#موڕاد قەرەیڵان#: پلانەکانیان لەبارەی #دۆزی کۆبانێ# وە تێکچوون
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موڕاد قەرەیلان وتی، بەڕێوەبەرانی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن سیاسەتی پاکتاو و قڕکردنیان بەرانبەر دیواری بەرخودان هەرەسی هێناوە، هەر بۆیە لە دۆزی کۆبانێدا نەیانتوانی ئەو سزایە بسەپێنن، کە پلانیان بۆی هەبوو.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موڕاد قەرەیلان وەڵامی پرسیارەکانی ڕادیۆی دەنگی گەلی دایەوە. بەشی یەکەمی گفتوگۆکە بەم جۆرەیە:
گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان 38 مانگی تێپەڕاند، لەم دواییەدا وەزارەتی دادی تورک ڕایگەیاند، کە بۆ شەش مانگ سزای قەدەغەی دیدار سەپێنراوە. لەم بابەتەدا دەتانەوێت چی بڵێن؟
سەرەتا سڵاو ئاڕاستەی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو خۆڕاگرانی زیندان دەکەم. لەمڕۆماندا گرنگترین و سەرەکیترین کێشەی تورکیا و کوردستان سیستمی ئیمراڵییە. واتە گۆشەگیری و سیستمی قڕکردنی لەسەر کوردستانە. سیستمی ئیمراڵی، سیستمی شەڕە. ئەمڕۆ دەزانرێت لە تورکیا و باکووری کوردستان گەل لەناو هەژاریدا دەژین، لەناو برسێتی و هەژارییەکی قوورسدان. سەرەکیترین هۆکاری ئەوەش شەڕە. شەڕ لەسەر بنەمای سیستمی ئیمراڵی بەڕێوەدەبرێت. هەر بۆیە سیستمی قڕکردن و ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمراڵی هۆکاری هەژاری گەلانی تورکیا و کوردستانە. لەبەر ئەوەش سەرەکیترین کێشەیە لە تورکیا و کوردستان.
$تا شەڕ کۆتایی نەیەت، هەژاریش کۆتایی نایەت$
بڕوانن؛ ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە کێشە ئابوورییەکان زۆر دژواربوون و دەڵێت دامەزراوەکانی دەوڵەت سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجیەکان و سکهەڵگوشین جێبەجێ دەکەن. بەڵام کەمکردنەوەی خەرجیەکانی دەوڵەت، تێچووەکانی شەڕ ناگرێتەوە. واتە جگە لە تێچووەکانی شەڕ، تێچوو و خەرجیەکانی دیکە کەمدەکرێنەوە. لەبەر ئەوە ئەم ڕژێمە لەسەر بنەمای شەڕ لە دژی کورد دامەزراوە. هاوپەیمانی ئەرگەنەکۆنی ئاکەپە-مەهەپە لەسەر ئەو بنەمایە سازکراوە. هەموو داهاتی تورکیا بۆ شەڕ تەرخان کراوە. لەبەر ئەوەی بە شاراوە یاخود ئاشکرا هەموو داهات بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت، لەمرۆدا گەل برسییە. سیستمی ئیمراڵی سەرچاوەی ئەم شەڕەیە، هەر بۆیە کێشەکە کێشەیەکی بنچینەییە. تا ئەو کاتەی لە کوردستان شەڕ هەبێت و لە ئیمراڵی ئەو سیستمە بەردەوام بێت، ئابووری تورکیا ناکەوێتە سەر ڕاستەرێی خۆی. لە هەمان کاتدا لە تورکیا سیستمێک لەسەر بنەمای دیموکراسی و یاسا ناچەسپێندرێت. هەموو کات یاساکانی قڕکردن، کۆلۆنیالیزم و شەڕ باڵادەست دەبن. لەم دۆخەدا لە یاساکاندا چی نووسرابێت، با نووسرابێت، لە کوردستان بەردەوام یاسای شەڕ بە بنەما دەگیرێت. هەر بۆیە لەپێناو ئەوەی گەلانی تورکیا لەم هەژاریە ڕزگاریان بێت و لە تورکیا دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی پێشبکەوێت، دەبێت بەر لە هەموو شتێک کێشەی کورد چارەسەربکرێت و سیستمی ئیمراڵی لەناوببرێت و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و گەلانی کوردستان دەستەبەر بکرێت. بەم جۆرە گەلان لەناو سنوورەکانی تورکیادا، دەتوانن لەسەر بنەمای یەکسانی بژین، تاکە ڕێگە ئەوەیە.
