سنووری شارۆچکەی #ئاکرێ# لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی، لە سەردەمی کۆنەوە تاکوو ئێستا، لانکەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە، چەندین شوێنەوار لەم دەڤەرەدا دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە. ویەکێک لە شوێنەوارە گرنگانەی دەڤەرەکە، (#قەڵای شۆش#)ە، کە لەسەر بەرزایی چیای گوندی شۆش هەڵکەوتووە.
لەمبارەیەوە، سەرکەوت نەقەبی، شوێنەوارناس لە بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ بە باسنیوزی ڕاگەیاند: قەڵای شۆش بە بەرزیی لەسەر چیای گوندی شۆش هەڵکەوتووە و 20کم لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی ئاکرێ دوورە و چەندین سەرچاوەی دیرۆکی ئاماژەیان بە ناوی ئەم قەڵایەی گوندی شۆش کردووە، وەکوو کتێبی (تشعيث المارزیا)، کە بە زمانی ئارامی چاپ کراوە و شەماشە (مامکوزمارکوس)کە لە ساڵی 309ی زاینی لەم گوندە ژیاوە و وەرگێڕانی بۆ ئەم کتێبە کردووە، ئاماژەیان بە ناو و قەڵای شۆش داوە، هەروەها لە کتێبی (مژدەها ڕوز)ی شێخ حەسەن داسنیش ئاماژە بەم بە قەڵایە کراوە. ئەم قەڵایە وەکوو قەڵای ئاکرێ، چەندین چەرخی مێژوویی کۆنی دەرباز کردووە، کە بۆ سەردەمی #میدییەکان# و #ئاشوورییەکان# و چەرخی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
شوێنەوارناس سەرکەفت نەقەبی، زیاتر گوتی: چەندین لێکۆڵینەوەی مێژوویی ئاماژەیان بەوە داوە، کە لە چەرخی حەوتەمی پێش زایین، (میر زەندی) میری دەڤەری ئاکرێ، ئەم قەڵایەی لەم شوێنە زەحمەت و سەختەدا دروست کردووە و بە ڕێگای (قاعیدەت ئەلخەمیدس) ئاوی بۆ ڕاکێشاوە، لە هەمان کاتدا 10 عەمباری تێدا دروست کردووە، بۆ کۆکردنەوەی ئاو و دەغڵودان، بۆ ئەوەی لە کاتی هێرشی دوژمن و گەمارۆدان، سوودی بۆ دانیشتوانی قەڵاکە هەبێت.
ڕایشی گەیاند: ئەم قەڵایە چەندین چەرخی دیکەی مێژوویی یەک لە دوای یەکی دەرباز کردووە، وەکوو سەردەمی ئەشکانی و ساسانی و ڕۆمانی، کە لە ساڵی 115ی زایینی، ئیمپراتۆری یۆنانی (تەراجان) لە شەڕ و پێکدادانێکی توند و بەردەوام لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆری زلهێزی ئەو سەردەمە (رۆمانی و فرثي)، ئەم قەڵایەی داگیر کردووە و لەدوای ئەوە، #ساسانییەکان#یش داگیریان کردووە.
شوێنەوارناس سەرکەفت نەقەبی، گوتیشی: “ئەم قەڵایە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە سەردەمی (میر موبارزەدین کەک) و (میر عیسای هەمیدی) لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەتابەگی لە سنوورەکە، چونکە قەڵای شۆش یەکێک بووە لەو قەڵایانەی، کە هەمیدییەکان لە سەردەمی(#عیمادەدین زەنگی#) دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەو شوێنەوارناسە گوتیشی: ئەم قەڵایە دوور نەبووە لە ململانێی نێوان سەفەوی و عوسمانییەکان، هەوروەها بنکەی سەرەکیی بووە لە سەردەمی مێرگەی بادینان لە ساڵی 1550ی زایینی و ئاویان دووبارە بۆ ئەم شوێنە ڕاکێشاوە و عەمبارەکانی ئاو و ئازووقە نۆژەن کراونەتەوە و چەندین خانوویان بۆ نیشتەجێبوونی لەشکر و پاسەوانەکان لە سەربانی ئەم قەڵایە دروست کردووە.
