حەسەن زیرەک زایەڵەیەکی نەمر و بێڕکابەر
#26-06-2023#
ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی، هونەرمەندی مەزن و دیاری کورد حەسەن زیرەکە، کە هونەرەکەی بووە بە ناسنامە و شووناسی نەتەوەی کورد و تا ئەمڕۆش نە کەس لەو دەچێت نە کەسیش ئەوی تێپەڕاندووە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن زیرەک، یەکێکە لە هونەرمەندە هەرە ناودار و دەنگ خۆشەکانی گەلی کورد، کە لە 2ی تشرینی دووەم1921 لە گوندی هەرمێڵەی سەربە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
ساڵی 1953 یەکەم گۆرانیی خۆی لەوێ تۆمار دەکات و دەنگی بە سەر شەپۆلە ڕادیۆیییەکاندا سنوورەکان دەبەزێنێت و لەو ماوەیەدا لە بەغدا نزیک بە 75 گۆرانی کوردیی تۆمار دەکات و ئیدی ناوبانگی حەسەن زیرەک بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە.
دوای ساڵی 1958دەگەڕێتەوە ئێران و دەڕواتە ڕادیۆی کوردیی تاران لە ساڵی 1962پەیوەندی بە ڕادیۆی کرماشانەوە دەکات و 83 گۆرانی تۆمار دەکات، کە باشترین بەرهەمەکانی ئەوانەن لە ماوەی ئەو دووساڵەدا لە ئۆرکێسترای کرماشان بە سەرپەرشتی مامۆستا موجتەبا میرزادە تۆمار کراون.
موجتەبا لەبارەی ئەو قۆناغەوە وتوویەتی گەر 150 گۆرانیمان لە ڕادیۆی کرماشان تۆمار کردبێت، ئەوا نزیکەی 100 دانەیان زیرەک هەر لە ستۆدیۆ لەپڕ بڕیاری لێ داوە بیچڕێت.”
هەروەها زیرەک لەبارەی موجتەباوە دەڵێت”هەرکە میرزادە پەنجەی بە ژێی ڤایۆلینەکەیدا دەهێنێت، دەم و دەست حەیران دەبم بۆ ئەوەی بەئازادی گۆرانی بچڕم.”
حەسەن زیرەک لە ساڵی 1971 تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێت و لە دوای ساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەی لە ڕێکەوتی 26ی حوزەیرانی 1972کۆچی دوایی دەکات، لەسەر داوکاری خۆی لە کێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاک دەسپێردرێت و ئەویندارانی چریکەی سیحراوی بۆ هەمیشە بە حەسرەت دەنگییەوە بەجێدێڵێت.ئەمڕۆ 51 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی ئەو گەوهەرە نەمرەی کورد بەڵام چریکەی ئەو لە گوێی نەوە لە دوای نەوەی کورد بەزیندوویی دەمێنێتەوە.[1]