$گۆشەگیری لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردندایە$
وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ئەم بێ یاساییە پەردەپۆش بکات، هەوڵی جیاجیای گرتووەتەبەر. هەمووان دەزانن کە ڕێک 38 مانگە، هیچ کەس زانیاری لە بارەی ئیمراڵییەوە نییە. وەک چۆن لە یاساکانی تورکیادا جێگەی نییە، لە یاسا جیهانییەکانیشدا جێگەی نابێتەوە. واتە ئەوان بە دەستی خۆیان یاساکانی خۆیان پێشێل دەکەن. هەموو کات لەناو چەند مانگدا دەڵێن، 'بڕیارماندا بە سەپاندنی قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکان'. ئایا لەسەر چ بنەمایەک بڕیاریان داوە؟ بێگومان ئەوانە هەمووی گەمە و خەڵەتاندنن. هەر پێویستیش نییە مرۆڤ باس لەوە بکات. ئەوەی گرنگە ئەو سیاسەتەیە کە بەڕێوەدەبرێت. ئەمڕۆ لە کوردستان سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت و لەبەر ئەوەش ئەم سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیە بەردەوامە. لە دژی ئەوە دەبێت تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببرێت.
$بەرپرسیارییەتی هەموومانە کە لە دژی گۆشەگیری تێبکۆشین$
ئەمڕۆ وەک دەزانرێت لە دژی ئەم سیستمە ئەشکەنجەکار و قڕکەرە، هەڵمەتێک لە ئارادایە. ئەو هەڵمەتە بەردەوامە. بەتایبەتیی دایکانی کوردستان و ئەو هەڤاڵانەی لە زیندانەکان بە شێوازی جیاجیا بەرخودان دەکەن، من بەڕێزەوە سڵاو لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کردووە. دەبێت ئێمە تێکۆشانمان لە دژی سیستمی ئیمراڵی گەشتر و بەهێزتر بکەین. ئەو بەرپرسیارییەتییە لە بەردەم ئێمەدایە و ئێمە هەمووان بەرانبەر بەوە بەرپرسیارین. دەبێت هەمووانیش بەرانبەر بەوە بەرپرسیارییەتی خۆیان جێبەجێ بکەن و بە گوێرەی ئەوە بجوڵێنەوە. ئەمڕۆ ئەو هەڵوێستەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی گرتوویەتییەبەر و تێکۆشانی ئەو، تێکۆشانی گەلەکەمان و گەریلا گەیشتووەتە ئاستێک. لەم چوارچێوەدا هەڵمەتەکە سیستمی قڕکەر-فاشیستی تەنگەتاو کردووە. بۆ وەرچەرخان و تێکشکاندنی ئەم سیستمە دەبێت تێکۆشان زیاتر بەهێز بکرێت.
وەک بزووتنەوەکەتان ئێوە مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان پێناسە دەکەن و زۆر گرنگی پێدەدەن. بەم بۆنەوە جی دەڵێن لەبارەی ڕاستی شەهیدان؟
ڕاستە؛ مانگی ئایار مانگی شەهیدانە. 18ی ئایار ڕۆژی شەهیدبوونی هاوڕێ حەقی کارەریش ڕۆژی شەهیدانە. لە کەسایەتی هاوڕێ حەقی کارەردا سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بە بیردەهێنمەوە و بە ڕێزەوە بەژنی خۆم لە بەردەمی یادی ئەوان دادەنەوێنم. ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە، جارێکی دیکە دووبارە دەکەمەوە. ئێمە پابەند دەبین بە هاوڕێیەتی ئەوان و خەونەکانی شەهیدانمان دەهێنینەدی. بۆ ئەوەی یادی ئەوان لە تێکۆشانی ئازادیدا بەزیندوویی ڕابگرین، چیمان لە دەست بێت ئێمە دەیکەین و تا سەر ڕێگەی ئەوان دەگرینەبەر.