ڕایشی گەیاند: لە ساڵی 1842 لە شەڕی نێوان مێرگەی بادینان و عوسمانییەکان بۆ دوایی جار ئەم قەڵایە داگیر دەکرێت و دیوارەکانی دەڕووخێنرێن و بەتەواوی وێران دەکرێت.
شوێنەوارناس سەرکەفت نەقەبی، گوتیشی: دەتوانین بڵێین، قەڵای شۆش دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو چەرخانەی کە باسمان کردن، یان بۆ سەردەمی چەرخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستیی زۆر ورد هەیە، کە لەداهاتوودا ئەنجام بدرێت و مێژووەکەی زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە.
شوێنەوارناس سەرکەفت نەقەبی، سەبارەت بە نەخشە و شێوازی قەڵاکە ئاشکرای کرد، کە دوو ڕێگای لێک جیا بەرەو بەرزایی قەڵاکە دەچن، کە ژمارەیەکی زۆر پلیکانەی بە بەرد داتاشراو لەخۆ دەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، مێژووی ڕێگا بۆمان ئاشکرا بێت، گوتیشی لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەکی زۆر پەرستگە و ئاگردان و ئەشکەوت لە هەردوو لای ڕێگای چوونە قەڵا لەسەر تاشە بەردەکان دروست کراون، هەروەها ژمارەیەک کونەبەردی بچووکیش بەرچاو دەکەون، کە بۆ چرا بەکار هێنراون، بۆ ئەوەی ڕێگاکە ڕووناک بکرێتەوە.
ڕایشی گەیاند، لە زۆربەی لاوە دیواری ئەم قەڵایە بە بەردی سروشتیی دەورە دراون و چەندین ناوبڕەی کورتی تێدا دروست کراوە، کە بە بەرد و قسڵ و گێچ، وەکو دیوار بەکار هاتووە. باسی لەوەش کرد: بۆ چوونە ناو قەڵا، دەرگایەکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەبەرانبەر دەرگاکەدا پێنج پلیکانەی لە بەرد داتاشراو دروست کراون.
سەرکەفت نەقەبی، گوتیشی: سەربانی قەڵاکە دوو ژوور لەخۆ دەگرێت، ژووری یەکەم گۆڕی (لەیلا خان) خێزانی سوڵتان ئیسماعیل پاشای کوڕی سوڵتان مەحەمەد تەیار پاشای تێدایە و ژووری دووەمیش چەند گۆڕێکی نەناسراوی زۆر کۆنی تێدایە، کە تاکوو ئێستا بەتەواوی نازانرێت ئەم گۆڕە نەناسراوانە هی چ کەسانێک و سەردەمێکن، بەڵام خەڵکی گوند و هەندێک لە لێکۆڵەرەوان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە یەکێک لە گۆڕە نە ناسراوەکان، گۆڕی شەهید (ئاوریا)ی سەرکردەی دواد پێغەمبەرە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمەو چەندین شوێنەواری دیکەی گرنگ لەو قەڵایە هەن، کە هەندێکیان ئاماژە بۆ سەردەمی زەردەشتییەکان و سەردەمی ئیسلامی دەکەن.
جگە لەمانەی باسمان کرد، سروشتی چیای شۆش سروشتێکی جوانی دڵڕفێنی هەیە، کە گەشتیار بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و هەندێکیش بە مەبەستی پیرۆزیی گۆڕی شەهید ئاوریای سەرلەشکری داود پێغەمبەر سەردانی گۆڕەکە دەکەن. ئەم شوێنە دارودرەختێکی زۆری بە بەر و بێ بەری لێ هەیە، بەڵام خەڵک بەهۆی باوەڕبوونیان بە پیرۆزیی ئەم شوێنە، ئەو دارانەیان پاراستووە و نەیانبڕیون.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]