ناونیشانی بابەت: بەوێنە.. لە گردى یاسین تەپەى دەشتى شارەزوور پاشماوەى دەگمەنى شوێنەوارى دەدۆزرێتەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوورى #سلێمانى# ئاشکراى کرد، لە گردى شوێنەوارى یاسین تەپە لە دەشتی شارەزوور، شتی دەگمەن و گرنگی تێدا دۆزراوەتەوە، کە لەسەر ئێراق و هەرێمى #کوردستان# بۆ یەکەمجارە ئەو ئەندازیارییەى شوێنەوارە بەدى بکرێت.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: گردى یاسین تەپە لە دەشتى #شارەزوور#ى پارێزگاى سلێمانى گردێکى شوێنەواریى زۆر گرنگ و بەرچاوە و بڕیارە لە ئەیلوول بە هاوبەشیى لەگەڵ تیمی زانکۆی چوبۆی ژاپۆنی کارى تێدا بکەین.
وتیشى: ئەوەى تا ئێستا کراوە کارى سەرەتایى بووە، بە جۆرێک، لە ماوەی یەک هەفتەدا بەرهەمی زۆر باشی هەبووە و شتی دەگمەن و گرنگی تێدا دۆزراوەتەوە، کە یەکەمجارە لەسەر ئاستى ئێراق و هەرێمى کوردستان شتى وا لە بوارى شوێنەواردا دۆزرابێتەوە.
باسى لەوەش کرد: بەپێی چینە زانستییەکانی شوێنەوارەکە، لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێوە دەست پێدەکات تا سەردەمی ئیسلامی. باسى لەوەش کرد: لە کارە سەرەتاییەکە پاشماوەی بینا و کۆڵان و شوێنی ناشتن دەرکەوتووە، هەروەها پارچەی شوێنەواریی ناوازە و دەگمەن دۆزراونەتەوە، زەویى شوێنەوارەکەش بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و ناوازە و ئەندازیارى بە بەرد چنراوە، کە جێی تێڕامان و سەرنجلێدانە.
لەبارەى ئەوەى، کە ئایە ئەو شوێنە وەک شار یان ناوەندێکی سیاسی- بازرگانی بەکار هاتووە، حسێن حەمە غەریب ئاماژەى بەوە دا: هەرچەندە سەرەتای کارکردنە لەو شوێنەوارە، بەڵام لەوە دڵنیاین، کە شوێنێکی گەورەی نیشتەجێبوونە و کەسانی دەوڵەمەند لەوێ ژیاون.[1]