ناونیشانی بابەت: گرووپێکی شانۆیی کوردی لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی مۆنۆدرامادا 2023، لە وڵاتی ئیمارات بەشداری دەکات
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
بە بەشداریی 30 وڵات گرووپێکی شانۆی کوردی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و بە نمایشی مۆنۆدرامایەک لەو فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەی مۆنۆدرامادا لە وڵاتی ئیمارات بەشداری دەکات.
لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 18ی 2ی 2023، #نەژاد نەجم#، دەرهێنەری کورد، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: گرووپی شانۆیی هەوار، بە نمایشی مۆنۆدرامای ''وەک قەقنەس دەسووتێم''، لە نووسینی #گەزیزە عومەر#، سینوگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجم و نواندنی #هەوار فارس#، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فوجێرەدا لە وڵاتی ئیمارات بەشداری دەکات.
وتیشی: لە فیستیڤاڵەکەدا 30 وڵات بەشدارە و 500 میوان ئامادە دەبن و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئێمەش لە فیستیڤاڵەدا نوێنەرایەتیی کوردستانی ئێراق دەکەین و ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو نمایشەکەمان دەکەین.
ڕایشیگەیاند: ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی دنیا کە دوو ساڵ جارێ ساز دەکرێت و حکوومەتی ئیمارات گرنگیی زۆر پێ دەدا و دوێنی ڕێوڕەسمی فیستیڤاڵەکە دەستی پێ کرد.
گرووپی شانۆیی هەوار لە شاری کەرکووک دامەزراوە و گرووپێکی چالاکە و لە بەشێک لە نمایشەکانی شانۆ و مۆنۆدرامادا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئێراق و دەرەوەدا بەشداریی کردووە.[1]