وەک ئێمە ڕامانگەیاندووە، مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان بۆ ئێمە گرنگە. نەک هەر بۆئێمە، بۆ شۆڕشی تورکیاش مانگێکی گرنگە. لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕیەکانی تورکیا چەندین پێشەنگ لەم مانگەدا شەهیدبوون. دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسڵان، حسێن ئینان، ئیبراهیم کایپاکایا، سینان جەمگیل و زۆر شۆڕشگێڕی پێشەنگی دیکە لەم مانگەدا شەهیدبوون. ئیتحاد و تەرەقی لە 6ی ئایاری 1916 ژمارەیەکی زۆر ڕۆشنبیری عەرەبی لە سووریا و لوبنان لەسێدارەدا و تیرۆری کردن، واتە مانگی ئایار بۆ گەلی عەرەبیش گرنگە.
$ئەڵقەیەکی گرنگ لە زنجیری شەهید بوون$
هەڵبەتە لە کوردستان جێگەی تایبەتتری ئەم مانگە هەیە. چەندین ئەڵقەی گرنگی شەهیدبوونێکی گرنگ، لەم مانگەدا درووستبوون. 1ی گوڵان هەڤاڵ عەبدولقادر چووبووکچوو لە فەلەستین شەهید بوو. دیسان لە 1ی گوڵان ڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی مێردین هەڤاڵ سەبری (محەمەد ئەمین ئەسڵان) و فەرماندەی گارزان جەلال هۆجا (ڕەمەزان کاپلان)ە. 2ی گوڵان ڕۆژی شەهیدبوونی هەڤاڵ محمەد کاراسوونگوور و ئیبراهیم بیلگینە. فەرماندەی جودی حەمزە ئەرمەنی و فەرماندەی ئامەد ئازاد سیسەر، چەکدار ئامەد و هەڤاڵەکانی لەم ڕۆژەدا شەهیدبوون. 9ی گوڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیرین ئەلمهوولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەرییان و فەرهاد وەکیلی بە لەسێدارەدان شەهیدبوون. 11ی گوڵان ڕۆژی شەهید بوونی هەڤاڵ هۆزان مزگینە، 13ی گوڵان لە باشووری کوردستان ڕۆژی شەهید بوونی لەیلا قاسم و چوار هاوڕێکانییەتی کە لە بەغدا شەهیدبوون. 16 گوڵان ڕۆژی شەهیدانی هەولێرە. لە کەسێتی ساڵح، هێلین و ئۆزانانەکاندا چەندین هاوڕێمان لەم ڕۆژەدا بەرخۆدانیان کرد و شەهیدبوون. 17ی گوڵان لە زیندانی ئامەد ڕۆژی شەهیدبوونی هەر چوار هاوڕێمان (فەرهاد کوورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر)ە. 18ی گوڵان وەک ئەوەی دیاریمان کرد، ڕۆژی شەهیدبوونی هاوڕێ حەقی کارەر و ڕێزان ئامەدە. 19ی گوڵان هەڤاڵ خەلیل چاڤگوون و موسلم باران شەهید بوون. 20ی گوڵان پێنج هەڤاڵی ترمان بە پێشانگەیەتی هاوڕێ سابری گۆزوبویوک و خدر (محەمەد یەشیللەر) دا، لە بۆزۆڤای شەهیدبوون. 25 گوڵان ڕۆژی شەهیدبوونی هەڤاڵ جەمشید، ساری عومەر و سوڵتان یاڤووزە. هەر لە هەمان ڕۆژدا لە قەیسەرییە هەڤاڵ هێرش و نادۆک چالاکییەکی فیداییان ئەنجام دا و شەهیدبوون. 27ی گوڵان ڕۆژی شەهید بوونی قاسم ئەنگین و هەڤاڵانێتی. بە کوورتی لە مانگی گوڵاندا چەندین شەهیدبوونی گرنگمان هەیە. لە کەسێتی هەموو ئەم هەڤاڵانەدا جارێکی تر بە ڕێزدارییەوە هەموو شەهیدان یاددەکەمەوە.
