#ئەرسەلان موڕادی# ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# بەشداری پاڵەوانانی تیمەکەیانی لە پاڵەوانێتی کراوەی ڕووسیا لە شاری نۆڤۆ سبریسک بە پێشمەرگە سپۆرت ڕاگەیاند.
موڕادی تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی، پاش ئەوەی لە ڕێکەوتی #16-02-2024# لە وڵاتی ڕووسیاوە و بە شێوەیەکی فەرمی بەندە وەک ڕاهێنەر و یاریزانێکی پیشەگەرمان بانگێشتی ئەو پاڵەوانێتییە کران کە لە وڵاتی ڕووسیا و لە شاری نۆڤۆ سبریسک بەڕێوە دەچێت و یەکێکە لە پاڵەوانێتییە بەهێزە جیهانییەکان ئێمە لە تیمی کاراتێی یانەکە بەهۆی ئاست بەرزی کوڕە پاڵەوانەکەمان کە بەشداری لە چەندین کێبڕکێی بەهێزی کراوە لە وڵاتانی فەڕەنسا، تورکیا و قەتەڕ و ئێران و ئازەرباینجان و چەندین وڵاتی دیکە کردووە (#شڤان عوسمان#) مان دەستنیشان کرد وە پاش ئەوەی بانگێشت نامەکەمان پێگەیشت کە تێچووی تەواوی لەسەر وڵاتی ڕووسیا دەبێت بە گرنگمان زانی وتووێژ لەگەڵ بەڕێزان حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد#ی جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە و م. #شێرزاد محەمەد حەسەن#ی سکرتێر ئەنجام بدەین کە تیمە پاڵەوانەکەمان دیاری کراوە بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی جیهانی کراوە.
ئەرسەلان وتیشی بە سوپاسەوە وەک هەمیشە جێگری سەرۆکی یانە و سکرتێر تەواوی پاڵپشتیان بۆ دووپات کردینەوە و خۆش حاڵی خۆیان نیشان دا کە تیمەکەمان لەو جۆرە ڕکابەریانەدا بەشداری دەکەن.
موڕادی زانیاری زیاتری لەسەر شێوازی بەشداری کردنیان بە پێشمەرگە سپۆرت داو وتی، بەهۆی بەهێزی پاڵەوانێتییەکە بە گرنگمان زانی هەردوو یاریزان (ڕێباز حەکیم و بڕیار یوسف) لە تیمەکان زیاد بکەین کە خۆشبەختانە ڕەزامەندیمان بۆ وەرگرتن و ئەوانیش وەک دوو یاریزانی یانەی پێشمەرگە بەشداری دەکەن.
هەروەک ناوبراو وتی، لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ڕووسیاوە بانگێشت نامەی فەرمیمان بەدەست گەیشت و وە لە ڕێکەوتی #24-02-2024# چاوپێکەوتنمان لە شاری #هەولێر# و لەنێو قونسوڵخانەی ڕووسیا ئەنجام دا و توانیمان ڤێزای تیمەکە وەربگرین تا بەشداری لەو پاڵەوانێتییە بکەین کە لە ڕێکەوتی 04-04-2024 بۆ #07-04-2024# بەڕێوە دەچێت .
سەبارەت بە ئامادەکاری تیمەکەیان ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە وتی پاش ئەوەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو پێمان ڕاگەیەنرا بۆ بەشداریمان لەو پاڵەوانێتییە ئێمە کەمپی بەردەواممان هەیە و مەشقەکانمان بە شێوەیەکی چڕ ئەنجام دەدەین و لە ئێستاشدا 2024 لە کەمپی دووەمداین و نۆ ڕۆژ پێش گەشتەکەمان بۆ وڵاتی ڕووسیا کەمپی سێیەم و کۆتایی ئەنجام دەدەین.
تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە بەشداری لە چەندان پاڵەوانێتی دەرەکی کردووە ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ یەکێتی کاراتێی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.
ئەرسەلان موڕادی خۆی بە خۆشحاڵ زانی کە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزانەیان لە بەشی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیهان داوەت نامەی فەرمی چەندین پاڵەوانێتی دەرەکی یان پێدەکات و ئەوەی بە گرنگ زانی بۆ بەرەوپێشچوونی یاری کاراتێ و یاریزانانی ئەو یاریە لەنێو یانەکەیان و تەواوی کوردستان و ئێراق دا چونکە جگەلە سوود گەیاندن بە پێکهاتەی تیمەکەیان لەسەر داواکاری خۆی (مەبەست فایەق) ی یاریزانی بە توانای هەڵبژاردەی کاراتێی ئێراق و یەکێک لە ڕاهێنەرانی هۆڵی کاراتێی گۆیژە یان بۆ ئەو پاڵەوانێتییە لە وڵاتی ڕووسیا تۆمار کردووە و هاوشاندی تیمەکەی یانەی پێشمەرگە بەشدار دەبێت.
ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە وتیشی، سوپاسی زۆرمان هەیە بۆ بەڕێز جێگری سەرۆکی یانەکەمان و دەستەی کارگێڕی کە هەردوو یاریزان، (ڕێباز حەکیم و بڕیار یوسف)
لەسەر ئەرکی یانە بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا دەکەن وە بەندە وەک ڕاهێنەر و شڤان عوسمان لەسەر ئەرکی وڵاتی ڕووسیا بەشدارین.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکانی موڕادی زانیاری زیاتری بە پێشمەرگە سپۆرت داو وتی، لە دووەم ڕۆژی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا یاریەکانی کێش ئەنجام دەدرێن و هەر چوار یاریزانی ئێمە بەم شێوەیە بەشداری دەکەن.
شڤان عوسمان_ لە کێشی + 84 کغم
مەبەست فایەق_ لە کێشی-84 کغم
ڕێباز حەکیم_ لە کێشی-60 کغم
بڕیار یوسف_ لە کێشی-67 کغم
وە لە ڕۆژی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەشدا شڤان عوسمان یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراق و کاپتنی ئەو هەڵبژاردەیە و بە هەمان شێوە کاپتنی تیمەکەی پێشمەرگە نوێنەرمان دەبێت و بەشداری پاڵەوانێتی کراوەی جیهانی دەکات کە لە هەر وڵاتێک یەک یاریزان بەشداری دەکات و یەکێک دەبێت لە پڕ ڕکابەریترینەکانی پاڵەوانێتی کراوەی وڵاتی ڕووسیا.
سەرۆکی یەکێتی کاراتێی ئێراق پاڵپشتی بۆ تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە دووپات کردەوە و پیرۆزبایی لێکردن بۆ بەشداریان لەو پاڵەوانێتییەدا.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا د. عادل عیدان سەرۆکی یەکێتی ناوەندی کاراتێی ئێراق بە ئەرسەلان موڕادی ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی ڕاگەیاند کە خۆشحاڵن تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە ڕکابەرییەکی وا بەهێزدا بەشداری دەکەن و هەموو پاڵپشتییەکی یەکێتییەکەیانی بۆ دووپات کردنەوە و هەروەک هیوای سەرکەوتنی بۆ شێرەکانی پێشمەرگە و هەڵبژاردەی ئێراق خواست.[1]