مامۆستا محەمەد ڕەبیعی کوڕی مەلا عەبدولحەکیم لە ساڵی1311 هەتاویدا لە ئاوایی دەرەئەسپ سەر بە ناوچەی #دیواندەرە# لە دایک بوو. لە پێنج ساڵیدا لە لای دایکی قورئانی خوێندنی دەست پێ کرد، دوای فەوتی دایکی لە لای باوک و مامۆی واتە مەلا محەمەد ڕەبیعی درێژەی بە خوێندن دا و فێری سەرف و نەحو بوو. دواتریش لە لای مامۆستایانی ئایینی ئێران و عێراقدا فێری زانستی ئایینی بوو.
لە تەمەنی 12 ساڵیدا حەزی لە نووسین دەکرد و هەر بۆیە بەسەرهات و ڕووداوەکانی ڕۆژی لە شێوەی چێرۆک لە چوارچێوەی نەزم و پەخشاندا دەهۆنیەوە. دواتر لە لای مامۆستا سەید علائەدین حوسێنی لە قشڵاقی سپی لە ناوچەی دێواندەر زیاتر ڕێزمانی عەرەبی خوێند و قورئانی لە لای ئەو مامۆستا بەڕێز خەتم کرد. هەر لەو تەمەنە لاوییەتیەدا بوو کە لە لای مامۆستاکەیەوە ڕەساڵەی ئیساعوجی لە زانست و مەنتقدا خوێند و وەریگێڕایە سەر فارسیش.
لەبەر ئەوە سەید عەلائەدین مامۆستا ڕەبیعی چووبووە دڵەوە و زۆری خۆش دەویست هەربۆیە پێشنیاری پێ کرد کە کچەکەی خۆی پێ بدا، بەم هۆیەوە باجی سوغرای کچی مامۆستا عەلائەدینیان لە مامۆستا ڕەبیعی مارەبڕی و بەمجۆرە بوون بە ژن و مێرد.
لەبەر ئەوە مامۆستا ڕەبیعی دەنگێکی زۆر خۆشی لە قورئان خوێندندا هەبوو، ساڵی 1345 لە نوێنەریی ئێرانەوە لە پێشبڕکێی قورئان خوێندن لە پاکستان بەشداری کرد و لە نێوان 22 دەنگ خۆشی قورئان خوێن جیهاندا دوای شێخ محەمەد خلیل ئەلفەخری لە میسرەوە، هاوبەش لەگەڵ مامۆستا عەبدولباست پلەی دووهەم بە دەست دێنێ.
دوای گەڕانەوە لەو پێشبڕکێیە بۆ ئێران و لەبەری توانایی و وێژەرییەکی زۆر بەرز لە زمانی کوردییدا، ڕۆیشتە تاران و لە ڕادیۆدا بەرنامەیەکی ئایینی بە زمانی کوردی بەڕیوە دەبرد، بێجگە لەمەش لە قوتابخانەی ئەردەبیلیەکان و مزگەوتی عمادالدولەدا دەستی بە وانەوتنەوەی قورئان کرد.
پێش شۆرشی گەلانی ئێران دژ بە حکومەتی پاشایەتی ئێران مامۆستا ڕەبیعی چەندین مرۆڤی ئایینی وەک کاک ئەحمەد موفتی زادە، دوکتور مریدی و دوکتور بەقا سیدالشوهیدایی لە نێو خەڵکی کوردی ناوچەکانی #کرماشان# و پارێزگای کوردستاندا بیروڕای ئیسلامیان بڵاو دەرکردەوە و لەگەڵ خەڵکی ئەو شارانە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار دەبوو. لە مەنبەری مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا نوتقی دەکرد و دروشمی کوردانەی دەوتەوە.
