مێلاقە، لالە، تيولب: ڕووەکێکی پيازیه لەچیا و بەرزاییەکانی کوردستان خۆڕسک شین دەبێت، بەرزی (20-30) سانتیمەتر دە بێت، بەهاران لەمانگی ئادار گوڵ دەکات، لەکوردستان زیاتر گوڵەکانی ڕەنگی سوورن بەڵام زەردی پرتە قاڵیشی هەیە.[1]
- توڵپان، یان گوڵە مێڵاقە
گوڵی توڵپان، کە بە کوردی پێی دەگوترێت گوڵە مێڵاقە، هەروەک دەشگوترێت لالە یان گوڵاڵە. مێلاقە لە کەژی بەهاراندا، بە شێوەیەکی خۆڕسک، لە ناوچە ساردەکانی کوردستان دەڕوێت. ئەمڕۆ مێڵاقەی دەستەمۆ کراوی خۆشکراو، یەکێکە لە پڕ فرۆشترین گوڵی ئەوروپی و دنیا. دەرکەوتنی ئەم گوڵە لە ئەوروپا، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیه کە پەیوەندی بە کوردستان و زمانی کوردیەوە هەیە .
گوایە لە سەردەمی ئابڵۆقەی شاری ڤییەن لەلایەن سوپای عوسمانیەوە، یەکێک لە سەردارە کوردەکانی بەشدار لەو شەڕە، چەپکێ گوڵە مێلاقەی، بە دیاری داوەتە سەردارێکی هۆلەندی. ئەویش گوڵەکەی زۆر پێ جوان بووە و، داوای سەڵکەکەی لێ کردووە. سەرداری کورد، دەنێرێتە کوردستان و دوای ماوەیەک سەڵکە مێڵاقە دەداتە هاوپیشه هۆلەندیەکەی. ئەویش دوای ماوەیەک چاندویەتی. گوڵەکە لە ناو خەڵک بڵاو دەبێتەوە و، ناوبانگی جوانی پەرت دەبێت. لێی دەپرسن داخۆ ناوی ئه و گوڵە چیە؟ کابرا چونکە لەبیری چوبوو بپرسێت ناوی گوڵەکە چیە، بڕیار دەدات تا بە ناوی دیارترین شێوەی سەردارەکەوە، کە تولی لە سەر پێچراوی، یان تول بەندەکەی بوو، گوڵەکە ناودێر بکات.
ئەمڕۆ (tulpan، تولپان)، کە بە چەند ناوێکی دی هاوشێوەش گۆ دەکرێت، بۆتە ناسراوترین و پڕفرۆشترین گوڵی ئەوروپا. گوڵەکەش بە چەندان ڕەنگ موتوربە و پەروەردە کراوە.
دیارە چیرۆکی دیش لەسەر بڵاوبوونەوەی گوڵەکە لە هۆلەندە هەیە. یەکێک لەوانە، گوایا بالیۆزی ڤاتیکان بۆ هۆلەندا، Ogier Ghiselin de Busbecq، ئۆگیێر گیسێلین دی بوسبێک، ئه و گوڵەی لە دەوڵەتی عوسمانیەوە هێناوەو، دواتر بە دیاری داویەتیە هۆلەندیەکان.
بەناوبانگترین باخچەی تولپان، بریتی بوو لە باخەکەی Carolus Glusius، کارۆلوس گلوسیوس لە شاری لیدن. چەند جارێک خەڵک باخەکەیان لێ تاڵان کردووە و، سەڵکە مێڵاقەکانی لێ دزراوە. ئه و ساڵی 1592ز، یەکەمین کتێبی لەسەر گوڵە مێڵاقە نوسیوە.
بە فارسی پێیدەگوترێت لالێ(لالە). لە تورکی lale، لالە. لە سێربیlale، لالێ . بولگاری laleta، لالێتە. بە مەکەدۆنی lalinja، لالینیە. لە ڕومێنی lalele، لالێلێ. لە زمانی هۆلەندی tulpen، تولپێن. بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت tulips، تولیپس. دانمارکی tulipan، تولیپان. سویدی tulpan، تولپان. ئیتالی tulipani، تولیپانی. لە هیندی guladasta، گولەدەستا. لە عارەبی زنبقة.
با واز لە چیرۆکەکە بێنین و، لە ڕوانگەی زانستی ئێتیمۆلۆژیەوە، لە ناوە ئەوروپیەکەی گوڵەکە بپێچینەوە:
وەک گوتمان، بە هۆی لێکچوونی سەڵکی پانی گوڵەکە و، تول بەند، یان جامانەی سەرداری کوردەوە بووە کە ئه و ناوەی لێندراوە. با بزانین تول+ بەند چیە؟
تولبەند: بریتی بووە لەو تیلمە پەڕۆیەی کە وەکو شەدە و جامانەی ئەمڕۆ، پیاوانی کورد تا سەدەکانی ناوەڕاستیش، لە سەریان دەپێچایەوە. تا ئەمڕۆش، لە ناوچە لەک نشینەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شەدەی سەری ژنان دەگوترێت تولبەند. وەک دیارە وشەکە لێکدراوە و لە تول و بەند پێکهاتووە.
