ئاگری کەرە دێیان، لەشکری فەقێیان
لە ناوچەی #خۆشناوەتی# دا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (ئاگری کەرە دێیان، لەشکری فەقێیان) ، لە خۆشناوەتیدا لە گوندی (سەردۆر) ی لە پایزندا لق و چڵی داربەڕوو و مازوو دەبڕن بۆ زستانی سارد و تووش مانگەکانی (بەفرانبار و ڕێبەندان) هەڵی دەگرن، هاوشێوەی گەڵاوێژی گەنم و گیشەی جۆ، گومبەتەکی چرۆی دارە بەڕوو لەسەر یەکتری تێک هەڵدەکێشن و کەڵەکەی دەکەن و دەبێتە گومبەتێک، بەو گومبەتە چروە دەوترێت: دێ، هەندێک ناوچە لەسەر زەوی درووستی دەکەن، هەندێک ناوچەش لەناو پەلی داربەڕوو و مازووەکەدا هەڵی دەچنن، ئەوانەی مەڕوماڵاتیان زۆرە زیاتر لە سەدان دێ لە چڵ و چرۆی بەڕووی درووست دەکەن، کە زستان هات و بەفرباری، شەپۆلی واهەبووە مانگێک یان زیاتر بەهۆی بەفربارینەوە بەستەڵەک و زوقم و شەختە ناوچەکەی داپۆشیووە و بەستتوە، هیچ گژوگیا و چڵەدارێکیش بەدەرەوە نەبووە، ناچار خاوەنی (دێ) یەکان ئاژەڵەکانیان بردووە بۆ سەر دێیە چروەکان، ئاژەڵەکانیش هەموو گەڵا وشک و چروە ناسکەکان لەبرسان دەخۆن، بگرە چڵەدارە گچکەکانیش دەکرۆژن، تەنیا هەندێک (چیلکە و کەرە دارۆکه) دەمێنێتەوە، ئەگەر شوانکارەکان بیانەوێت بەو کەڵەدارە بچوکانە ئاگری بکەنەوە بۆ خۆگەرم کردنەوە ئەوا ئاگرێکی باشی پێ ناکرێتەوە، تاوەکوو لە تەزی و سەرماوسۆڵە بیان پارێزێت.
لەشکری فەقێیان، فەقێ: دوای قۆناغی (سوختییە) ، بەو منداڵانە دەوترا کە خرابوونە بەرخوێندنی ئایینی لە حوجرەکاندا درێژەییان بەخوێندن دەدا، ئەو فەقێیانە هەر منداڵەی لە شار و شارەدێ و گوندێکەوە هاتبوون، ئەوە کۆی کردبوونەوە تەنیا خوێندنی ئایینی بوو، بە خۆیان لەسەر مووچەە کۆکردنەوە و چاویان لە دەستی خەڵکی ڕەشوڕووتی ئاواییەکان بوو کە پەڵاو ساوار و قاچە مریشک و ترشاو و لەتە نانێکیان پێ بدەن بەدرووشمی (مووچە ڕەحمەتوو لێ بێ) ، ئەم منداڵانە دەست و پێ سپی بوون جگە لە خوێندن هیچ کارێکی قوورسیان پێ نەکراوبوو، ئەگەر ئەوانە ببنە سوپای لەشکرێک نە (ئابووری و نەخوێن و نە ئەزموون) کۆی ناکردنەوە، بۆیە لە خۆشناوەتیدا بە پشتبەستن بە خەسڵەتی (ئاگری کەرە دێ) و (لەشکری فەقێیان) بە نموونە هێنراونەتەوە بۆ کارێکی بابردەڵە و تڕەکەڵەک و سەرنەگرتوو وەکوو کایەی منداڵان وتراوە: ئاگری کەرە دێیان، لەشکری فەقێیان.[1]