دادگای پاریس بڕیاری لەسەر نەوتی هەرێمدا
2023-01-27
درەو:
دادگای نێودەوڵەتی لەپاریس حوکمی کۆتایی خۆی لەسەر کەیسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە دەکرد، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بڕیارەکە لەبەرژەوەندی ئێراق بێت.
محەمەد حسێن، توێژەر لە ناوەندی ئێراقی بۆلێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسییەکان بە (درەو) ی ڕاگەیاند:
دادگاکەی نێودەوڵەتی لە پاریس حوکمی کۆتایی خۆیدا لەسەر کەیسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە، هەرچەندە هێشتا وردەکاری حوکمەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هەواڵی خراپ بۆ هەرێم و تورکیا بەڕێوەبێت و لەبەرژەوەندی ئێراق حوکمەکەی دەرکردبێت.
حکومەتی ئێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015 کەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە تورکیا دەکات، کەیسەکە لەسەر ئەوەیە تورکیا ڕێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری ئێراق لەناو خاکی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی ڕاگرت و دەرفەتێکی نوێی دا بە تورکیا و هەرێمی کوردستان.
دەرچوونی حوکمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێراق بۆ پاریس و هاوکات سەردانی کتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنکەرەو کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە کەیسی وزە.
ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو دادگای فیدراڵی ئێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی ناردنی هەر بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەدوای بڕیارەکەی مانگی شوباتی 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و ناچارکردن هەرێم بە ڕادەستکردنی نەوت و غازەکەی بە بەغدا، بڕیارەکەی چوارشەمە قورسترین بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو دژی هەرێم، بڕیارێک کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی چواندی بە بڕیارەکانەی دادگای شۆڕش (محکمة الثورە) ی بەعس.
[1]