ناونیشانی بابەت: وەرزی نوێی کارکردن لە شوێنەواری (گردەدەشت) دەست پێدەکاتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
شوێنەواری #گردەدەشت# لە سنووری شارۆچکەی ناوەندی #سۆران#، بە یەکێک لە سایت و شوێنەوارە گرنگەکانی دەڤەرەکە و #کوردستان# دادەنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، تا ئێستا چەندین جار لەلایەن شوێنەوارناسە ناوخۆیی و جیهانییەکان کنە و پشکنینی بۆ کراوە.
حسێن عومەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: دوای سەردانی شاندی شوێنەوارناسانی زانکۆی کیلی ئەڵمانی، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان و پێدانی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوویان بۆ ئەنجامی کارکردنیان لە شوێنەواری گردەدەشت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمساڵ وەرزی نوێی کنە و پشکنین، بە هەماهەنگی شوێنەوارناسانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، لەم ناوچە شوێنەوارییە دەست پێدەکاتەوە.
وتیشی: شوێنەواری (گردەدەشت) لە سنووری شارۆچکەی ناوەندی سۆران، بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی دەڤەرەکە و کوردستان دادنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، تا ئێستا چەندین جار لەلایەن شوێنەوارناسە ناوخۆیی و جیهانییەکان کنە و پشکنینی بۆ کراوە و توانراوە زانیاریی جۆراوجۆری لەسەر کۆ بکرێتەوە.
لای خۆیەوە، #عەبدلوەهاب سلێمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بۆ (باسکورد) دەڵێت: شوێنەواری (گردەدەشت) لە سنووری شارۆچکەی سۆران، بە یەکێک لە گەورەترین گردی دەشتی دیانا دادەنرێت، لە سنووری شارۆچکەی ناوەندی سۆران، تایبەتمەندیی زۆری هەیە و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر و یەکێکە لە ناوچە شوێنەوارییە دیارەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان.
ئاماژەی بەوەش دا: تا ئێستا چەند تیمێکی شوێنەواریی جیهانی، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و زانکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆیی، کاری کنین و پشکنینیان لەو گردەدا کردووە، چەندین چینی شوێنەوارییان دەرخستووە و گڵێنە و ئامرازی بەردینەی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە و کارکردنیش لەم گردە شوێنەوارییە، بە هاوکاریی شوێنەوارناسە جیهانییەکان بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەم گردە شوێنەوارییە لە ناوچەکەدا وایکردووە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە مەبەستی توێژینەوە و ڕاپۆرت سەردانی شوێنەکە بکەن و بە هاوکاریی شوێنەوارناسان و مامۆستایانی زانکۆ زانیاریی مێژوویی لەسەر کۆ بکەنەوە و بە شوێنەوارەکە ئاشنا بکرێن.[1]