ئادەم سمس 300 ساڵ
سەردار عەزیز
02.07.2023
ئەمساڵ یادی 300 ساڵەی لە دایکبوونی ئادەم سمسە. نازانم چەندێک سمس لە دونیای ئێمەدا ناسراوە، بەڵام بێگومان یەکێکە لە هەرە کاریگەرترین بیرمەندانی ئابووری سیاسی و ئەخلاقی لە دونیای مۆدێرندا. ئەم ڕۆژانە خەریکی خۆ ئامادەکردنم بۆ گفتوگۆیەک لەگەڵ خانەیەکی بیری ئەمریکی، بۆ کارێک دەربارەی هەڵوەشانی کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان و مەترسییەکانی لەسەر ئاشتی لە ناوچەکە. ئەو تیورەی بە نیازم بە کاری ببەم تیورەیەکی ئیمیل دۆرکایمە، لە پەڕتووکی فۆرمە سەرەتاییەکانی ژیانی ئایینی، کە لە ساڵی 1912دا نووسیویەتی.
ئامانجم لە ئاماژەدان بەو پرسە ئەوەیە کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەنێوان سمس و دۆرکایمدا هەیە. سمس خاوەنی چەمکی مرۆی-ئابوورییە، هەروەها دۆرکهایم خاوەنی دیدی مرۆی کۆمەڵایەتییە. چەمکەکەی سمس بنەمای دیدی عەقلانییەتی تاکگەرایی ئەمڕۆیە لە دونیادا کە خۆی لە پێناسە ناسراوەکەی عەقلانییەتدا دەبینێتەوە، کە دەڵێت مرۆڤی عاقڵ، بە هەڵەودای زیادکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیەتی. هەندێک ئەمە بە پرینسیپی خۆپەرستی لە قەڵەم دەدەن. ڕەنگە قسە ناسراوەکەی مارگرێت تاتچەر کە دەڵێت: تەماحبازێتی باشە، دەربڕێکی بازاڕیانەی ئەم دیدە بێت.
بە پێچەوانەوە دۆرکهایم جەخت لەسەر بوونی کۆ یان کۆمەڵگە دەکاتەوە لە تاکدا. ئایین بنەمای ئەو پێکەوە گرێدانەیە. ئایین کۆ دەهێنێتە ناو تاکەوە و تاک دەباتە ناو کۆوە، بەجۆڕێک چیمەنتۆیەک درووست دەکات لەنێوانیاندا.
لە کوردستان بە بەتاڵبوونەوەی کوردایەتی و پەرتەوازەییبوونی دین بە سەر بەرەی دژ بەیەکی خۆپەرستدا، زەمینەیەک دەسازێنێت بۆ هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی. لێرەدا هەردوو تاکگەرایی سمس و کۆگەرایی دۆرکهایم لە قەیراندایە. چونکە ئەوەی هەیە دۆخی گرووپی بچوک بچوکە، کە لەپێناو بە دەستهێنانی پارە و دەسەڵاتدا، لە شەڕی ناکۆتای یەکتردان و هەموو بەها و بنەما ئەخلاقییەکان دادەتەپێت. ئەمەش بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی نائاشتی و مەترسیدارە.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە کە سمس پڕۆفیسۆری ئەخلاق بوو نەک ئابووری. بەڵام بوو بە باوکی ئابووری، بە تایبەتی ئابووری بازاڕی ئازاد. سمس دەڵێت ئەگەر هەریەکەمان مشوری خۆمان بخۆین، ئەوا دۆخێکی پێکەوەیی درووست دەبێت کە هەریەکەمان و هەمومان لێی سوودمەند دەبین. بەڵام لە دۆخی ڕۆژهەڵاتدا، نە تاکت هەیە نە کۆ، ئەوەی هەیە گرووپی بچوک بچوکی ڕکەبەری یەکترن، نەک بۆ داهێنان و باشترکردن بەڵکوو بۆ لوشدان و وێرانکردن.[1]