$شەهید سەرچاوەی هێزە$
هەڵبەت بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن نزیکی حەقیقەتی شەهیدان ببێتەوە. بێگومان لە مێژووی هەر بزووتنەوەیەکدا ماناداری شەهید بوون هەیە. بەڵام شەهید بوون لای ئێمە جێگەیەکی زۆر تایبەتتری هەیە. بزووتنەوەمان لەسەر بنەمای زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهیدان گەیشت بە ئاستی پارتایەتی. ئەو کاتەی حەقی کارەر شەهید بوو، ڕێبەر ئاپۆ وتی، 'ئیدی خوێن ڕژا، گەڕانەوە نییە' و بۆ یادکردنەوەی هاوڕێ حەقی بەرنامەی پارتایەتی ئامادەکرد. پەکەکە بەم شێوەیە دامەزرا. پەکەکە بۆ زیندوو هێشتنەوەی یادی شەهیدان دامەزرا. لەبەر ئەم هۆکارە پەکەکە بووە بە پارتی شەهیدان.
پەکەکە بۆ ئەوەی تێکۆشانی شەهیدان بەردەوام پێبدا، یادکردنەوەیان بە زیندووی بهێڵێتەوە و ئامانجیان پێکبهێنێت درووستبوو. پارتی شەهیدان بە شێوەیە درووستبوو. لە تەواوی مێژووماندا هیچ کاتێکی شەهیدانمان نەبوون بە هۆکاری نیگەرانی؛ هەموو کاتێکی بوونە زامنکردنی بەهێزبوون. بە کوورتی شەهیدانمان بۆ ئێمە سەرچاوەی هێزن. تەڤگەرمان بۆ یادکردنەوەی هەر هەڤاڵێکمان کە شەهیدبووە، هەنگاوی نوێی دەستپێکردووە. وەک ئەوەی هەڤاڵ خەلیل چاڤگوون لە هیلوان شەهید بوو، بۆیە لە هیلوان بەرخۆدانێکی مەزن و مێژووی لەسەر بنەمای ئەو شەهید بوونە پێشدەکەوێت. دیسان لە زیندانەکاندا شەهیدبوونی هاوڕێ مەزڵوم، کەمال، خەیری و فەهاد پێکدێن؛ لەسەر بناغەی یادکردنەوەی ئەو هەڤاڵانە بڕیارداری قۆناغی 15ی ئاب زۆر باشتر مسۆگەر دەبێت. دوای شەهیدبوونی هاوڕێ عەگید؛ بۆ یادکردنەوەی هەڤاڵ عەگید ئارەگەکە (سوپای ڕزگاری گەلی کوردستان) دامەزرا.
$ڕۆحی فیدایی لەناو پەکەکەدا بە گوڕ دەبێ$
لە بنەمادا لە ڕۆژی دەستپێکمانەوە هەتا ئەمڕۆمان هەموو کاتێک بەم شێوەیە پێشکەووتوە. دوژمنان هەموو کاتێک بۆ ئەوەی تەڤگەرمان قەڵس بکەن هێرشییان کردووە و خواستیان بووە شەهیدمان بکەن، بۆیە تەڤگەرمان هەر شەهید بوونێکی کردووە بە ئەڵقەیەکی بەهێز بۆخۆی و لەسەر ئەم بنەمایە دەرکەوتنی نوێی کردووە بە بنەمانی خۆی. ئەمە لە سەرەتادا وابووە و هەروایش دەمێنێتەوە. لە ئێستاشدا چ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، چ لە باکووری کوردستان لە چیاکاندا و دیسان لە شەڕی تونێلەکاندا بە هەمان ڕۆحێتەوە تێکۆشان بەڕێوەدەچێت. لەناو پەکەکەدا ڕۆحی فیدایی بەم شێوەیە بەهێزبوو. یانی لە پەکەکەدا شەهید بوون بەم شێوەیە. بۆ ئەمەش دەڵێین، شەهیدانمان ڕابردوو، ئێستا و داهاتوومانن و وەک سەرچاوەی هێزمان دەیانبینین. لەبەر ئەمە، هەنگاونان لە هێڵی شەهیداندا بۆ هەر هاوڕێیەک و لە هەمانکاتدا بۆ هەر وڵاتپارێزێک ئامانجێکی سەرەکییە. سەرچاوەی هێزی تەڤگەرمانە. پێویستە بەم شێوەیە نزیکی حەقیقەتی شەهیدان ببینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە بوونی شەهیدان بەردەوامی پێدەری ئێمەن. پارتمان پارتی شەهیدانە. شەهیدانمان لە پارتی پەکەکەماندا حەقیقەتێکی زیندوون و هەموو کاتێک پێشەنگانی نەمرمانن. لەسەر ئەم بنەمایە جارێکیتر دەیڵێمەوە 'شەهید نامرن'.
