لە ساڵی 1987 بۆ خوێندن بۆ مۆسکۆ چووم، (د. #تەها ڕەسوڵ#) م ناسی و دواتر ناوە ناوە، یەکترمان دەبینی و زۆر جاریش بۆ سەردان و بینینی برادەرانی لێنینگراد، بۆلامان دەهات. د. تەها ڕەسوڵ وەک ئێمە کەسێکی حزبی بوو، بەڵام حزبی بوونی ئێمە یان هەڤاڵانی دیکە، قەت نەدەبووە ساردکردنەوە و لاوازبوونی برادەرایەتی، چونکە هەموومان دەمانزانی ئێمە لە سۆڤیێت و دواتر لە ڕووسیا کوردین، پێش ئەوەی یەکێتی، پارتی، سۆسیالیت، پاسۆک یان هەر حزبێکی دیکە بین. د. تەها ڕەسوڵ بەردەوام لە بەرەی گەلدابووە و لە هەموو چالاکییەکانی سیاسی، بۆنە نیشتمانییەکان، چالاکییەکانی کولتووری وەک زۆربەمان بەشدار دەبوو. کەسیش وەک د. تەها ڕەسوڵ، دڵی بە هاوکاری خەڵکی دیکە (قوتابییانی کورد) خۆشنەدەبوو.
پاش تەواوکردنی خوێندن و گەڕانەوەمان بۆ سوید و کوردستان، دیسان ناوە ناوە یەکترمان دەبینی و تا زانیم، ئەو پێش من (2004) بەیەکجاری بۆ کوردستان گەڕاوەتەوە. د. تەها ڕەسوڵ، لە کوردستان کۆمەڵێک خەونی گەورەی هەبوو، لەتەک بازرگانی، کارکردن و پەرەپێدان بە بواری فەرهەنگ بۆ ئەو زۆر گرنگ بوو. زوو دەزگای چاپ و پەخشی بەناوی: جەمال عیرفان لە شاری #سلێمانی# دانا، تا ئێستا 2020 نزیکەی 600 پەڕتووکی لەسەر ئەرکی خۆی چاپکردووە و بە پارەش نزیکەی دوو ملیۆن و نیو دۆلار لەسەری کەوتووە... دەزگای جەمال عیرفان، قەت قازانجی نەکردووە و خەرجی خۆی نەهێناوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش د. تەها ڕەسوڵ پەرەی پێدەدات و هەفتانە پەڕتووکی تازە چاپ دەکا. دە فیلمی دۆکیۆمێنتاری و دراما لەسەر ئەرکی د. تەها ڕەسوڵ بەرهەم هێندراون. جگە لەوانە 17 ئێزگەی ڕادیۆی دامەزراندووە و پێشکەش بە سەنتەر و دەزگا و ڕێکخراوی جیاجیای کوردی کردووە. هەروەها دەیان پەیکەری نووسەر و شاعری کوردی لەسەر داوای ئەو درووستکراون و لە پارک و شوێنی جیای کوردستان دانراون.
من و د. سامانی هاوڕێم، لە (1ی ئازاری 2020) سەردانی دەزگای چاپ و پەخشی: جەمال عیرفانمان کرد و لەوێ (د. تەها ڕەسوڵ) مان بینی و قسەی زۆرمان کرد و هەندێک وێنەشمان بۆ یادگاری گرت.
لەگەڵ نووسینی ئەو چەند دێرەی سەرەوە، دەمەوێ سڵاوێکی گەرمی لە #هەولێر#ەوە بۆبنێرم و هیوادارم د. تەها ڕەسوڵ هەر لەخۆشی و شادی بژیت و لەسەر پڕۆژە کولتورییەکانیشی بەردەوام بیت، چونکە ئەگەر سەرکردایەتی کوردیش لە شەونخونی و ماندیبوونی ئەو تێنەگەن و نەزانن، ئێمەی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی بواری فەرهەنگ، بەئەرک و ماندیبوون و کارە گەورەکانی دڵخۆش دەبین و دەزانین پاش تەواوکردنی هەر بەرهەمێکمان، کەسێک، دەزگایەک هەیە، خەمە گەورەکەمان لەکۆڵ بکاتەوە، پەڕتووکەکەمان بۆ چاپ بکا، بێ ئەوەی لێمان بپرسێ: تۆ ئەندامی چ حزبێکی، خەڵکی چ شار یان هەرێمێکی...
تەمەنت هەزار ساڵ بیت، دکتۆر تەها ڕەسوڵی هێژا...
د. #مەغدید سەپان#. [1]