جۆزیف مێریک کێ بوو؟
ھەمیشە بەهیوای ئەوەوە بوو ژنێک خۆشی بووێت، تەنانەت ئەگەر ژنەکە کوێریش بووایە!
ئامادەکردنی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
جۆزیف مێریک لە #05-08-1862# لە شاری لیستەری وڵاتی بەریتانیا لە دایکبووە، لە دایک و باوکێکی لەش ساغ و تەندرووست هاتۆتە دونیاوە، برا و خوشکێکی هەبووە، ئەوان هیچ گرفتێکی تەندرووستیان نەبووە.
لە تەمەنی دوو ساڵیدا نیشانەکانی شێواوی و ھەڵئاوسان لە جەستە و ڕووخسار و ملیدا دەردەکەون. دەم و لێو و زمانی بە ڕادەیەک ھەڵدەئاوسێن کە بە قوورسی قسەی بۆ دەکرێت و قسەکردن ماندووی دەکات. بەهۆی گەورەی سەری و ڕووخسارە هەڵئاوساوەکەی، شێوەی لە فیل دەچوو، هەر بۆیە پێیان دەوت پیاوە فیلەکە.
جۆزیف، ھەر لە منداڵییەوە ببووە مایەی گاڵتەجاڕی و گاڵتەپێکردنی لەلایەن ئەو کەسانەی کە هیچ سۆز و بەزەییەکیان نەبوو. هەر کاتێک منداڵەکان دەیانبینی، بەڕاکردن بەدوای دەکەوتن و بەردیان تێدەگرت و گاڵتەیان بە ڕووخساری دەکرد، جگە لەمەش، لە ناو خەڵکیدا دەنگۆ و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاوببووەوە کە دایکی جۆزیف لە نمایشی سێرکدا لەلایەن فیلێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەم جۆزیفە دووگیان بووە، ھەر بۆیە شێوەی لە فیل دەچێت. ئەم قسە و قسەڵۆکانە بە ڕادەیەکی زۆر ئازاری ڕۆح و دەروونی دەدا. هەر کاتێک دەچووە دەرەوە، بە قسەی نەشیاو ئازاریان دەدا، هەمیشە بەڕاکردن دەگەڕایەوە لای دایکی و لە باوەشیدا تێر دەگریا...
دایکی کە ناوی ماری جێن بوو، زۆری خۆش دەویست، لەگەڵیدا بە بەزەیی و میهرەبان بوو، گرنگی زۆری پێدەدا، تەنیا ئارامگەی بوو، هەمیشە دڵنەوایی دەکرد.
کاتێک تەمەنی گەیشتە 11 ساڵ، دایکی مرد، بە تەنیا لەناو ئەو جیهانە دڕندەیەدا بەجێی هێشت و ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیانی کردەوە، ئیدی باوەشی ئارام و سۆز و خۆشەویستی کۆتایی پێهات.
باوکی مەشروب خۆر بوو، زۆری دەخواردەوە، هەمیشە سەرخۆش بوو، کەسێکی دڵ ڕەق و بێبەزیی بوو، بەتوندی مامەڵەی لەگەڵ جۆزیف دەکرد.
دوای مردنی دایکی، هێندەی پێنەچوو، باوکی هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دڕندەدا کرد، باوەژنەکەی زۆر بەخراپی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرد، لێی دەدا و سووکایەتی پێدەکرد و قسەی ناشیرینی پێدەوت، هانی باوکی دەدا کە تووندتر مامەڵەی لە گەڵدا بکات. دواجار جۆزیف لەو ماڵەدا ژیانی لێ ببوو بە دۆزەخ، چیتر نەیتوانی تیایدا بژی، کەوتە سەر شەقامەکان و بێ ماڵ و حاڵ بوو. هەروەها بەهۆی ڕووخسارە نامۆکەی و تێڕوانینە گوماناویەکەی کۆمەڵگە بۆی، وازی لە خوێندن هێنا. ماوەیەک ڕۆیشتە خانەی بێسەرپەرشتان، لەوێش ژیانی هێندەی تر تاڵ بوو، بووە مایەی گاڵتەجاڕی منداڵانی ناو خانەکە، هەر بۆیە جارێکی دیکە بەرگەی ئەو هەموو ئازارەی نەگرت و خانەکەی بەجێهێشت. ماوەیەک لە کارگەیەکی جگەرەدا کاری کرد، بەهۆی هەڵاوسانی زۆری دەستی ڕاستی توانای گرتن و پێچانەوەی جگەرەکانی نەبوو، دواتر وەک کارمەندی فرۆشتن لە کارگەکەدا دەست بەکاربوو، بەڵام ناچار کرا کە دەست لە کار بکێشێتەوە، چونکە کڕیارەکان کە دەیانبینی لێی دوور دەکەوتنەوە و هیچیان نەدەکڕی. هەر بۆیە ناچار بوو جارێکی دیکە بڕواتەوە سەر شەقامەکان.