دۆزی کۆبانێ ئەنجامدرا و لەناو ڕای گشتییدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ. دادەوەری تورک بە سەدان سزای بۆ سیاسەتمەدارانی پێشووی هەدەپە بڕیەوە. لەسەر ئەم بابەتە دەتانەوێ چیبڵێن؟
وەک ڕوونە، ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە-ئەردۆغان بۆ ئەوەی قڕکردن لە کوردستاندا ئەنجام بدات وەک هاوپەیمانێک لە دژی کوردان هاتنە ئاراوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەم ڕژێمە فاشیست-قڕکەرە دامەزرا بۆ ئەوەی تەڤگەرمان تەسفیە بکات و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەباربەرێ. لەبەر ئەمەیە سیستەمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەیە. دیسانەوە شەڕێکی بەرفراوان لە دژی گەریلا بەم ئامانجەوە ڕێکدەخرێت. لە ساڵی 2016دا ڕەوتی بەرەو سیاسەتی کوردی یاسایی-دیموکراتیک و شەپۆلی دەستگیرکردنیان لەسەر ئەم بنەمایە پێکهات. لەسەر ئەم بنەمایە هاوسەرۆکانی هەدەپە، پەڕڵەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانی، چەندین بەرپرسی هەدەپە و سۆسیالیستانی تورکیا کە پشتگرییان لە دۆزی ئازادی کوردان دەکرد کرانە ئامانج؛ هەموویان خرانە زیندانەوە. بەم شێوەیە ویستییان گەلەکەمان بێدەنگ بکەن. ئەم دەستگیرکردنە لە بنەمادا بۆ ئەوە ئەنجامدراوە. گەر سەرنج بدەن ئەم چەند ساڵە هیچ ئیدیعانامەیەکی تۆمەتبارکردن ئامادەنەکراوە و بە شتێک تۆمەتبارنەکران، لە پێشدا دەستگیرکران، دواتر تاوانبارکردنیان بۆ دادەتاشن. لەسەر ئەم بنەمایە دۆزی کۆبانێ وەک تاوانبارکردنی ئەوان دەبینین. دیاریکراوە کە لەو ڕووداوەدا بە گشتی 37 کەس گیانیان لەدەستداوە. کاربەدەستانی هەدەپە بە هۆکاری کوشتنی ئەوانە تۆمەتبارکران. بۆ ئەمەش پلانیان داڕشت کە 38 سزای قوورسی هەمیشەیی بۆ هەر یەک لەوانە ببڕنەوە.
