ناو: فەرشید
نازناو: فەرشید شەریفی
ساڵی لەدایکبوون: 1977
$ژیاننامە$
فەرشید شەریفی نووسەر و وەرگێڕ، لەدایکبووی ساڵی 1977 شاری پاوە سەر بە ناوچەی #هەورامان#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(پارێزگای #کرماشان#). قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و مامناوەندیی و دواناوەندیی هەر لەو شارەدا تەواو کردووە. ساڵی 1993 بۆ یەکەمجار دەستی داوەتە قەڵەم و، سەرەتاش بە نووسینی شیعری هەورامی دەستی پێ کردووە.
ساڵی 1995 لە زانکۆی شاری #سنە#، کۆلێژی زمان و ئەدەبیاتی فارسی وەرگیرا و ماوەی چوار ساڵ بەکالۆریۆسی تەواو کرد. لە ماوەی ساڵانی نێوان 1995 بۆ 2005 وتار و بابەت و وەرگێڕانەکانی لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی ئەو سەردەمەدا چاپ دەکران کە بریتی بوون لە گۆڤاری مانگانەی سروە(#ورمێ#) گۆڤاری مانگانەی ئاوێنە(تاران)، حەفتەنامەی سیروان(سنە) و حەفتەنامەی ئاسۆ(سنە).
ساڵی 2002 لە ناوەندی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیی(گۆڤاری سروە) لە شاری ورمێ دامەزرا، وەک بەرپرسی بەشی وەرگێڕانی ئەو گۆڤارە و دواتریش هاوکاریکردنی بەشەکانی تر و، تا ساڵی 2004 لەو ناوەندە کاری کرد.
ساڵی 2002 یەکەم کتێبی وەرگێڕانی لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە شاری سلێمانیدا چاپ کرا و، هەر ئەوەش دەسپێکێک بوو بۆ دەرکەوتنی وەک وەرگێڕێکی خاوەن کتێبی چاپکراو. زیاترین کتێبی هەر لە دەزگای سەردەمدا چاپ کران که 13 کتێب دەبن. بە گشتیی لە ماوەی ساڵانی نێوان 2002 بۆ 2020 لە ناوەند و دەزگاکانی دیکەی چاپ و پەخشی کتێبدا لە #سلێمانی#، #هەولێر#، سنه و تاران بە هەموویانەوە 40 کتێبی بە چاپ گەیاندووە.
ساڵی 2013 یەکەم ڕۆمانی خۆی بە هەورامی چاپ کرد کە لە مێژووی زمان و ئەدەبیاتی هەورامیدا وەک یەکەم ڕۆمان و هەروەها وەک دەسپێکی ڕۆمان نووسین لە هەوراماندا تۆمار کراوە. هەروەها بە نووسینی سێ کورتە ڕۆمانی تری هەورامی و کۆمەڵە چیرۆکی کورت و چوار کتێبی دیکەی وەرگێڕانی هەورامی، هەوڵەکانی خۆی لەو بواردەدا پەرە پێ دا.
$بەرهەم و کتێبەکان$
1- هەشت نامە. گۆنتەرگراس. کینزابۆرۆئۆ. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2002
2- فێر بین چۆن به سەر ترس و دڵەڕاوکێی خۆماندا زاڵ بین. جۆرج باربارن. بنکەی گەلاوێژ. سلێمانی 2002
3- نامەیەک دەربارەی لێکبوردن. جۆن لۆک. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی 2004 (چاپی دووەم: نامیلکەی لێبوردەیی. جۆن لۆک. ناوەندی ئایدیا. سلێمانی 2016).