ئیدی جۆزیف کات و ساڵەکانی لەسەر شەقامەکان دەگوزەراند، نە خواردنێکی گەرمی دەخوارد، نە پۆشاکێکی پاکوخاوێنی لەبەر دەکرد، نە پەناگەیەکی هەبوو بەئارامی تێیدا بخەوێت… ڕۆژێک خاوەن سێرکێک دەیبینێت، لەگەڵ خۆی دەیبات و دەیخاتە ناو قەفەسێکەوە، شاربەشار دەیگێرێت، خەڵکی تەماشای دەکەن و پێی پێدەکەنن، سووکایەتی پێدەکەن، بەرد و تەماتەی تێدەگرن، و پێی دەڵین (شێواوی ناشرین، تۆ لە ئاژەڵ دەچیت)، ژیانە پڕ لە ئازارەکەی جۆزیف دەبێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ خاوەن سێرکەکە و بەو هۆیەشەوە پارەیەکی یەکجار زۆری دەستدەکەوێت.
دوای ماوەیەک، بەریتانیا ئەو جۆرە سێرکانەی ڕاگرت، جارێکی تر جۆزیف کەوتەوە سەر شەقام.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:15%;height:10%;float:RIGHT;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2024/550800/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=0001.JPG=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=ئەم وێنەیە ساڵێک پێش مردنی و لە تەمەنی 26 ساڵیدا گیراوە.=KTML_ImageCaption_End=
ڕۆژێک بە ڕێکەوت پزیشکێک بەناوی فریدریک ترێڤیس کەنزیک دەبێت لە بنەماڵەی شای ئەو کاتەی بەریتانیا، دەیبینێ، بۆی پەرۆش دەبێت، پێی دەڵێت کە دەیەوێت هاوکاری بێت و یارمەتیی بدات، سەرەتا جۆزیف ڕەتیدەکاتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک، کە باری تەندرووستی تێکدەچێت و چیتر توانای ئەوەی نامێنێت لەسەر شەقامەکان بمێنیتەوە و لانەواز و دەربەدەر و بێ ماڵ و حاڵ بێت، بۆیە بە پێشنیاری دکتۆرەکە ڕازی دەبێت.
دکتۆر ترێڤیس دوای پشکنینی ورد بۆی، گەشەیەکی بەرفراوانی ژمارەیەک وەرەمی شێرپەنجەیی لە سەرتاسەری جەستەیدا دەستنیشان دەکات. هەواڵەکە بە شاژنی ئەو کاتەی بەریتانیا، (ئەلیکسندرا ڤیکتۆریا)، دەگەیەنێت، کاتێک شاژن ئازارەکانی جۆزیف و ژیانە تاڵەکەی دەبیستێت، هەموو دەسەڵاتێک بە دکتۆر ترێڤیس دەدات تاوەکوو بیباتە نەخۆشخانەیەک و تیایدا هەموو پێداویستییەکی پزیشکی بۆ دابین بکات. ئەوە بوو جێگایەکی تایبەتیان لە نەخۆشخانەیەک بۆ دابین کرد، خواردنی سێ ژەمە، چاودێری تەندرووستی، هەموو پێداویستییەکانی دیکەی.