$نەیانتوانی ئەو سزایانەی پلانی بۆ داڕێژرا بوو بیسەپێنن$
ئەگەر ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن بگەیشتانە ئارمانجی خۆیان، واتە ئەگەر توانای لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانیان هەبوایە؛ ئەگەر توانای ئەوەیان هەبوایە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی لە زیندانەکاندا و بەرخۆدانی گەریلا و هەڵوێست و چالاکییەکانی گەلەکەمان لەناوببەن، سزایەکی قوورستریان بە زیندانیانی هەدەپە دەدا. بەڵام چی ڕوویدا؟ ئەوان نەیانتوانی شکست بە تەڤگەری ئازادیمان بهێنن؛ هێرشی زۆر گەورە دەستی پێ کرد. لە بەرانبەر هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانی گەریلا کە بە ڕۆحێکی فیداییانەوە پێشکەوت، هەڵوێستی وڵاتپارێزی گەلەکەمان و ئەوەی نەیانتوانی بزووتنەوەی دیموکراتیکی یاسایی کورد و بزووتنەوەی دیموکراتیکی چەپ لە تورکیا لاواز بکەن و بەر لە هەوڵەکانی پلانی تەسفیەکردن گیرا. بەو هۆکارانەوە دەسەڵات نەگەیشتە ئامانجی خۆی و ئیتر نەیانتوانی ئەو سزایانەی پلانی بۆ دانا بوو جێبە جێ بکات.
ئەڵبەت بەرگرییەکان کاریگەر بوون، بەڵام دۆخێکی گونجاو نەبوو ئەو سزایە بدرێت. بۆیە ڕژیم نەیدەویست بەبێ سزا لە دادگا بێنە دەرەوە، ئەمەش بە مانای داننان بە شکستەکانیان دێت. هەر بەو بۆنەوە سزای بێ بنەمایان بۆ بەرپرسانی هەدەپە دەرکرد کە هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە. بۆ نموونە ئەم کەسانە سەرەتا بە چی تۆمەتبار کران؟ وتیان: ئێوە کەستان کوشتووە. بەڵام لەسەر ئەو کەسانە کە کوژرا بوون سزا نەدران. بە ڕاکێشانی تۆمەت لێرە و لەوێ و بە وتنی 'ئێوە ئەندامی ڕێکخستنن' و هتد، ئەم بڕیارەیان بە سەر بەرپرسانی هەدەپە دا سەپاند.
$ئەردۆغان دەبوو سزا بدرایە$
ئەگەر یاسایەکی بێلایەن هەبوایە، نەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و نەک بەرپرسانی دیکەی هەدەپە لەسەر ناڕەزایەتییەکانی 6-8ی تەشرینی یەکەم بۆ کۆبانێ سزا دەدران، بەڵکوو ئەوەی سزا دەدرا ئەردۆغان بوو، چونکە ئەردۆغان لە سەردانی بۆ عەنتاب وتی کۆبانێ کەوتووە و دەڕوخێت. ئەم قسانە تووڕەیی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان. کۆمەڵگە لە دژی هێرشەکانی داعش ویستی پشتیووانی گەلی کۆبانێ بکات. لەبەر ئەم هۆکارەش داوایان لە تورکیا دەکرد سیاسەتی گەمارۆدانی کۆبانێ ڕابگرێت. بەکوورتی کۆمەڵگە لە دژی داعش و پشتیووانی لە بەرخۆدانی کۆبانێ هاتنە سەر شەقامەکان و چالاکیان ئەنجامدا. بەڵام ئەردۆغان دەستووری بە پۆلیس کرد تەقە بکەن و بکوژن. بە واتایەکی تر هەم تاوانبار و هەم تۆمەتبار خودی تەیب ئەردۆغانە. هەم ئەجێندای درووستکرد و هەم کاتی گەل هاتنە سەر شەقامەکان دەستووری تەقەکردنی دەرکرد. کەواتە بەرپرسانی هەدەپە نە بەشدارییان لە پێکدادانەکاندا کرد و نە دەستووری پێکدادانیان دا، ئەوەی لە هەر دوو لاوە تاوانبار و تۆمەتبارە خودی ئەردۆغانە.
