چەپڵە لێ دەدەم و چەپڵە لێ نادەم
ئامادەکردن و ڕانان: #سەباح عەلی جاف#
کۆبەرهەمی شاعیری #گەرمیان# و #کوردستان# د.#ئەحمەد باوەڕ# لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 لە لایەن دەزگای ڕۆشبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لەژێر ناونیشانی (#چەپڵە لێ دەدەم و چەپڵە لێ نادەم#) لە شاری بەغدا چاپ و بڵاوکرایەوە.
د. ئەحمەد لە ئێستا زۆر تر وەک لێکۆڵەر و مێژوونووس و ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ لە ناوەندی ڕۆشنبیری کوردیدا ناسراوە، بەڵام ئەو لە هەشتا و نەوەتەکاندا شاعیر و ئەدیبێکی هەست ناسک و بە ئاگا لە کۆژانی گەرمیان و کوردستان بە شیعر ڕووداوەکانی بۆ نەخاشاندووین، لەم کۆ شیعرەدا (63) ناونیشانی شیعری بەرچاو دەکەون کە بە شیعری ناونیشانی (بەرهەمەکەدا) خوێنەر گوزەرێک بە کوچەکانی هەست و پەیڤی شاعیرا دەکەن، شیعرەکان زۆر تر هی ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوون کە کوردستان بە چەندین نەهامەتیدا گوزەری کردووە بە تایبەت شەڕی نەگریسی براکوژی.
د.ئەحمەد وەک وتمان ئێستا قەڵەمی بە بڕشتی زۆر تر لە بواری مێژوویدا تیژ کردووە و لەم ڕووەوە خاوەنی (14) لێکۆڵینەوەی زانستی و (22) پەرتووکی بە بایەخە و خامەکەیشی هێشتا لە مەیدانەکەدا هەر تیژە و هەمووان چاوەڕوانی زۆر تر و زیاتری لێ دەکەین.
لە کۆتایدا سوپاس بۆ دکتۆر ئەحمەد کە دانەیەک لەم کۆ شیعرەی پێشکەش کردم ، خوا پایەدار و تەندرووستی بکات.
ئەمەیش کۆپلەیەکە لە شیعری (سووتان) کە لە 7ی شوباتی 1990 نووسیویەتی:
$سووتان$
کێ پێی وتیت
خۆت یاخی کەی؟!
کێ پێی وتی بم ڕەنجێنی
بەدەم کزە و لاوانەوەی ئازارەوە گوڵی ژینم بژاکێنی؟
کێ پێی وتیت
بە تەنهایی بەجێم بێڵی؟!
کێ پێی وتی بمفەوتێنی و
بۆ هەوەس و ئارەزووی خۆت پەڕوباڵی ئەوینداریم بسووتێنی؟!
خۆ تۆ هەست و پەیامم بووی
لەسەر چی بوو وات لێکردم
خۆ تۆ بەستەی بەیانیان و
ڕازونیازی ئێوارەم بووی
بۆ پەم دەردە سەختەت بردم!
[1]