ناو: شوان
ناوی باوک: ئیسماعیل ئەحمەد
نازناو: شوان چاوشین
شوان چاوشین- ئەکتەر
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (شوان ئیسماعیل ئەحمەد) ە، سالی 1957 لە دێی #ڕایات# لە دەڤەری #باڵەکایەتی# لەدایک بووە، دوایی مالیان هاتۆتە هەولێر، قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە، دەرچووی پەیمانگای کۆلۆمبیا لە ڤانکوڤەری کەنەدا بەشی دیگیتال ڤیدیۆ و بەرهەم هێنانی تەلەفزیۆنی Digital video and tv production، سالی 1984 هاوسەرگیری کردووە و بوکی دوو کوڕ و کچێکە، سالی 1977 چووەتە دونیای هونەر وەک ئەکتەر خزمەتی بە شانۆی کوردی کردووە، لەسەر داواکاری مامۆستای خوالێخۆشبوو (تەڵعەت سامان) چووەتە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی و لەوێدا پەرەی بە کاری شانۆییدا، لەو ماوەیە لە چەندان شانۆگەری ڕۆڵی بینیوە کە دیارترینیان شانۆگەری (قەل و ڕووتە) بووە لە نووسین و دەرهێنانی تەڵعەت سامان، هەروەها بەشداری کردووە لە شانۆگەری (بووکی بەفر) لە نووسینی مەهدی ئومێد و دەرهێنانی تەلعەت سامان شانۆگەری (تەرازوو) لە دەرهێنانی دکتۆر فخرالدین تاهیر، لە چەندین شانۆگەری تر بەشداری کردووە، ساڵی 1980 بەهۆی ئاشکرا بوونی تەنزیماتی ناو شار لە کۆمیتەی ڕاپەرینی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە هەولێر ڕووی لە شاخ کرد و بووەتە پێشمەرگە، سالی 1984 چووەتە سوید و لەوێ بەشداری کردووە لە شانۆگەری (ئادابا) لە دەرهێنانی تەها باراوی، سالی 1985 گواستیۆتەوە کەنەدا و لەو ساوە لە کەنەدا نیشتەجێیە، ساڵی 2002 کورد تیڤی کەنەدای دامەزراندووە و وەک دامەزرێنەر و بەرێوەبەر خزمەتی هونەر و کەلتوری کوردییان تیادا کردووە، کورد تیڤی کەنەدا حەفتانە بۆ ماوەی ساعاتێک لە کەناڵێکی کەنەدی بەرنامەی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش ئەکرد و لەو ڕێگایە توانیویانە خزمەتێکی زۆر بە ناساندنی کورد و هەموو بوارەکانی ژیانی کوردان بکات بە ڕەوەندی کوردیشەوە، لە کورد تیڤی کەنەدا ڤیدیۆ کلیپی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانی بێژانی کورد کردووە دیارترینیان (ناسری ڕەزازی- ڕەشیدی فەیزی نەژاد- چۆپی فەتاح- دەروون عارف- فاتێ- مونیر ئاری) و زۆری تریش، هەموو کارەکانی بێ بەرامبەر بووە و بۆ یەک جاریش دۆلارێکی لە کەس وەرنەگرتوە و تاکە ئاواتی خزمەت کردن بووە بە میللەتی خۆی و شانازیش بەهەموو کارەکانی دەکات.
ئەم ژیاننامەم لەخۆی وەرگرتووە لە 24-6-2022[1]