4- تێگەییشتنی تیۆرە سیاسییەکان. تۆماس سپراگێنز. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی 2005
5- کورتە مێژووی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵناسیی. بۆتول. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی 2005(ئەم کتێبە هەر لە هەمان سا ڵدا بە ناوی دامەزرێنەران و سەرهەڵدانی کۆمەڵناسییەوە لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیشدا چاپ کراوە)
6- فێمینیزم. جیەن فریدمەن. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی 2005
7- فەرهەنگی زاراوەکانی فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2007
8- ئێمە و مۆدێرنیتە. داریوش ئاشووری. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2009
9- ئاینی زەردەشت، (سێ هەزار ساڵ باوەڕ و دەسەڵاتی نەمر). مێری بۆیس. چاپ و پەخشی سەردەم. 2010
10- چیرۆکە نەمرەکانی فەلسەفە. هێنری تۆماس - دانالی تۆماس. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. 2011
11- ژیانی منداڵیم. نووسینی چارلی چاپلین. دەزگای موکریانی. هەولێر 2011
12- مێژووی ئەندێشە و قوتابخانە سیاسییەکان. گایتانۆ مۆسکا. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. 2012
13- تارمایێ بۆگەنێ (کۆمەڵه داستان) بڵاوگەی پەرتەو بەیان. سنه. 2012
14- داستانەو دەسکێشەکەی. لیلیان برۆگر.(چیرۆک بۆ منداڵان) بڵاوگەی کانی. سنه. 2012
15- داگیرکردنی بەختەوەریی. بێرتراند ڕاسڵ. دەزگای موکریانی. هەولێر 2013
16- ئەقڵ دژی ئەقڵ. کۆمەڵێک وتاری وەرگێڕدراوی فکریی، فەلسەفیی، ئەدەبیی. دەزگای موکریانی. هەولێر 2013
17- ڕاڤەی نوێ لەسەر فەیلەسووفانی سیاسی مۆدێرن. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2013
18- هەناسێوە تا یاوای. کورته ڕۆمان. بڵاوگەی ئاراس. سنه. 2013
19- داستانەی ناتەمامه. کورته ڕۆمان. بڵاوگەی ئاراس. سنه. 2013
20- بەردەکانی ڕۆح(مێژووی چەمکە فەلسەفییەکان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ). چاپ و پەخشی سەردەم. 2014
21- بیرەوەری گاندی. ویلیام شایرێر. خانەی موکریانی. هەولێر 2014
22- ماهاتما گاندی. نوسینی ڕۆمەن ڕۆلان. خانەی موکریانی. هەولێر 2014
23- کوندەپەپووی کوێر. سادق هیدایەت. ناوەندی غەزەلنووس. سلێمانی 2015 چاپی دووەم 2019
24- مەرگ نا ڕاوە و، ژیوایچ فرەش مەنەن...(کورتە ڕۆمان). تاران 1394 (2015)
25- ئەندێشەی سیاسی لە ئەفلاتوونەوە تا ناتۆ. برایان ڕێدهێد. چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2016
26- ژیان و بەرهەمەکانی سادق هیدایەت. حەسەن قائمیان. ناوەندی ئەندێشه سلێمانی 2016 چاپی سێیەم 2016
27- ژنانی سەردەمی خۆیان. مێژووی فێمینیزم لە ڕۆژئاوا. چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2016
28- ئەو ڕۆژەی کە خۆی، فرمێسکەکانم دەسڕێتەوە. کینزابۆرۆئۆ. ڕۆمان. ناوەندی غەزەلنووس. سلێمانی 2017
29- تاریک و ڕوون. سادق هیدایەت. ناوەندی ئەندێشه سلێمانی 2017 چاپی دووەم 2019
30- زیندە بە گۆڕ. سادق هیدایەت. ناوەندی ئەندێشه سلێمانی 2017 چاپی دووەم 2019
31- سێ دڵۆپ خوێن. سادق هیدایەت. ناوەندی ئەندێشه سلێمانی 2017 چاپی دووەم 2019
32- سەگی بەرەڵڵا. سادق هیدایەت. ناوەندی ئەندێشه سلێمانی 2017 چاپی دووەم 2019
33- حاجی ئاغا. سادق هیدایەت. ناوەندی ئەندێشه سلێمانی 2017 چاپی دووەم 2019
34- وەرگێڕان(تیۆرەکانی وەرگێڕان). میشل ئۆستینۆف. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2017
35- زەردێ و پەسپەسەکۆڵە ڕەشەکێ(داستانه پەی زارۆڵا) زایەڵە مەریوان 2018
36- چەمەکێش. بۆزۆرگ عەلەوی (ڕۆمان).. ناوەندی غەزەلنووس. سلێمانی 2018
37- حاجی ئاغا. وەرگێڕان بۆ هەورامی (ڕۆمان). سادق هیدایەت. ناوەندی غەزەلنووس. سلێمانی 2018
38- ژیانی بەردەمی خاتوو ڕۆزا. ڕۆمەن گاری. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2019
39- هەڵسەنگاندنی ژیان و بەرهەمەکانی سادق هیدایەت. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2020
40- ماهاتما گاندی. ئێکنات ئیسواران. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی 2020
[1]