کارۆلین والتەر؛ ئەفسانەی خۆشەویستییەکی بێ کۆتایی
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
چیرۆکی کارۆلین والتەر؛ چیڕۆکێکە لە چیڕۆکەکانی خۆشەویستی کە بۆتە جێگای سەرسورمان لای زۆرینە، چیڕۆکێکی گوماناوییە و زیاتر لە خەیاڵێک هەڵدەگرێت، هیچ کات ئەوە جێگای سەرسورمان نییە کاتێک کەسێک هەموو ڕۆژێک چەپکێک گوڵ بخاتە سەر گۆڕی خۆشەویستەکەی، بەڵام ئەوەی لەم چیڕۆکەدا بۆتە جێگای سەرسوڕمان ئەوەیە، کە زیاتر لە 140 ساڵە هەموو بەیانیەک زوو خەڵکی چەپکێک گوڵ لەسەر گۆڕی کارۆلین دەبینن!
بەبێ ئەوەی بزانرێت کێ ئەم کارە دەکات.
لەو ماوەیەدا و هەتاوەکو ئێستاکە زیاتر لە 50 هەزار چەپکە گوڵ لە سەر گۆڕەکەی دانراوە.
ئایا نهێنی ئەم خۆشەویستی و وەفا بێکۆتاییە چییە؟
کارۆلین والتەر کێ بوو؟
کارۆلین لەتەمەنی شازدە ساڵیدا و لەدوای مردنی دایک و باوکی دەڕواتە شاری فرایبۆرگی ئەڵمانی و لەگەڵ خوشکە گەورەکەیدا بەناوی سیلما پێکەوە دەژیان.
کچێکی زۆر جوان و ڕۆشنبیر دەبێت، خەڵکی زۆر خۆشیان دەویست، هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ کتێب خوێندنەوە هەبووە.
لە سەدەی نۆزدە و لەدەستپێکی ساڵی (1867)دا، ساڵێکی غەمگین دەبێت بۆ کارۆلین و ئەو کەسانەشی کە خۆشیان دەویست، کارۆلین دەکەوێتە ناو چیڕۆکێکی خۆشەویستی گوماناوییەوە، هەر لەو ساڵەدا توشی نەخۆشی سیل دەبێت، کارۆلین نەیتوانی بەرگەی نەخۆشیەکەی بگرێت و لەتەمەنی (17) ساڵیدا و هەر زوو ڕاپێچی مەرگ بوویەوە و کۆچی دوایی کرد.
لەدوای مردنی سیلمای خوشکی (کە زۆر خۆشی دەویست) ویستی یادی کارۆلین بە زیندووی لەدڵ و هزری ئەو کەسانەدا بمێنێتەوە کە خۆشیان دەویست و بیکات بە هێمایەکی مەزن بۆ ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی نەخۆشی، هەر بۆیە داوا لە هونەرمەندێکی پەیکەرتاشی ئەڵمانی دەکات کە کۆتا وێنەی سەر مەرگی کارۆلین بکێشێت و لە شێوەی پەیکەرێکدا دروستی بکات و دواتر لەسەر گۆڕەکەی دایبنێت.
هونەرمەندەکە داواکەی سیلما پەسەند دەکات، وێنەیەکی زۆر جوانی کارۆلینی لەسەرە مەرگدا دەکێشێت کە کتێبێکی بەدەستەوە دەبێت و دەیخوێندەوە و تاوەکو ڕۆحی لە جەستەدا نامێنێت و چاوەکانی لێک دەنێت.
لێرەدا ئەو نهێنییە دەست پێدەکات کە بۆتە جێگای سەرسوڕمانی زۆرینە، لەو ڕۆژەوەی کە کارۆلین کۆچی دوایی کردووە و هەتاوەکو ئێستاش هەموو ڕۆژێک چەپکێ گوڵ دەخرێتە سەر گۆڕەکەی، وەک دەربڕینی خۆشەویستی بۆی..
خۆ ئەو کەسەی کە خۆشی ویستووە ئێستا لە ژیاندا نەماوە!
ئایا ئەمە وەسیەتی خۆشەویستەکەی بووە، کە ویستوویەتی لەدوای مردنیشیان ئەو خۆشەویستیە هەر بەزیندوویی بمێنێتەوە و وەک کلتورێکی لێبێت و ڕەنگدانەوەی لەناو کۆمەڵگادا هەبێت و پێناسە بێت بۆ خۆشەویستییەکی بێکۆتایی؟!
وە یان وەسیەتی سیلمای خوشکی بووە؟!
لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە گوڵەکان لەنێو بەفری زستاندا و گەڵای سەوزی بەهار و خەزانی پاییز و تینی گەرمی خۆری هاویندا لەنێوان باڵیدا بەگەشاوەیی دەمێنێتەوە..
کارۆلین بوو بەو ئەفسانەیەیی کە چیڕۆکەکەی بەزیندویی بمێنێتەوە و هەرگیز گۆڕەکەی لە گوڵ بێبەش نەبێت.[1]