بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و دیاری کردنی یاریزانانی ئاستی تازەپێگەیشتووان بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق، #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# بانگێشتی هەریەک لە ڕاهێنەران (ئەحمەد کازم، ڕاهێنەری یەکەمی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی ئێراق) و (ساڵح لوتفی) ڕاهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەکەی کرد.
ئەمه و سەبارەت بە بانگێشت کردنی دەستەی ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەکە، #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی، بەهۆی بەهێزی پەیوەندییەکانی یانەی پێشمەرگە بە ڕاهێنەری هەڵبژاردەکانی ئاستە تەمەنییەکانی ئێراق بۆ ماوەی دوو ساڵە دەست پێشخەرین بۆ بانگێشت کردن و میوانداری دەستەی ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی ئێراق لە یاری تۆپی پێ.
وسام وتیشی لەم وەرزە تاقیکردنەوەکان جیاوازدەبن و لە ماوەی 3 ڕۆژدا چەندین فێرگە و قوتابخانەی شاری #سلێمانی# و دەوروبەری لە تاقیکردنەوەکان بەشداری دەکەن تا باشترین یاریزانانمان دیاری بکرێن و بگەنە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق کە تایبەتە بە تەمەنەکانی 2008.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەی یاریزانان شەش فێرگە بەشداری دەکات و لە ڕۆژی دووەمدا بە هەمان شێوە شەش فێرگە بەشدارە.
سەبارەت بە بەشداری فێرگەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانە وتی، بەهۆی ئاست بەرزی و فراوانی فێرگەکەمان کە چەندین یاریزانی بە ئاست لەنێویاندا بەدی دەکرێت هەر بۆیە بە دوو تیم بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەین تا هیچ یاریزانێک بێ بەش نەبێت و بەشداری بکەن.
جێگەی باسە تاقیکردنەوەکان لەسەر یاریگەی تایبەت بە یانەی پێشمەرگە بەڕێوە دەچن و دەستەی ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەی ئێراق بە وردی چاودێری ئاستی یاریزانان دەکەن.
فێرگە بەشدارەکانی تاقیکردنەوەەکەش بریتین لە (شەهید ئاوات، عەربەت، هەڵەبجە، چەمچەماڵ، پێشمەرگە تیمی یەکەم، ئاشتی، لاوانی ئازادی، پێشمەرگە تیمی دووەم، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، ئاری و ئاییندەی ڕاپەڕین).
[1]