مامۆستا ڕەبیعی لە تەنیشت وێژەرییەوە لە ڕادیۆ کوردی کرماشاندا، خەتیب و ئیمام جەماعەتی مزگەوتی شافیعی لە شاری کرماشان بوو. لەبەر ئەوە بە زمانی کوردی و کوردانە قسەی بۆ خەڵک دەکرد و زۆر خەڵک لێی تێ دەگەیشتن خەڵکێکی یەکجار زۆر ڕۆژانی هەینی و بەتایبەتی ئەو کاتانەی ئەو وتاری دەخوێندەوە ڕوویان لەوێ دەکرد.
لەبەر ئەوە مامۆستا ڕەبیعی لە دەورانی کۆماری کوردستان لە #مەهاباد#دا ببووە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف، زۆر کوردانە و بۆ کورد تێدەکۆشا. بێجگە لە کردەوەی نەترسانەی پێنووسێکی تیژیشی هەبوو. هەڵبەستی بە کوردی، فارسی و عەرەبی هۆنیوەتەوە و چەندین کتێب و ڕۆمانی لە دوای خۆی بە جێ هێشتووە کە بە کورتی دەتوانین ناوی چەند دانەیان بەرین.
ئاوێنەی ئیسلام
باقیات و ساڵحات 6 بەرگ
رۆمانێک بە ناوی عالیجناب گوریل
مالیکیەت لە ئیسلامدا
خۆشەویستی کۆتایی پێ نەهاتوو
هەروەها سەد کاسێتی
هۆنراەکانی مامۆستا ڕەبیعی لە پێوەیندی لەگەڵ خواناسیدا، مەدح و ستایش، خۆشەویستی، عیرفان و بێجگە لە خواناسیش هەڵبەستی سیاسی و بە کوردی، فارسی و عەرەبی هۆنیوەتەوە. دیوانی هەڵبەستەکانی بە ناوی چوار وەرز و یەکێکیش بە ناوی اردیبهشت کۆکراونەتەوە کە هێشتا لە چاپ نەدراون. کۆی هەڵبەستەکانی چوار وەرز خۆی لە 4000 بەیت دەدا.
مامۆستا ڕەبیعی لە تەمەنیدا سێ جار ژنی هێناوە، بەرهەمی ئەم ژنهێنانەش لە باجی سوغرا دوو کوڕ و کچێکیش لە باجی مفاخیر، بەڵام لە باجی ئێران هیچ منداڵی نەبووە.
مامۆستا ڕەبیعی لەبەر بۆچوونی سیاسی و بوێرانە و نەترسانەی لە لایەن کۆماری ئیسلام ئێرانەوە لەوە زیاتر قەبووڵ نەدەکرا، هەر بۆیە لە سنی 63 ساڵی دا لە ڕۆژی 13ی مانگی 9 ساڵی 1375 دا کوشتیان. دوای ماوەیەک بێ سەروشوێن بوون لاشەکەیان لە نزیک ماڵ خۆیان لە فەرهەنگیان فازی 2 دۆزیەوە. خەڵکی کرماشان و شارەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگارییە بە بۆنەی مردنیەوە خۆپیشاندانیان ڕێخست و لە ئاکامدا 13 کەسیش لە شاری #جوانڕۆ# کوژران بەڵام لە کۆتاییدا بێ دەنگی لەو کوشتنەش کرا. هاوسەرەکەی لە بەرنامەیکەی تیشک تی ڤی دا باسی بەسەرهاتی ون بوون و کوشتنەکەی باس کرد.
دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە سەرەتای دامەزرانی کۆڤاری سروەوە مامۆستا ڕەبیعی لە نووسەران و دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە بووە و بە وتار و زانیاری خۆی ئەو گۆڤارەی دەوڵەمەند دەکرد.
ئەمەش نموونەی هەڵبەستە فارسییەکانی:
بلبلا همقفس زاغ سیاهی چە عجب
کە در این باغ کسی گلبن بیخار ندید
گر زنادانی و نااهلی او در عجبی
غیر خوناب، طبیب از دل بیمار ندید -
هر جا کە دلی هست دل آزاری هست
هرجا کە گلی هست در آن خاری هست
گویند بە هرجای کە باشد گنجی
افسوس کە اندر کنفش ماری هست