بۆ گۆڤاری ڕۆژی کورد
دیوانی زێوەر
بەرهەمی: زێوەر (1875-1948)
چەندە شیرین زبانی ڕۆژی کورد
شەکەر ئەفسانە دەهانی ڕۆژی کورد
مەزهەری تەقدیری ئەربابی دڵە
ئەهلی دەرکە مەدح خوانی ڕۆژی کورد
دوور لە هەور و ساعیقە و تۆز و غوبار
جورمی سافە ئاسمانی ڕۆژی کورد
خەم بووە بۆ جەلبی قەلبی عالەمێ
ئافەرین بۆ ئەبرووانی ڕۆژی کورد
گوڵشەنێکە پڕ لە نووری مەعریفەت
دەستی نەڕزێ باغەبانی ڕۆژی کورد
لەفز و مەعنای مەعدەنی هەر حیکمەتە
ڕەببی باقی بێ بەیانی ڕۆژی کورد.
[1]
ئەم هۆنراوەیە لە گۆڤاری: ڕۆژی کورد، ئەستەمبوڵ، ژمارە: (4), 08-30-1913 بلاوکراوەتەوە.