نووسەر: #حەمەسەعید کەلاری#
بابەت: ڕۆمان
چاپ: یەکەم، 2023، #هەولێر#
بڵاوکردنەوە: #دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی# [1]
ئەو ماوەیە کە خەریکی نووسینی ڕۆمانی مەملەکەتی سپیسوار بووم، بچڕبچڕ هەر جارەو چەند لاپەڕەیەکم بۆ #ئاری عوسمان خەیات# دەنارد و ئەویش لەگەڵ خوێندنەوەیدا هەڵەی تایپ، زمانەوانی و ڕێزمانی بۆ ڕاست دەکردمەوە و لە سەر تێبینییەکانی، مشتومڕمان دەکرد، زۆر جار لە مشتومەڕەکانماندا لەسەر وشەیەک، دێڕێک و پەرەگرافێک، من دادەمام و بە ناچاری ملم بۆ دەدا و بۆڕم دەخوارد؛ ئەم کاری هەڵەبڕی و مشتومڕەی ئاری، وەک پسپۆرێک لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، پتر بەرچاوی ڕۆشن دەکردمەوە و باری شانمی سوکتر دەکرد، جا بە پێی ئەم ئەرک و ماندوبوونە، وابزانم بە ئاری دەوترێ(ئیدیتەر)!
بەرلەوەی ڕۆمانەکە بنێرن بۆ چاپ، جارێکی تر بۆ ئاری و چەند هاوڕێیەکی ترم نارد، لەو هاوڕێیانەی، کە بە سوپاسەوە هەریەکەیان، بەشی خۆیان هەڵەیان بۆ ڕاست کردمەوە، محێدین تەها، کە زۆرم ماندوو کرد. ئاسۆس مەحموود، لە تەک چەند تێبینییەکدا بۆی نووسیبووم: ئەگەر لە نووسینی ئەم ڕۆمانە دەست هەڵبگریت و تەواوی نەکەیت، ئەوا دێمەوە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەت بەردباران ئەکەم!
لە نامەیەکیدا نەجمەدین بەرزنجی ئاوای بۆ نووسیوم:
کاکی بەڕێزم سڵاو،
دەست و قەڵەمی سیحراویت خۆش، ساڵانێکی زۆرە کاری وا جوان و تایبەتم نەدیوە، بڕواش ناکەم هەبێ؛ ئەوەنە ئاشنا بوو بە ڕۆحم کە هەستم دەکرد لەو دەشت و دەرەی گەرمیانی خوێناویم. دەمگوت خودایە ڕۆحی #یاشار کەمال# ئەفسانەی کوێر ئۆغلو و لەگەڵ ئەفسانەی سەبەڵان لە دێر دێڕی ئەم ڕۆمانە نایابەدایە، تا گەیشتمە ئاخرین پەڕەو ناوی ئەوانیشم دیی...
هيندە مەست و مەسحوری قەڵەمەکەت ببووم کە ئاگام لە دەورووبەر نەدەما...
قەت نەلەرزێ ئەو دەستانەت، ئەو گشتە توانایی و زانایی و خەیاڵە جوانەت سەری سوڕماندم...
سوپاس بۆ ئەو دیارییە بە نرخ و بێ وێنەیە.
تب: پێشینان فەرموویانە:چاکە لە چاکە ئاوسە [2]
تەها سلێمان دەربارەی ڕۆمانەکە، نووسیویەتی:
خوانەخواستە ناوێتە فرەوێژی، ئەگەر بێژم لە #مەملەکەتی سپیسوار#دا نووسەر لەسەر سێ ئاست: هەڵبژاردنی بابەت، زمان، تەکنیکی ڕۆمان، سەلیقەی گێڕانەوە و پەلکێشکردنی خوێنەر کارێکی کردوە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردنە. بزان! خۆ گرنگی نووسین جا لەهەر بوارێکدا بێت، بەوە نییە ژمارەی وشە و دێڕ و لاپەڕەکانی زۆروزەوەن بێ، بەڵکو نووسەر گەرەکییەتی چی باس بکات و بگێڕێتەوە. لەم ڕۆمانە نووسەر پێناسەی نەتەوە، زمان، ڕەسانایەتی، شۆڕش، داگیرکاری، تۆڵە، خۆشەویستی، عیشق، نووسین و بیرکردنەوە دەکات، بەڵام بە ڕێباز و تەکنیکێک کە بەڕاستی باڵایە. هەموو ئەمانە تەنیا لە کتێبێکدا کە 140 لاپەڕەیەکە، لەگەڵ فەرهەنگێکی بچووک بۆ ئەوانەی باش شارەزای بنزاری #گەرمیان#ی و ئاواییەکانی نین. #حەمەسەعید# لەو نووسەرانەیە کەم دەنووسێ، بەڵام خۆ ئەو پێویستی بە موجامەلە نییە، لە مەملەکەتی سپیسواردا زیاتر لە وانەیەکمان بیردێنێتەوە، ڕاماندەگرێ و ساتمەمان پێ دەکات و نایەڵێ بکەفین و دەستمان ئەگرێ و ئەمانوا و لە کۆتایدا پێمان ئێژێ: من ئاوام! خاکیم و خاکیانە ئەومە میوان و سیاقەتان. من وتم کەیفم بەخوێندنەوەی ئەلیکترۆنی نایە، بەڵام بینیتان مەملەکەتی سپیسوار چۆن لەم پەڕی دنیا بۆ ئەو پەڕی دنیا، سێ بەیانیان و هەر بەیانیەک و کاتژمێرێک و لەناو شەمەندەفەر، چۆن منی پەلکێش کرد و بردمیەوە بۆ ناو بەشێک لە سروشت و ئاواییەکانی گەرمیان، بەڵام لۆکاڵیانە نا بەڵکو لە ئاستێکی باڵای دنیای نووسین و تەکنیکی ڕۆمانا. [3]