نووسینی: #جوتیار قارەمان#
پێشەکیی پەڕتووکی خاڵبەندی
خاڵبەندی بەشێکی بنچینەییی نووسینە. دووزەنەیەکە کە لە چەندین #زناک#ی جۆراوجۆر پێک هاتووە. چۆنییەتیی پێکهاتن و خوێندنەوەی ڕستەکە بە خوێنەر نیشان دەدات. ئەگەر بە درووستی بە کار بهێنرێت، تێگەیشتن لە نووسین ئاسان دەکات.
ڕستەکان کەرەستەن و بنیادی نووسین دەسازێنن. خاڵبەندی ڕوونی دەکاتەوە کە دەبێت چۆن ڕستە بخوێنرێتەوە تا مانای بێگرێ ببەخشێت.
هەر ڕستەیەک دەبێت بە لایەنی کەمەوە خاڵی کۆتایی، زناکی سەرسووڕمان یان زناکی پرسی تێدا بێت. ئەمە نیشانی دەدات کە ڕستەکە کۆتاییی هاتووە.
بەکارهێنانی خاڵبەندی زۆر گرنگە. ئەگەر بە هەڵە بە کار بهێنرێت، یان زناکێک لە شوێنێکی نادرووستدا دابنرێت، دەکرێت بە تەواوەتی مانای ڕستەکە بگۆڕێت یان پێچەوانە بکاتەوە و، تەنانەت ڕستەکەیش بکاتە شتێکی بێمانا.
دەگێڕنەوە کاتی خۆی سزار ئەلێکساندەری سێیەم لە فەرمانێکدا بڕیاری دوورخستنەوە هەتا مردنی بۆ پیاوێک دەرکردبوو، گوتبووی: ”بەخشین نەکردەیە، بۆ سیبریا دووری بخەنەوە.“ کەچی سزارینا ماریای ژنی بە گۆڕینی جێی بۆر (فاریزە) لە نووسینەکەدا گیانی ئەو پیاوەی لە مردن ڕزگار کردبوو کە بەم شێوەیەی نووسیبوو: ”بەخشین، نەکردەیە بۆ سیبریا دووری بخەنەوە.“
لەم پەڕتووکەدا بە شێوەیەکی تێروتەسەل باسی کارکردی هەموو زناکەکانی خاڵبەندی کراوە. دەتوانیت لە ڕێی پەیڕەویکردن لە ڕێسا و تێبینییەکانی نێو ئەم پەڕتووکەوە بە شێوەیەکی زۆر باش فێری چۆنییەتیی بەکارهێنانی شوێنی درووستی زناکەکان ببیت. هاوکات هەوڵ دراوە زۆرترین نموونەیان بۆ بهێنرێتەوە تا بەجوانی تێبگەیت.
بۆ نووسینی ئەم پەڕتووکە پشت بە سێ سەرچاوەی سەرەکی بەستراوە کە ئەمانە:
The Chicago Manual of Style
The Associated Press Stylebook
Style Manual: American Government Publishing Office
سەیری ئەو سەرچاوە کوردییانەشم کردوون کە باسی خاڵبەندییان تێدا کراوە. هەوڵ و خەمخۆریی دانەرەکانیان بەرز دەنرخێنم، بەڵام هێندە کاڵ وکرچ بوون کە نەمتوانی پشتیان پێ ببەستم.
ڕاستە پشتم بە سەرچاوەی ئینگلیزی بەستووە–دەیشزانم کە ڕستەسازی و خاڵبەندیی کوردی و ئینگلیزی جودان، –بەڵام بەپێی پێناسە و ڕێنمایییەکان شێواز و دۆخی بەکارهێنانی زناکەکانم لە ئاخاوتنی کوردیدا دۆزیونەتەوە و بە شێوەیەکی کوردییانە بە کارم هێناون.
دەبێت خاڵبەندی لە نووسینی بەدەر لە چیرۆک و ڕۆماندا زۆر بە باشی و تەواوەتی جێبەجێ بکرێت. لە بابەتەکانی چیرۆک و ڕۆماندا جار هەیە نووسەر وەک هونەرێک پەیڕەویی لێ ناکات یان بە جۆرێکی تایبەت زناکەکان بە کار دەهێنێت. بۆیە ڕێی تێ دەچێت لەو جۆرە نووسینانەدا نووسەر لە ڕێسا باوەکانی خاڵبەندی لا بدات و وەک هونەرکارییەک شێوازێکی گونجاو لەگەڵ گێڕانەوەکەیدا بە کار بهێنێت. بەڵام هێشتا ئەمە مانای وا نییە کە چیرۆکنووس و ڕۆماننووس ئەم بیانووە بکەنە دەستکەلای دەستیان و ئیتر بە هیچ شێوەیەک پابەندی ڕێساکانی خاڵبەندی نەبن و خۆیان لێ بدزنەوە. ئاخر لادان لە ڕێساکانی خاڵبەندی سەرانسەری چیرۆک یان ڕۆمانێک ناگرێتەوە و لە هەندێک شوێندا ناچار دەبیت هەر پێیانەوە پەیوەست بیت.
هاوکات زۆر سپاسی بەڕێزان ”د. فەرهاد شاکەلی“ و ”د. ئارام حەسەن“ دەکەم کە بە تێبینییەکانیان یارمەتییان دام و زیاتر بەرچاویان ڕوون کردمەوە.
دەبێت بڵێم ئەمە هەوڵێکە و ئەوەندەیە کە توانیومە، نەک ئەوەی هەموو شتێک بێت و خاڵم لە کۆتاییی دێڕدا دانابێت. شایانی ئەوەیە بەر نەشتەری ڕەخنە بدرێت، پاکلەمە و پاک لەپیس بکرێت. هەروەها دەشێت نووسەران و خەمخۆرانی دیکە زۆر لەمە تەکووز و گزۆرتر بنووسن.
هیوام وایە سوودی بۆ نووسەر و وەرگێڕە هاوزمانەکانم هەبێت و لە نووسینەکانیاندا یارمەتیدەریان بێت.
جووتیار قارەمان
28-04-2020، سێشەممە [1]