کۆنترین تەشی ڕێس هەر کوردە
پەیکەرنیگار (سنگ نگارە)ی بانووە تەشیڕێسەکەی ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
ئەم پەیکەرنیگارە بەردینە کە ئێستا لە مۆزەخانەی لوڤەری فرەنسا دانراوە، کاتی خۆی لە شاری باستانیی (شووش)ی ئیران دۆزراوەتەوە، ساڵژمارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم و هەشتەمی پێش ساڵژمێری عیسایی، (علیە سلام) قەوارەکەی 9 بە 13 سانتیمەترە. لەم نیگارە لە سەر بەرد بەرجەستەکراوەدا، بانوویەکی ئیلامی لە سەر کورسییەکی چوارپێچکەیی دانیشتووە، لاقی چەپی هێناوەتەوە ژێر ڕانی ڕاستی، تەشییەکی بە دەستەوەیە و ئەوەندە سەرقاڵی ڕستنە، هێشتا نەیپەرژاوەتە سەر ئەوەی ئەو ماسییە سوورەوەکراوە بخوات، کە لە سەر مێزێک لە بەردەمیدا بۆیان داناوە، بەوەدا کە کارەکەرێک لە دواوە باوەشێنی ئەکا، دیارە ئەم ژنە بانووی بانووان بووە، دەسەڵاتدار یا شاژن بووە.
تا ئەمڕۆش ژنانی دێهاتەکانی کوردستان، کە لە هەموو کاروبارێکی سەرەکیی ڕۆژانەیان ئەبنەوە، دەست ئەدەنە تەشییەکانیان و خوری ئەڕێسن بۆ ئەوەی گۆرەوی و پووزەوانە، بەڕە و کلیم و شتی تری پێویستی ناو ماڵی لێ بچنن.
ئیلامییەکان (3500- 645ی پێش ساڵژمێری عیسایی) گەلێکی پێشکەوتوو بوون لە ناوچەیەکی فراوانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئەمڕۆ ژیاون، میژووەکەیان بە سەر چەند سەردەمێکدا دابەش ئەکرێ. شاری (شووش یا سوزیانا) پێتەختی دەوڵەتەکەیان بووە، کە بە عیبری (شووشان) و بە لاتینی (سوسا)ی پێ وتراوە. ئەم شارە یەکێکە لەو کۆنترین شارانەی جیهان کە هەموودەم ئاوەدان بووە. هەندێک مێژوونووس ئەڵێن ئیلامییەکان کڵێس بوون، بەڵام لوڕەکان ئەو بۆچوونە بە درۆ ئەخەنەوە و ئیلامییەکان بە پێشینان و بە باووباپیرانی دێرینەی خۆیان ئەزانن.
ژاک دێ مۆرگان (1857- 1924)ی فرەنسایی ئەندازیار، زەویناس، میسرناس، شوێنەوارناسی ئاسیای نزیک و سکەناس، لە ساڵی 1897ەوە تا ساڵی 1908 لە شووش خەریکی گەڕان و هەڵکۆڵین بووە بە دوای شوێنەوارەکانی دەوڵەتی باستانیی ئیلامدا. ئەم شوێنەوارناسە بێجگە لەم نیگارە جوانە بەرجەستەکراوەی سەر بەرد، زۆر شت و کەرەستەی مێژوویی لەو ناوچەیەدا ئەدۆزێتەوە، کە بەشێکیان لە مۆزەخانەی لوڤر لە فرەنسا دانراون.
کڵێس بوون: لەناوچوون، بنبڕ بوون.
دەقی نووسینەکەش لە چەند سەرچاوەیەکی ئەڵمانی و عەرەبی و فارسیی ئەوێوە هەڵهێنجراوە.
م. ئارام[1]