ناونیشانی پەڕتووک: یادی شەوێکی بەکرەجۆ، کەشکۆڵی نەجمەدین مەلا
ناوی نووسەر: #نەحمەدین مەلا#
پێداچوونەوە و هەڵەبڕی: #عوسمان محەممەد هەورامی#
سەرپەرشتی: #خەلیل عەبدوڵڵا#
شوێنی چاپ: سلێمانی
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: یەکەم
یادی شەوێکی بەکرەجۆ، کەشکۆلێکی دەوڵەمەندی مامۆستا نەجمەدین مەلایە، کەژیاننامەی 57 شاعیری کلاسیک و نموونەیەک لەشیعرەکانیانی لەخۆگرتووە، ئەم کەشکۆڵە لەدووتوێی (1010) هەزار و دە لاپەڕەدا، چاپکراوە، (594)ی کەشکۆڵەکە تایپکراوە و مامۆستا (عوسمان هەورامی) گۆڕیوویەتی بۆ ڕێنووسی ئێستاو پەراوێزی بۆ نووسیوە، دەستنووسەکەی مامۆستا نەجمەدین مەلاش سکان کراوە و (416) لاپەڕەیە و وەک پاشکۆی کتێبەکە دانراوە و کتێبەکە بەگشتی بۆتە (1010) لاپەڕە.
حەزئەکەم چیرۆکی دەستکەوتنی ئەم کەشکۆڵە باس بکەم، کە بەم شێوەیە:
رۆژی 15ی نیسانی 2017 لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم کاک(محەمەد مەردان) سەردانی نووسەرو ڕووناکبیر مامۆستا (بەیاد عەبدولقادر)مان لە قەیوان ستیی شاری سلێمانی کرد، لەهەواڵی تەندروستیمان پرسی و چەپکە گوڵی ڕێزو وەفا و خۆشەویستیمان پێشکەش کرد.
لەو دیدارەدا مامۆستا (بەیاد عەبدولقادر) کەشکۆڵێکی دەستنووسی مامۆستا (نەجمەدین مەلا)ی دامێ کە دوو دەفتەری گەورەی 416 لاپەڕەیی نووسراو بوو، کەشکۆڵەکە گەنجینەیەکی بەنرخی ئەدەبی و مێژووییە، کە ژیاننامە و شیعری 57 شاعیری کلاسیکی لەخۆگرتووە، مامۆستا (نەجمەدین مەلا) بەخەتی خۆی نوسیوویەتی و بەناوی (یادی شەوێکی بەکرەجۆ)، کە لە 13ی ئەیلولی 1954پێشکەش بە(ع.بەسۆز)ی شاعیری کردووە، بۆیەش کەشکۆڵەکەی ناوناوە (یادی شەوێکی بەکرەجۆ)، چونکە شەوی 12 لەسەر 13ی مانگی ئابی 1954 لەگەڵ مامۆستا (ع.بەسۆز)ی شاعیرو نووسەر، سەیرانێکیان کردووە بۆ باخەکانی بەکرەجۆو شەوێکی خۆشیان بەسەر بردووە.
لەبەر بایەخی کەشکۆڵەکە و ناوەڕۆکە بەنرخەکەی بەپێویستم زانی چاپی بکەم، بۆئەوەی خوێنەران و توێژەران و ڕووناکبیران و نەوەی نوێ سوودی لێ وەربگرن.
بەپێویستی ئەزانم زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە ئەکەم کە بۆ ئامادەکردن و چاپکردنی ئەم کەشکۆڵە هاوکارییان کردم. [1]