بەڕێوەبەری شوێنەواری قەزای #مێرگەسۆر#، لە دیدارێکی (باسکورد) ئاشکرای دەکات، لە سنوورەکەیان چەندین ناوچەی شوێنەواری تۆمار کراون، دەشڵێت : لەماوەی ڕابردوودا لە ئەنجامی کاری هەڵکۆڵینی تیمی شوێنەوار ناسانی (زانکۆی کامبریدیج بەریتانی) لە #ئەشکەوتی شانەدەر#، توانرا بەشێکی ئێسکی #مرۆڤی نیاندرتاڵ# بدۆزرێتەوە و بۆ پشکنین دەنێردرێتە تاقیگە.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری شوێنەواری قەزای مێرگەسۆر، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، تا ئێستا زیاتر لە 200 شوێنی شوێنەواری تۆمار کراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت چەندین شوێنەواری تر لەم سنوورە بوونیان هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەنجام نەدانی ڕوپێوی شوێنەواری تا ئێستا کەمترین شوێنەوار لەم سنوورە تۆمار کراون، بەمەش بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەم شوێنانە پێویستمان بە ئەنجام دانی ڕوپێوی شوێنەواری هەیە لە سنوورەکەمان، هیوادارین بتوانین لە داهاتوودا کاری جددی لەسەری بکەین.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، زیاتر گوتی: لەمساڵیشدا تیمی شوێنەوارناسانی (زانکۆ کامبریدیج بەریتانی) بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران و فەرمانگەکەمان، کاری هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجام دەدەن، کە ئەم زانکۆیە لە ساڵانی ڕابردووش بە هەمان شێوە کاری هەڵکۆڵین و پشکنینی شوێنەواریان لەو ئەشکەوتە ئەنجامداوە، هەروەها چەند تیمێکی دیکەی جیهانی بە هەمان شێوە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردودا تا ئێستا چەندین جار کاری هەڵکۆڵینیان بۆ ئەشکەوتی شانەدەر کردووە و گرنگی تایبەتمەندی زۆری پێدەرێت.
سۆران ئەمیر، ئاشکراشی دەکات، بە شێوەیەکی گشتی تا ئێستا، لە ئەشکەوتی شانەدەر 10 ئێسکە پەیکەری مرۆڤی نیاندرتاڵ دۆزراونەتەوە، ئەمساڵێش لە ئەنجامی وەرزی هەڵکۆڵین توانرا بەشێکی ئێسکی مرۆڤی نیاندرتاڵ لەم ئەشکەوتە بدۆزرێتەوە، کە بریتی بوو لە بەشێکی تەنشت پەراسوی مرۆڤ و لەگەڵ پەنجەکانی دەست، بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لە بارەیەوە ئاشکرا بکرێت دەگوازرێتەوە بۆ تاقیگە پشکنینی بۆ ئەنجام دەدرێت.
ئەشکەوتی شانەدەر، لە بناری چیای برادۆست، سەر بە قەزای مێرگەسۆر، بە دووری 145کم دەکەوێتە ئەوپەڕی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لە ڕۆژئاوای ئەم ئەشکەوتە زێی گەورە هەیە کە بە 3 کم لێی دوورە، لە ڕۆژهەڵاتیشی مێرگەسۆر هەیە، لە باشوری ڕۆژهەڵاتی دێی شانەدەرە کە 4کم لێی دوورە، 42 کم لە خەلیفانەوە دوورە، 822م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
ساڵی 1953 وە تا ساڵی 1960 تیمێکی ئەمریکی لە ژێرچاودێری پسپۆڕی شوێنەوارناس ڕالف سۆلیکی، کاری هەڵکۆڵین و پشکنینیان لە ئەشکەووتی شانەدەر ئەنجامدا و توانیان چەند پارچە ئێسکێکی کۆنی مرۆڤی نیاندرتاڵ بدۆزنەوە، کە تەمەنی ئەم ئێسکە پەیکەرانە دەگەڕێنەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، لە ئێستاشدا تیمێکی شوێنەوارناسانی (زانکۆی کامبریدیج بەریتانی) چەند ساڵێکە کاری دۆزینەوە و هەڵکۆڵین لەو ئەشکەوتە ئەنجام دەدەن.
ئاامدەکردنی: #سارا سەردار#
[1]