$ئەو بەشەی پەیوەندی بە حزبوڵاوە هەیە ناڕوونە$
بابەتێکی تر دەرکەوتنی حزبوڵایە لەو کاتەدا. بۆچی و چۆن لەو کاتە دەرکەوتن؟ ئایا کەسێک زیانی پێ گەیاندبوون؟ ئەو کەسانە کێن کە هانی حزبوڵایان دەدا بۆ ئەوەی هێرشی گەل بکەن؟ کێ فەرمانی کردبوو بە چەکەوە بێنە ناو شەقامەکان؟ ئەمانەش بابەتی لێکۆڵینەوەن. چونکە ئەوەندەی ئێمە بزانین کەس مەبەستی بە ئامانج کردنی حیزبوڵای نەبووە. گەل بە گشتی دەیانویست پشتگیری کۆبانێ بکەن. ئەمە ئامانجی گەل بوو، بەڵام کێ هانی دا و ئەو ڕووداوانە بۆچی ڕوویاندا؟ ئەم بەشەیە هێشتا ناڕوونە.
$ئەردۆغان بە ئاشکرا درۆ دەکات$
هەروەها لە هەندێک شوێن بەکرێگیراوان دەچوونە شەقامەکان و تەقەیان لە گەل دەکرد. کەسانێکیان شەهید کرد. لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە شەهیدکراون کەم نییە. کاتێک پۆلیس گەلەکەمانی کۆمەڵکوژ کرد، گەلی وڵاتپارێز بە تووڕەیی و ڕقێکی زیاترەوە ڕژانە شەقامەکان. گەلەکەمان بەم شێوەیە شەهید کران. بە ڕێز و حورمەتەوە هەموو ئەو کەسانەی کە لەو بەرخۆدانەدا شەهید کران بەبیر دەهێنمەوە. بەڵام ڕژێمی ئاکەپە و خودی ئەردۆغان بەرپرسیاری سەرەکی هەموو ئەم ڕووداوانەن. ئەوان خۆیان تاوانیان ئەنجامداوە، بەڵام دەیانەوێت بە دۆسیەی کۆمباسی کۆبانێ ئەندامانی هەدەپە تاوانبار بکەن. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تەیب ئەردۆغان وتی: ئەوان لە دژی دەوڵەت ڕاپەڕین، ئەوان تاوانبارن. بە ئاشکرا درۆ دەکات، شتێکی وا بوونی نەبوو.
$لایەنی کوردی گرژییەکانی کەمکردەوە$
کەواتە کێ گرژییەکانی کەمکردەوە؟ بە هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ گرژییەکان کەم بووەوە. دیسان بزووتنەوەکەمان و ئەندامانی هەدەپە بەو ئاڕاستەیە هەوڵەکانیان بەکار هێنا. چونکە لەو کاتەدا لە لایەک بەرخۆدانی کۆبانێ هەبوو و لە لایەکی دیکەش پڕۆسەی دانووستان بەردەوام بوو. بەم شێوەیە لایەنی کوردی گرژییە پەرەسەندووەکانی کەمکردەوە. تەیب ئەردۆغان خۆی ئەمە دەزانێت، بەڵام ئێستا ڕاستییەکان پێچەوانە دەکاتەوە و بە ئاشکرا درۆ دەکات و دەڵێت لەبەر ئەوە ڕوویداوە، چونکە ئەوان دژی دەوڵەت ڕاپەڕین. بەڵام لە ڕاستیدا خۆی باش دەزانێت کە وا نییە.
$ئەوەی کە تاوانی ئەنجامداوە خودی ڕژێمە$
لە بنەڕەتدا پلانیان بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان و هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد دانابوو، هەروەها سزای قوورسیان بەسەر بەرپرسانی هەدەپەدا سەپاند بۆ ئەوەی گەل بترسێنن و چیتر کەس باسی کورد و کوردستان نەکات و لەپێناو دیموکراسی و ئازادییدا تێکۆشان نەکات. هەمووان دەزانن کە دوایین بڕیارەکانیان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەم بڕیارانە بە هیچ شێوەیەک دادپەروەری بەکار نەهاتووە. لە ڕاستیدا دەسەڵات بەم شێوەیە خۆی نیشان دا. خۆڕاگری گەلەکەمان و نەدۆڕانی تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان پلانەکانی ڕژێمی فاشیستی پووچەڵ کردەوە. ئەوە ئەندامانی هەدەپە و گەلی کورد نین کە تاوانەکانیان ئەنجامداوە، بەڵکوو ئەوە خودی ڕژێمی فاشیستە.
[1]