لە دوای شەری یەکەمی جیهانی و لە ساڵی 1919 بۆ یەکەمین جار، لە گۆر زانیاری و هەواڵەکانی سەرچاوەکانی مێژوو، یەکەمین ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ئەستەموڵ دامەزرێنراوە. کۆمەڵێ لە هاوسەرانی گەورە پیاوانی نێودار و ڕۆشنبیر و کاربەدەستی کورد لە بەهاری 1919 دا کۆمەڵەی پێشخستنی ژنانی کوردیان (Kurt Kadinlari Teali Cemiyeti) دامەزراند. ئەم کۆمەڵەیە لە سێبەری کۆمەڵەی پێشخستنی کوردستاندا (Kurdistan Teali Cemiyeti)، کە زۆربەی هەرە زۆری سەرکردە بەنێوبانگ و ڕۆشنبیرە کوردەکانی ئەو سەردەمەی لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆ کردبووە، سازکرا و دەست بەکار بوو.
#ئەنجوم یاموڵکی#، کچە ناوەنجی #موستەفا پاشای یاموڵکی# سەرۆکی کۆمەڵەکە بووە و لە شەوی مەولودی ئەو ساڵەدا وتارێکی بە نێوی کۆمەڵەکە و ژنانی کوردەوە پێشکەش کردووە. دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیە لەو سەردەمە زووەی مێژووی ڕێکخراوەییدا لە نێو کورداندا هەنگاوێکی سەرنج ڕاکێشە. دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیە لە سێبەری کۆمەڵەی پێشخستنی کوردستان و بە هانی پیاوانی ڕۆشنبیری کورد و بە چاولێکردن لە ژنانی گەلانی تری دەوڵەتی عوسمانی زۆر لە گەوهەر و نێوەرۆکی مەسەلەکە ناگۆرن. ئەنجوم خانم دەسپێکی کاری کۆمەڵەکەیان، کە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی بەرز و پیرۆز سازکرابوو، بەم بۆنە پێرۆزە بە نیشانەیەکی باش داناوە. ئەنجوم خانم لە وتەکەیدا باس لە برایەتی گەلانی موسوڵمان و خواستی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی دەکا و سۆز و پەیماندەدا کە کۆمەڵەکەیان هەرچی لە دەستبێ بۆ پێشخستنی کورد و خەبات لە پێناو مافە ڕەواکانیدا درێخی نەکات. لێرەدا دەکرێ وتەکانی ئەنجوم خانم لەو بۆنەیەدا وەکو پرۆگرامی سیاسی کۆمەڵەی پێشخستنی ژنانی کورد سەیر بکرێن. بەلای ئەنجوم خانمەوە دەبێ کۆمەڵە یارمەتی پێشکەش بکات بە ژنان و زارۆیانی کورد، کە بە هۆی کارەساتەکانی شەری یەکەمی جیهانیەوە توشی مەینەتی زۆر هاتوون و پێویستیان بە یارمەتی و هاریکاری هەیە. ئەو یارمەتیانە بە لای ئەنجوم خانمەوە بریتین لە دۆزینەوەی کار و قوتابخانە و ناوەندی فێرکردن و بەرێوەبەرایەتی بۆ ژنان و منداڵانی کورد. هەروەها زۆری لا مەبەست بووە کە ڕێکخراوەکەیان کاری زۆر بکات بۆ گەشەکردنی ناسنامەی کوردی و یارمەتیدانی خێزان و ئاوارە کوردەکان لە ئەستەموڵ و شارە گەورەکانی تری دەوڵەتی عوسمانی تێکشکاو.
=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2021/393434/0001.JPG=KTML_Photo_Alt==KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2021/393434/0001.JPG=KTML_Style=width:20%;height:15%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2021/393434/0001.JPG=KTML_Photo_End=
هەندێ لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی پێشخستنی ژنانی کورد لە سەر لاپەرەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بە تایبەتی گۆڤاری #ژین# ڕەنگیان داوەتە. لە ڕێگەی وتارێکی #عەبدولعەزیز یاموڵکی#یەوە لەو گۆڤارەدا دەزانین کە ئەو ڕێکخراوە کۆبونەوەیەکی فراوانی بۆ ژنانی کورد لە ئەستەموڵ ساز کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە خێزانیەکانی کورد بە گشتی و لەو شارەدا بەتایبەتی. هەروەها ڕێکخراوەکە خەتەنەکردنی منداڵانی نەداری کوردی لە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئابی 1919 دا گرتۆتە ئەستۆی خۆی. لە ڕێگەی ئەو چالاکیانەوە ئەم ڕێکخراوە هەوڵیدەدا ژنانی کورد بکێشێتە نێو گۆرەپانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. هەوڵدانی کۆمەڵەی پێشخستنی ژنانی کورد لە بوارەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و پەروەرد و فێرکردن و هاریکاری ژنان و زارۆیانی کوردا خەسڵەتی ڕێکخراوەیەکی ژنانی هاوچەرخییان داوەتە ئەو کۆمەڵەیە.
چالاکییەکانی کۆمەڵەی ژنانی کورد بە جۆرێک هەست و سۆزی نوسەران و شاعیرانی ئەو سەردەمەی بزواندبوو شاعیری کورد عەبدولرەحیم ڕەحمی شیعرێکی پر لە سۆزی بە باڵای کۆمەڵەدا هەڵداوە. لەیلا خانمی ژنی #شەریف پاشا#، کە ئەو کاتە لە پاریس بوو، لە لایەن ژنانی کوردی ئەستەموڵەوە بە سەرۆکی شانازی کۆمەڵە هەڵبژێردراوە و ئەویش لە وەڵامدا سوپاسنامەی بۆ کۆمەڵە ناردووە. یەکێک لە نوسەرانی ئەو ڕۆژانە بەم شێوەیە باسی ئەمانجەکانی کۆمەڵەی ژنانی کردووە: بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی هاودەم بۆ ژنی کورد و ڕیفۆرمێکی ڕیشەیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا و دەستی یارمەتی درێژکردن بۆ ئەوانەی بە هۆی شەری جیهانیەوە بە ناچاری پەراگەندە بوونە و هاتونەتە ئەستەموڵ و ژیانێکی پر لە مەینەتی بەسەر دەبەن، کۆمەڵەی پێشخستنی ژنانی کورد دامەزراوە، ڕێکخراوی ژنانی کورد ناوەندێکی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەرکی کوردایەتی خۆی بەجێ بێنێت.
ئەم کۆمەڵەیە وەکو هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکانی تری ئەستەموڵ لە دوای ماوەیەکی کورت بە هۆی سەرهەڵدانی بزاڤی کەمالیەوە لە کار کەوت و ئەندامەکانی پەرەوازە بوون و بڵاوەیان لێکرد. هەندێکیان لە تەک هاوسەرەکانیاندا گەرانەوە بۆ باشوری کوردستان و عیراق و لەوێ لە بواری تردا، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، ڕۆڵی بەرچاویان بینی و ئەوانی تر کە لە تورکیا مانەوە خۆیان و هاوسەر و بنەماڵەکانیان کەوتنە بەر شاڵاوی بێبەزییانەی کەمالیستان و بە ناچاری ژیانی بێدەنگیان هەڵبژارد. [1]