ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەی چێشتخانەیەکی هەزار ساڵە لە باکووری کوردستان
لە درێژایی کاری هەڵکۆڵین و کنە و پشکنینی شوێنەواری، لە بەشێک لە قەڵای خارپێت لە پارێزگای #ئەلعەزیز#، لە باکووری #کوردستان#، چێشتخانەیەکی تەمەن هەزار ساڵە دۆزرایەوە، کە بە گوتەی شوێنەوارناسان، لەوێوە خواردن و خواردنەوە بۆ کەسانی (فەرماندە و سەربازەکان) ی ناو قەڵاکە ئامادە کراوە.
ئەم قەڵا مێژووییە، کە لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆدا تۆمار کراوە، چەندین سەردەمی میێژوویی وەک ڕۆمانی، بیزەنتینی، ساسانی، ئەرتوکولو، سەلجووک، دولکدیرئۆغلاری، سەفەوییەکان و عوسمانییەکانی بینیوە و 300 ساڵ پێش زایین خەڵک لەم قەڵایە نیشتەجێ بووە، بەڵام بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، مێژووی ئەم قەڵایە زۆر لەوە کۆنترە، کە باس دەکرێت، واتا ئەم قەڵایە لەسەرەتاوە لە سەردەمی #ئورارتوییەکان#، واتا سەدەی هەشتی پێش زایین درووست کراوە.
لە ئەنجامی ئەم کنە و پشکنینە شوێنەوارییە، هەشت تەنووری ئاگر و چەند قاپیێکی درووستکراو لە شووشە و چەندین گۆزە و کەلوپەلی چێشتخانە دۆزراونەتەوە، کە بۆ کاروباری ڕۆژانەی چێشتخانەکە بەکار هاتوون، بێجگە لەمانە، لەنێو کەلوپەلە دۆزراوەکانی ناو ئەم چێشتخانەیە، چەند پارچەیەک ئێسکی ئاژەڵ دۆزراوەتەوە.
بە گوتەی شوێنەوارناسە بەشداربووەکانی ئەم هەڵکۆڵینە، مەزەندە دەکرێت ئەم چێشتخانەیە تا ساڵی 1860 کارا بووبێت و ئیشیان پێ کردبێت، هەروەها بڕیارە لە دوای تەواوبوونی کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ ئەم بەشەی قەڵاکە، چێشتخانەکە بە ڕووی سەردانیکەران بکرێتەوە و کوورتەیەک لە مێژوو و چیرۆکی ئەم بەشە وەک نووسراوێک بۆ سەردانیکەران دابنرێت.
=KTML_Bold=کوورتەیەک لەسەر مێژووی قەڵای=KTML_End=
قەڵای خارپێت یەکێکە لە شوێنەوارە مێژوویی و ناسراوەکانی باکووری کوردستان، کە لەلایەن ئورارتییەکانەوە بنیات نراوە، ئەم بینا ئەندازیارییە لەسەر نەخشەیەکی لاکیشەیی درووست کراوە و لە دوو بەش پێکهاتووە (بەشی دەرەوەی قەڵاکە و بەشی ناوەوەی قەڵاکە) .
سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کاتی درووستکردنی ئەم قەڵایە و لە کاتی بیناسازییەکەی، لەجیاتی ئاو، شیر تێکەڵ بە کەرەستە بیناسازییەکان کراوە، بۆیە ئەم قەڵایە، (قەڵای شیر) یشی پێ دەگوترێت.[1]