تول: بریتیە لە پارچە پەڕۆیەکی زۆر تەنک، کە ژنان بۆ کراس و جلوبەرگی دی بەکاری دێنن. هەروەک تول بۆ سەرلانک و داپۆشینی منداڵی ساوا، یان داپۆشینی شوێنی بە برینی لەش بەکاردێت. هەروەک تول لە (تور)ەوە هاتووە و، بریتیە لە پارچە پەڕۆیەکی درێژ و، دوو جار پانتر لە ئەندازەی ناولەپ. تول بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکارهاتووە. سەردەمانێک سەرپێچی ژنان و پیاوان، لە شێوەی تول دابووە.
وشەکە لێکچوونێکی دیشی هەیە. لەوانەیە تول لە بنەڕەتدا ناوێکی وەرگیراو بووبێت. هەمان ناو، لە زمانی فەرەنسیشدا، بۆ پارچەیەکی هاوشێوە بەکار هاتووە. ناوە فەرەنسیەکە، بۆ وشەی فەرەنسی tulle، تول دەگەڕێتەوە کە بۆ هەمان پارچەی تەنکی تۆڕی بەکاردێت. گوایە پارچەکە بۆ یەکەمینجار لە شاری Tulle، تولی فەرەنسا بەرهەم هاتووە. بۆ شێوەی دووەمی وشەکە، سەیری تولبەند و چیرۆکەکەی بکە. بنەڕەتی ناوەکە هەر کامەیان بێت، ناوی گوڵەکە بۆ تولبەندی کوردی گەڕێندراوەتەوە. هەروەک بنەڕەتی گوڵەکەش، لە هەردوو گێڕانەوەکە، بۆ سنوری دەوڵەتی عوسمانی گێڕدراوەتەوە.
دیارە بۆ لێکدانەوەی وشەی تولبەند، ئەگەرێکی دیش هەیە. لە زمانی کوردی، پاشگری کوردی دەچێتە سەر ناوی ئه و ئەندامەی لەش، کە دەثێچرێت، وەک: دەسبەند. پشتبەند. سەربەند. کەمەربەند. پابەند و... تاد. به و پێیە بێت دەبێ (تولبەن)یش، لە بنەڕەتدا (توێل بەند) یان (تەوێل بەند) بێت. دیارە تەوێل و توێل لە کوردیدا، نێوچاوانە. تولبەند دەبێتە بەستنی نێوچاوان.
هەرچی وشەی دووەمە، بەند: واتا بەستن. زیندانی. شەتەکدان. گرێدان. ڕێلێگرتن. هەروەها جومگە و گەی نێوان ئێسکی ئەنگوستەکان. وشەکە لە ڕەگی وشەی PIE ی bhendh، بهێندە یان بێند بە هەمان واتاوە هاتووە. لە سانسکریتی bhandh، بهەندە واتا بەند. لە پەهلەوی band، بەند، جگە لەو واتایانەی سەرەوە، بۆ جومگەی پێکەوە بەستنی دوو ئێسکیش بەکارهاتووە. فارسی بەند. لە زمانە هاوچەرخەکانی هیندی، وشەکە بۆ بەندکردن و پێوەدان، یان داخستن بەکاردێت. لە ماراتی banda، بەندە واتا پێوەدان. لە گوجاراتی bandha، بەندها هەمان شت. لە بەنگالی bandha kara، بەندهە کەرا واتا پێوەدان. لە هیندی banda karem، بەندە کەرێم واتا پێوەدان. داخستن. لە گێرمانی bandjo، بەندیۆ واتا بەندو بەستن. لە گۆتی و ئیسلاندی bindan، بیندان واتا بەستن. بەندکردن. هەر لە گۆتی bandi، بەندی واتا بەند. لە ئەنگلۆساکسۆنی bend، بێند هەمان شت. لە ئینگلیزی bind، بیند واتا بەستن. هەر بە ئینگلیزی bound، بۆوند بریتیە لە پابەندبوون. ناچاربوون. ئەرک. لە دانمارکیش bundet، بوندێت هەمان شتە. لە ئەلمانی، ئیسلاندی و دانمارکی و سویدیش band، باند هەمان واتای بەند. هەر لە سویدی binda، بیندە واتا بەستنەوە. ئەلمانی binden، بیندن هەمان. سالم دەڵێ: عوزری مەسموعە، عیبادەت نیە گەر عادەتی ئەو... پێی نیگارینی لە بەندایە بە زنجیری حەیا. وشەکە لە کوردی، گەلێک وشەی دیشی لێدروستکراوە وەک بەندی. بەندیخانە. بەنداو. بەندە. بازیبەند. دەستبەند. ڕێبەندان. پابەند. هەروەک بەند بوون بە واتای گیربوون و مانەوەی زۆرتر لە پێویست لە شوێنێک دێت. نیشتەجێ بوون.[2]