ناو: ڕزگار
ناوی باوک: ڕەشید
نازناو: ڕزگار خۆشناو
ڕزگار ڕەشید خۆشناو- گۆرانی بێژ
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
هونەرمەند (ڕزگار ڕەشید خۆشناو) لە #1959-9-6# لە شارۆچکەی #شەقڵاوە# لەدایک بووە، ساڵی 1964 هاتونەتە #هەولێر# و لە گەرەکی ئیسکان نیشتەجێ بوونە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی بێکەس و ناوەندی لە قەندیل و ئامادەیی لە ئامادەیی ڕزگاری تەواو کردووە، دەرچووی کۆلیژی پزیشکی ڤێتەرنەری زانکۆی موسڵە، ساڵی 1988 وەک پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری هەولێر دامەزراوە، ساڵی 1972 دەستی بەکاری هونەری کردووە، ئەوکاتە لە چالاکی قوتابخانەکان مامۆستا (فوئاد ئەحمەد) لەسەر قوتابخانەکان گەڕاوە بۆ بەهرەدارەکان و دەنگی ڕزگاری پێخۆش بووە و پەسندی کردووە و کە ئەوکاتە لە قۆناغی ناوەندی قوتابخانەی قەندیل بووە، بەڕێوەبەرەکەیان ناوی (عومەر شێخەڵڵا) بووە و هانی داوە کە گۆرانی بڵێت، هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی تا ساڵی 1980 بەشداری هەموو ڤیستیڤاڵەکانی کردووە، کاری هونەری کردووە لەگەڵ (تیپی شەهیدانی کوردستان- تیپی مۆسیقای زیرەک- تیپی هونەری هەولێر- تیپی مۆسیقای کاوە)، ساڵی 1976 بەشداری ڤیستیڤاڵی قوتری کردووە بە دوو گۆرانی (هەی شیرینێ و خانم- ئێمە گوڵین گوڵی زانین) لە هۆنراوە و ئاوازی شێرزاد عوزێری بۆ تەلەفزیۆن تۆمارکرا، ساڵی 1977 گۆرانی (وەمەکە وەمەکە)ی تۆمار کردووە بەڵام کلیپ نەکراوە بە سەرپەرشتی مامۆستا وریا ئەحمەد، ساڵی 1980 لەگەڵ تیپی مۆسیقای هونەری هەولێر گۆرانی (زۆر لە شەوبۆ شۆختری تۆ)ی گوتوە لە هۆنراوەی جەمال شارباژێڕی و ئاواز و دابەشکردنی وریا ئەحمەد، ساڵی 1983 لەگەڵ تیپی مۆسیقای کاوە گۆرانی (کەژاڵ)ی تۆمار کردووە لە دابەشکردنی سەید ئەحمەد بەرزنجی و ئاوازی عەزیز شارۆخی، هەر لە تیپی مۆسیقای کاوە گۆرانی (دڵم وەکو تەیرێکی سەر بڕاوە)ی تۆمار کرد بەڵام بڵاو نەبوەوە لە ئاوازی سەید ئەحمەد بەرزنجی، بەشداری گۆرانی ووتنی کردووە لەگەڵ گۆرانی بێژان (تاهیر تۆفیق- مشکۆ- محەمەد جەزا- ڕەحمان قوربانی- جەلال سەعید- ئایشەشان- تەحسین تەها- دلێر ساڵح- جەلال پەرێشان- ناسر ڕەزازی- عارەب عوسمان)، ئەو هونەرمەندانەی ئاوازیان بۆ داناوە بریتین لە (وریا ئەحمەد- ڕەنجبەر خۆشناو- شێرزاد عوزێری- سەید ئەحمەد بەرزنجی)، ئەوانەی هاندەری بوون بۆ بەردەوامی بوون لە هونەر بریتین لە (شێخ نەوزاد- کامل حەداد) و هونەرمەندان (جان تۆماس- ڕزگار خۆشناو- ڕەنجبەر خۆشناو)، ساڵی 1991 بەیەکجاری لە هونەر دابڕاوە.
ئەم ژیاننامەم لە (سالار کۆشار)ی شاعیر و هونەرمەند وەرگرتووە لە 2021/8/28[1]