ناونیشانی بابەت: نەخشەیەکی ساڵی 1892ی کوردستانی مەزن
نەخشەیەکی کوردستانی مەزن، کە ساڵی 1892 واتە (130 ساڵ لەمەوبەر) کە ئێستا ساڵی (2022)ە لەلایەن نەخشەزان و دیبلۆماتکارێکی بەریتانی دروست کراوە و لە ساڵی 1894 لە گۆڤارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، (باسنیوز) بۆ یەکەمین جار لە میدیای دامەزراوەیی کوردیدا بڵاوی دەکاتەوە.
جێی باسە ئەم نەخشەیە بە (کۆنترین نەخشەی چاپکراوی کوردستانی مەزن) ناودێر دەکرێت، نەخشەکە لەسەر بنچینەی گەشت و گەڕان و کاری سیخووڕیی یەکەم سەردانی کاپتن فرانسس ڕیچارد ماونسێڵ، دیپلۆماتکار و نەخشەزانی بەریتانی دروست کراوە، کە لە هاوینی 1892 وەک سیخووڕێکی وڵاتەکەی، سەردانی زۆربەی ناوچەکان کوردستانی مەزنی کردووە.
نەخشەکەی کوردستانی مەزن، کە ماونسێڵ لە 1892دا دروستی کردووە، تا ڕادەیەک فراوانترە لەو نەخشەیەی توێژەرانی کورد تا ئێستا پشتیان پێ بەستووە و لە پەڕتووک و بەڵگەنامەکانی تردا بڵاو کراونەتەوە، لەم نەخشەیەشدا کوردستانی مەزن ناوچەیەکی شاخاویی سەختە و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی #تورکیا#ی ئێستا و #ئەرمەنستان#ی ئێستا و بەشێکی زۆری #ئێڕاق#ی ئێستا، باکووری ڕۆژهەڵاتی #سووریا#ی ئێستا و باکووری ڕۆژاوای #ئێران#ی ئێستا لەخۆ دەگرێت.
ئەو نەخشەیە بەشێکە لە نەخشە گەورەکەی کاپتن ماونسڵ، کە لە هەمان ئەو ساڵەی گەشتەکەی تێدا ئەنجام دابوو، دروستی کردبوو بۆ ئەوەی بۆ کار و پلانی حکوومیی بەریتانیا ئەوکاتە بەکار بهێنرێت. نەخشەکە لە ساڵی 1894 لە گۆڤاری (Geographical) بڵاو کراوەتەوە.
فرانسس ڕیچارد ماونسێڵ، لە شوباتی 1861 لە شاری لیمێرک-ی ئێرلەندا لەدایک بووە و لە کۆلێژی چێلتنهام خوێندوویەتی و لە ئەکادیمیای سەربازیی شاهانە بەشداریی کردووە.
دیپلۆماتکاری حکوومەتی ئەو کاتەی بەریتانیا بووە، هەروەها لە ڕیزەکانی سوپای ئەو وڵاتەشدا کاری کردووە.
ئەم دیپلۆماتکارە، خولیای شوێنەوارناسی و جوگرافیاناسییش بووە و لە دروستکردنی نەخشەشدا زۆر کارامە بووە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، ئەفسەرێکی هەواڵگریی چالاک بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ساڵی 1936 کۆچی دوایی کردووە.
شایانی باسە، (باسنیوز) ئەم نەخشەیە و زانیارییەکانی، لە ماڵپەڕی (جیوگرافیکوس) وەرگرتووە. [1]