڕگە ئاماژەپێکراوەکانی لەڕووی گونجاوی و کارگێڕی و هاوئاهەنگیکردن لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بەسەرچوونی شەش مانگ لەدەستپێکی دەرکردنی بڕیارەکە.
د. مەهدی موحسین عەللاق،
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەوەکالەت
#16-01-2019#