گوندی ژنوار
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
ژنوار(JINWAR): گوندێکە دەکەویتە ڕۆژئاوای شارۆچکەی دربێسی ڕۆژئاوای کوردستان، کە تەنها منداڵ و ژنان تیادا نیشتەجێن، لە #25-11-2016# لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا بڕیاری بونیادنانی گوندی ژنوار دەرکرا، دواتر لە #10-03-2017# دەست بە دروستکردنی کرا، لە #25-11-2017# و لە یادی ڕۆژی جیهانی ڕوبەرووبونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا بە فەرمی گوندەکە کرایەوە. لە دوای سەپاندنی هەژموونی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتدارێتی باوکسالاری بەسەر ژندا، ئەمڕۆ لە سەر خاکی ڕۆژئاوا هێز و توانای ژن بە پراکتیزە- کردار کراوە.
گوندەکە 30 خانووی تیادایە کە لە قور و خشت دروستکراوە،
وشکبوونەوەی ئەو قوڕانەی کە خانووەکانی پێ دروستکراوە یەکێک بووە لە زەحمەتترین کارەکان، زۆر جار ژنان لە گەرمای 45 پلەی سەدی کاریان کردووە و ئەو گەرمایەش هیچ لە جۆشی کارکردنی کەم نەکردنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی کارێکی هەرەوەزی بوو و لەپێناوی ئامانجێکی هاوبەشدا بوو، زۆر بە خۆشحاڵی و بەگەرم وگوڕیەکی پڕ لەورە و ئازایەتییەوە کارەکەیان تەواو کردووە.
یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان پەیداکردنی پوش بووە، لەو کاتەدا بۆ ئەوەی لەگەل قوڕەکە تێکەڵی بکەن و بیکەن بە خشت، ئەمەش گەڕان و ماندووبونێکی ویستووە.
بیرۆکەی هەڵبژاردنی قوڕ و دروستکردنی خشتی قوڕ بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە نەرییتی گوندی کۆنی سەدان ساڵە لەوە و پێشی کوردستان زیندووبکەنەوە. شێوازی ئەو خانووانە لە زستاندا گەرمە و لە هاویندا فێنک. سەرچاوەی ئەم بیرۆکەیە بۆ ژن دەگەڕێتەوە کە لە ئەزموونەوە ئەو زانایی و فێربونەی بەدەستهێناوە.
ئەکادیمییای ژنوار قوتابخانەیەک و فڕنی (ئەشنان) وشوێنی بازرگانی (خوشکان)و بنکەی تەندروستی (شیفا) و شوێنێکی تایبەت بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە خۆی دەگرێت. ئەو ژنانەی کە دانیشتووی گوندەکەن لەم شوێنانەدا کاردەکەن و خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵکی گوندی ژنوار و گوندەکانی نزیک لە ژنوار دەبەخشن.
بیرۆکەی دروستبوونی گوندی ژنوار هاوشێوەی گوندی (ئۆمۆجا)ی ژنان لە وڵاتی کینیایە، کە ژنان بتوانن خۆبەڕێوبەری خۆیان بکەن.
ئەو ژنانەی کە لەم گوندەدا نیشتەجێکراون، ژنانی قوربانی دەستی بارودۆخی نالەبار و کلتووری دواکەوتووی کۆمەڵگان.
(ئەڤین سوێد) کە لەو کاتەدا گوتەبێژی کۆنگرەی ستار بوو لە باکووری سووریا (گەورەترین ڕێکخراوی ژنانه) دەڵێت: (بەهەڵە باس لە گوندی ژن دەکرێت، ئێمە وەک بزووتنەوە فێمێنیستەکان نین، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە گوندەکە ڕاستینەی مێژووی ژن دەربخات و ببێتە پشتیوانی هەموو ئه و ژنانەی کە ماف و ڕەنجیان دەخورێت).
ئەو ژنانەی کە دەچنە ئەو گوندە چەند جۆرێکن کە هەموویان بە ڕەزامەندی و لەسەر داوای خۆیان دەچنە ئەوێ. هەندێک لەو ژنانە ئەوانەن کە هاوسەرەکانیان لەدەستداوە، هەندێکی دیکەشیان ئەوانەن کە توندوتیژییان لەبەرامبەر دەکرێت. جۆری سێیەم ئەوانەن کە دەیانەوێت لە جێگەیەکی ئارام و ئاسایشدا بژین، جۆرێکیش لەو ژنانە ئەوانن کە دەیانەوێت بۆ لێکۆڵینەوە ماوەیەک لەوێ بمێنینەوە.
ڕۆشتنە ناو گوندەکە و چوونە دەرەوە لێی، بەپێی هاوپەیمانیەکە کە لەلایەن ئەنجومەنی گوندەکەوە نوسراو و قبوڵکراوە.
وشەی ژنوار بەواتای (شوێنی ژن) یان (واری ژن)دێت. ژنانی ژنوار ئەم کۆمەڵگایان بونیادنا بۆ ئەوەی ببێت بە شوێنێکی شایستە کە ژنان تیادا سەرپشکبن لە دابین کردنی بژێوەی خۆیان و بە ئازادی تیادا بژین، ئەمەش لە دوای ئەوەی چەندەها سەدەیە لە وڵاتی سوریا ژنان ڕووبەڕوی توند و تیژی بوونەتەوە.
#عەبدوڵڵا ئۆجەلان# لە کتێبەکانی خۆیدا دەستنیشانی ئەوە دەکات کە ژن یەکەمین چینە کە لە سەردەمی سۆمەرییەکان کەوتۆتە ژێر چەپۆکی داگیرکەران و هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت.
فەلسەفەی ژنوار واتا دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ ژن بۆ ئەوەی لە سەر پێکانی خۆی بوەستێت، بەوە دەتوانیت خۆی دەرباز بکات لەو کۆت وبەندانەی کە وابەستەیە بە کۆمەڵگای باوکسالارییەوە، بەو پێیەش زەمینەی ئەوە دەڕەخسێت کە ئازادی لە ناو کۆمەڵگادا بهێننە ئاراوە.
ئەو هەلانەی کە بۆ ژنان و منداڵان لە گوندی ژنوار دابین کراون، چەند پرۆگرامێکی فێرکاری وەک دروومان و خوێندن و نووسین، هەروەها وانەی فێرکردن بۆ مۆڵەتی شۆفێری.
ژنان و منداڵان لە گوندی ژنوار سوود و چێژ دەبینن لەو هەلانەی کە بۆیان دابین کراوە چونکە پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ گوندی ژنوار، لێی بێبەش بوون.
ئەو کەسانەی کە لە گوندەکە دەژین بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە کشتوکاڵ دابین دەکەن هەر لە بەرهەم هێنانی سەوزە و میوە هەتا پێداویستیەکانی ناو ماڵ و جل و بەرگیش هەر لە ناو گوند دروست دەکرێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی 192ی گۆڤاری تروسکە و ژمارەی 8121 و پاشکۆی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە.
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!