ناونیشانی بابەت: پەرتووکى (نوگرە سەلمان.. قەڵاى مەرگ و پاکتاوى نەژاد) چاپ و بڵاو کرایەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
نووسەرى دیارى کورد، سمکۆ سابیر، نۆیەمین بەرهەمى پەرتووکى خۆى بە ناوى (نوگرە سەلمان... قەڵاى مەرگ و پاکتاوى نەژاد) چاپ و بڵاو کردەوە.
لەوبارەیەوە، سمکۆ سابیر، نووسەرى پەرتووکەکە بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: ئەو پەرتووکە نۆیەمین بەرهەمى پەرتووکمە، کە تازە چاپ و بڵاوکراوەتەوە و 312 لاپەڕەیە و لە چوار بەش پێکهاتووە.
وتیشى: لە پەرتووکەکەدا مێژووى درووستکردنى هەردوو قەڵاکەم خستووەتە بەرچاو، کە قەڵاى یەکەم لە ساڵانى بیستەکانى سەدەى ڕابردوو درووست کراوە و قەڵاى دووەمیش ساڵانى حەفتاکان، کە هەردووکیان لە شارۆچکەى سەلمانى پارێزگاى سەماوەن لە ئێراق و دەسەڵاتى ئەوکاتى ئێراق بۆ زیندانییان و ئەنفالکراوانى کوردانى باشووری #کوردستان# و کوردانی فەیلی و عەرەبە شیعەکان بە کارى هێناوە.
باسى لەوەش کرد: لە پەرتووکەکەدا جۆرى سزاى زیندانییانم لە نوگرە سەلمان باس کردووە، هەروەها پشتم بەستووە بە چاوپێکەوتنى 14 دیمانە، لە 11 گوندى جیاوازى گەرمیان، کە چیرۆکى هاوبەشن و ئازاراوین و بەڵگەن بۆ ستەمدیدەیى کورد و دڵڕەقیى بەعس.
سمکۆ سابیر ئاماژەى بەوەش دا، کە بەشى سێیەمى پەرتووکەکەى ئەلبوومى وێنە و دۆکیۆمێنتارییە لەسەر ئەنفال و کۆتابەشی پەرتووکەکەش دۆسیەیەکى تایبەتە بە ئەنفالکردنى ئەو هاووڵاتییە بریندارانەى کیمیابارانکردنى #هەڵەبجە#، کە دواى کارەساتەکە گەڕانەوە هەڵەبجە و حکوومەتى بەعس بە فێڵى چارەسەرکردن دەستگیرى کردن و بردنى بۆ زیندانى نوگرە سەلمان، کە ژمارەیان هەزار و 152 کەس بووە و هەر لەوێ 52 کەس گیانیان لەدەست داوە.[1]