مێژوو وەک دامەزرێنەری ناسنامە لەشەرەفنامەدا.
#حەیدەر لەشکری#
ڕەنگە ئاسان نەبێ بتوانین لەو پەیوەندییە نهێنییە تێبگەین کە لەنێوان دەسەڵات و مەعریفەیەکدا هەیە، لەکەسێکدا کەوا هەردووکیانی لەخۆیدا ئەزموون کردووە. کەسێک بەشی هەرە زۆری تەمەنی لە حوکمڕانی و شەڕ و ململانێکاندا سەرف کردبێ بەشەکەی تریشی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەی مێژوویی. ئاخۆ چەندە جۆری مەعریفە بەرهەمهێنراوەکە گوزارشت لە کەسێتی دەسەڵاتدارانەی وی دەکات؟ چەندە ئەو کەسێتییەش چییەتی و سنوورەکانی مەعریفەکەی دەستنیشان کردووە و چ کۆنترۆڵێکی بەسەر کردەی بەرهەمهێنانیدا سەپاندوە؟ پاشان دەبێ چەندە مەعریفەکە لاگیری لە ناساندن و خستنەڕووی دەسەڵاتدارێتی کردبێ و لە کوێدا وەک ئامرازێک بۆ بەخشینی ڕەوایەتی هەبوون و بەردەوامێتیی بەکارهێنرابێت؟ بێگومان کەسێک ئەو پەیوەندییە نهێنییەی لەنێو خۆیدا کۆکردبێتەوە، شایستەی تێڕامانە و دەشێ بەرهەمە مەعریفییەکەشی ڕاڤەی جیاجیا و خوێندنەوەی فرە لایەنانەی بۆ بکرێ.
لێرەوە – بە بۆچوونی ئێمە – هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی “شەرەفنامە”ی میر شەرەفخانی بەدلیسی (م. 1601)، دەمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارانە و چەندانی دی. وەڵامدانەوەیان، یاخود لایەنی کەم ڕاڤەکردنی وەڵامەکانیان، ئەو کەسایەتییەمان لە مێژوونووسێکی ئاسایی بۆ سەروو ئاسایی و مێژووە نووسراوەکەش لە زانینێکی مێژوویی ساکارەوە، بۆ ئاستێکی بەرزتر دەگوازێتەوە. ئە وەی کە ڕەنگە ئەو حاڵەتە نائاساییە قووڵتر بکاتەوە ئەوە بێ زانینی مێژوویی بەمجۆرە پێشتر کەسێکی تر بەرهەمی نەهێناوە. یان با بڵێین زانینەکە بەو گشتگیرییە شوێنکاتییە نەخراوەتە ڕوو و ئەو میتۆدەی لە نووسینەوەدا پەیڕەوی لێ کراوە نەبووە. ئە وە شەرەفخانە ڕچەکە دەشکێنێ و لە نووسینەوەی مێژووی کورد و وڵاتەکەیاندا، کارێک دەکات پێشتر – وەک خۆشی ئاماژەی بۆ دەکات – نەکرابێت. ئەوەی شەرەفنامە لە پەڕتووکەکانی دی هاوشێوەی جوێ دەکاتەوە، ڕێبازی نووسین و چۆنییەتی گێڕانەوە نییە. هەروەها بەرهەمهێنانی مانایەکی جیاواز بۆ (مێژوو لەخۆیدا)، نییە. بەڵکوو تایبەتمەندێتی ناوەرۆکه، ئەو تایبەتمەندێتییەی وادەکات تێگەیشتنی جیاوازمان بۆ هەم ڕێباز و هەمیش گێڕانەوە هەبێت. هەروەها بە دوای مانایەکی مێژوو گونجاو لەگەڵ ناوەرۆکە نووسراوەکەدا بگەڕێین، کە مێژووی کوردە. ئەگەر لەلای ئەوانیتردا مێژووەکە بەشێکی تەواوکاری ئەو زنجیرەبەندییە بووە، کە مێژوونووسەکە لە کۆنتێکستی مێژوویی گشتیدا کاری پێ دەکات، ئەوا لە شەرەفنامەدا مێژوو دەقێکە لە کۆنتێکستی تایبەت بە ناوەخنی مێژووەکە، کە مێژووی کوردە. بۆیەشە چاوەڕوان دەکرێ ماناکانیشی جیاواز بێت، لەوەی لە سنووری مێژووی گشتیدا دەیبێ. بەجۆرێک، کە لەگەڵ شەرەفخاندا هەموو ماناکانی مێژوو لە کورد و ئەزموونە مێژووییەکەیەوە دەبینرێ. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=450680&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی مێژوو وەک دامەزرێنەری ناسنامە لەشەرەفنامەدا=KTML_Link_External_End=