لانەی بایەقوش
(1)
نیوەشەوێکی سەرد و دڵتەنگه
خەڵکی خەوتوون و دنیا بێدەنگه
شار پەردەی ڕەشی کێشاوەته سەر
مانگی شەوان پێو، له کێو هاته دەر
بایەقوشێ پیر، دێت و جار جارێک
دەخوێنێ له سەر کۆنەدیوارێک
له وێرانەیەکی چۆڵ و بێدەنگا
له نێو ماڵێکی سەرد و دڵتەنگا
خەوتووه خەمین؛ کچێکی هەتیو
هەتیوێ خۆشی له دنیا نەدیو
دایکی بەینێکه دووره له دنیا
ئەو کچه ماوه لەوێدا تەنیا
منداڵێ بچووک، له نێو بەرگی خەو
ئەدا له گۆنای؛ شەوقی مانگەشەو
بەڵام خەوی چی؟ هەتاکوو بەیان
وتووێژ دەکا لەگەڵ ئەستێران
لەوان دەپرسێ؛ دایکی وا له کوێ؟
بۆچی به تەنیا هێشتوویەته جێ؟
ساتێ فرمێسکی لێ جیا نابێ
ئاخر منداڵه و دڵنیا نابێ!
گوێ بده ساتێ، بەسەرهاتی ئەو
لەگەڵ ئەستێران، چی دەکوت ئەوشەو:
(2)
ئەی مانگی جوان! ئەی ئەستێرەکان!
ئێوه دەبینن له نێو ئاسمان؛
باخی بەهەشتی خودا له کوێدا؟
ئەڵێن دایکی من، وا له ئەوێدا
ئەی مانگ! تۆ دایکی ئەستێرەکانی
تۆ خودا! پێم بڵێ، ئەگەر دەزانی!
ئەستێرەکانت، کۆ بوونەتەوه
وان لەگەڵ خۆتا، چەشنی هەرشەوه
پێم بڵێ دایکی من کەی دێتەوه؟
منیش ئەستێرەم، مانگی من ئەوه!
ئەی ئەستێرەی خۆم! گوێ بگره ساتێ
به دایکم بڵێ، دەیبینی کاتێ:
(دایکی خۆشەویست! بینایی چاوم!
هێزی ژیانم، تەنیا هەتاوم
بۆچی ڕۆیشتی، لەگەڵ نەت بردم؟
تەنیا لەم دنیا وەیلانت کردم؟
هەتا دیتەوه، هەر چاوەڕێتم
به هیوای بیستن ئاهەنگی پێتم)
ئەی ئەستێرەی خۆم! گوێ بگره ساتێ
به دایکم بڵێ، دەیبینی تا تێ؛
(زۆر به ئاواتم، کاتێ هاتەوه؛
لەسەر داوێنی، خەو بمباتەوه
ئەگەر وەکوو مەل، دوو باڵم هەبوو
لەنێو دنیادا، ئەم کرد هاتوچوو
دەگەڕام هەموو کێو و دەر و دەشت
هەتاکوو دەگام به باخی بەهەشت
بەڵکوو لەوێدا، جارێ بتبینم
ئەتۆش ببینی؛ گریان و شینم)
بەڵام باسی من، زۆر بێ فایەیه
ئاخر کەی هەتیو، ئەستێرەی هەیه؟!
دەردی دڵی خۆم، من دەڵێم به کێ؟
هەتیو چیی هەیه، تا ئەستێرەی بێ؟!
(3)
نەختێ دەگوزەرێ، خەو دێته چاوی
باسی دەمێنێ به ناتەواوی
تاکوو دەخەوێ، له نیوەی شەودا
دایکی دەبینێ، له دنیای خەودا
دەپاڕێتەوه؛ لەگەڵ خۆی بیبا
نەڕوات و دیسان؛ نەیهێڵێ تەنیا
دایکی دەکێشێ، له سەری؛ دەستێ
ئەڵێ؛ نەبوونه، پاشی هەر هەستێ
کچم! جێگای من، جگه دنیایه
دایکت وەکوو تۆ؛ لەوێ تەنیایه
ڕۆڵه! ماڵی من، تاریک و سەرده
جێگاکەم خاکه، سەرینم بەرده...
...
به دایکی دەڵێ، کچ به چاوی سوور
له قرچه و سۆزی دڵ وەکوو تەنوور:
نامەوێ بێ تۆ، ڕووناکی دنیا!
هەر خۆتم دەوێ، وای له هەر کوێدا
دیسان بۆ دڵم دەشکێنیتەوه؟
گەر نامبەی لەگەڵ، بۆ هاتویتەوه؟!
...
دایکی به دڵێ پڕ ئێش و خەمناک
تک تک فرمێسکی دەتکێته سەر خاک
ئەڵێ: (کچەکەم! شەوێکی سەرده
سەرماش، سەرەتای نەخۆشی و دەرده
تۆش له جێگاکەت کەوتبویته دەر
هاتووم بیکێشم؛ پۆشینت لەسەر
زستان، بێ نەوه، نابەتەوه له هۆش
باکوو له سەرما، نەکەوێته ناخۆش
کێ له ناخۆشی، شەوان یارت بێ؟
کێ له جێگای خۆم، پەرەستارت بێ؟)
وەڵامی ئەدا بەم چەشنه و ئەڕوا
ئیتر هاواری کچی پێناگا
(4)
سبەینێ، کاتێ خۆر دای له سەر کێو
له شووشەی شکاو، شەوقی دایه نێو
دای له سەر جێگا و لاشەی سەردی کچ
ڕووناکی دەکرد؛ گۆنای زەردی کچ
بایەقوش، نەختێ چڵی بردبوو
لەو ماڵه چۆڵه، لانەی گرتبوو
ئاخر چۆن بڵێم؟ ئەو کچه مردبوو
بایەقوش دەیکوت؛ دیقی کردبوو
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]