جۆزیف کەسێکی زۆر میهرەبان و کۆمەڵایەتی بوو، بە تێپەربوونی کات توانی جێگای خۆی لەناو دڵی کارمەندانی نەخۆشخانەکە بکاتەوە، هەمووان خۆشیان دەویست و لێی نزیک دەبوونەوە. لە سەردەمێکدا، کە وڵاتی بەریتانیا نوقمی نەخوێندەواری بوو، جۆزیف دەیتوانی زۆر بە باشی بخوێنێتەوە و بنووسێت، کەسێکی ڕۆشنبیر و خوێنەرێکی نایاب بوو، شرۆڤەکارێکی زۆر باش بوو بۆ ڕۆمانەکانی ولیەم شکسپیر، خودی خۆشی لە بواری ئەدەبدا دەینووسی، هەروەها لە بواری ئەندازیاریدا دەیتوانی نەخشەی ورد بکێشێت.
بە ھۆی ئەو ڕۆحە شیرینەی کە ھەیبوو، کەسانی ڕۆشنبیر و خانەدان و شازادەکان زووزوو سەردانیان دەکرد، گوێیان بۆ قسەکانی شل دەکرد و سوودییان لە ڕۆشنبیرییە هەمەچەشنەکەی وەردەگرت. ئەوە بوو پاش ماوەیەک، لەسەر ڕاسپاردەی شازادەیەک، کە بە تواناکانی جۆزێف سەرسام و کاریگەر بوو، جۆزیف بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پاشاکان گوازرایەوە. ئەم ھەواڵە بە هەموو وڵاتی بەریتانیادا بڵاوبووەوە، جۆزیف بوو بە باسی ڕۆژنامەکان و بەناوبانگ بوو.
جۆزیف کۆتاییەکەی دڵتەزێنی ھەبوو. ڕۆژێک، کاتێک دەرگای ژورەکەی لێدەکەنەوە، دەبینن کە لەسەر پشت پاڵکەوتووە و خنکاوە، بەهۆی گەورەیی قەبارەی سەری، هەرەها هەڵاوسانی زۆری وەرەمەکانی جەستەی تەنیا دەیتوانی یان بەدانیشتنەوە و لەسەر کورسی بخەوێت، وەیان لە سەر لاکەلەکەکانی.
جۆزیڤ لە #11-04-1890# دا و لە تەمەنی 27 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ھەر چەندە تەمەنێکی کەم ژیا، بەڵام بە ھۆی قسە شیرین و ئاستە ڕۆشنبیر و میھرەبانییەکەیەوە، لە ناو مێژوودا شوێنی گرت و ناوی بە زیندووی مایەوە.
ھەمیشە یەک ئاواتی هەبووە، ئەویش ئەوە بووە کە ژنێک خۆشی بووێت، تەنانەت ئەگەر ژنەکە کوێریش بێت، ئەو تا ئەو ڕۆژەی مرد تینووی خۆشەویستی ژنێک بوو، کە ڕۆحی خۆش بووێت و هەستی خۆشەویستی بۆ دەرببڕێت و بتوانێت خێزانی لە گەڵدا پێکبهێنێت.
لە ساڵی 1980 ژیانی چۆزیف کرا بە فیلمێکی سینەمایی بە ناوی (پیاوە فیلەکە) لە نووسینی دیڤید لینش و کریستۆفرد ڤۆر و ئەریک بیرجرین، دەرهێنانی دیڤید لینش، فیلمەکە باس لە چیرۆکە پڕ لە نەهامەتەکانی ژیانی جۆزیف دەکات، فیلمەکە توانی سەرکەوتنێکی باش بە دەست بهێنێت، هەشت جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار پاڵێوراوە.
پزیشکەکان دوای مردنی شیکارییان بۆ تەرمەکەی کرد و ئێسکەپەیکەرەکەیان وەک نموونەیەک پاراست، لەناو کۆلێژی پزیشکی لەندەن هەڵیانگرتووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، دواتریش نەخۆشییەکەی دۆزراوەتەوە، ئەم حاڵەتە پێی دەگوترێت نەخۆشی پرۆتێوسە (Proteus Syndrome) .[1]