ناونیشانی بابەت: ڕێنوێنی بۆ یاسای پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور دەردەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە #وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار#ی هەرێمی #کوردستان# ڕایگەیاند، ڕێنوێنیی یاسای پاراستنی شوێنەوار دەرکراوە، کە ڕۆڵی زۆری لە بوژانەوە و بەرەوپێشوەچوونی کەرتی شوێنەواردا دەبێت.
#کەیفی مستەفا#، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: دوای پەسندکردنی یاسای پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لەلایەن پەڕڵەمانی کوردستانەوە، ئێستا ڕێنمایی تایبەت بە یاساکەش دەرکراوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
وتیشی: ئەو ڕێنماییانە دەسەڵات و ئیدارەی شوێنەوار دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و چارەسەر و وەڵامیشە بۆ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی کەرتی شوێنەوار و بەهۆیەوە چۆنییەتیی وەرگرتنی کرێی خزمەتگوزاری و ڕسووماتی شوێنەواری ڕێکدەخرێتەوە، کە ڕۆڵی دەبێت لە بوژانەوە و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
کەیفی مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد: وەک هەنگاوی یەکەم و جێبەجێبوونی ڕێنوێنییەکان، یەکەمین مۆڵەتی کردنەوەی مۆزەخانەی کەلەپووریمان بەخشی بە هاووڵاتییەکی دۆستی کەلەپوور، کە لەسەر ئەرکی خۆی هەزاران پارچەی کەلەپووری، کە دەربڕی کولتوور و کەلەپووری گەلەکەمانن، لە مۆزەخانەکە نمایش دەکات.[1]